خوای مەزن و دلۆڤان لە کتێبی پیرۆزیدا دەفەرموێت ( وَهُوَ الَّذِي خَلَقَ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ كُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ ...) الأنبیاء 33. واتە: ھەر خۆی شەو و ڕۆژ و خۆر و ھەیڤی دروست کرد و هەمووشیان لە شوێن و خولگەی خۆیاندا مەلە دەکەن. ئەم ئایەتە پیرۆزە دەمانخزێنێتە نێو راستییەکی زۆر گرنگەوە کە پەیوەندی بە سیستەمی جووڵەوە هەیە لە گەردوون کە ئێستا زانستی نوێ لە تاوتوێکردنی ئەم بابەتەدایە و زۆر تیشکی خراوەتە سەر دوای ئەوەی کە دڵنیا بووین لەوەی ئێمەی مرۆڤ لە گەردوونێکی زۆر فراواندا دەژین و جووڵە تیایدا بریتییە لە خولانەوەی هەموو شتێک لە چواردەورەی چەقێکەوە. ئەوەتا زەوی بە رێچکەیەکی تایبەت بەخۆی ساڵێ جارێک بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە و لە هەر مانگێکی عەرەبیدا جارێک هەیڤ(مانگ) بە چوار دەوری زەویدا دەخولێتەوە، هەروەها هەسارەکانی تریش بە چواردەوری خۆردا دەخولێنەوە زۆربەی ئەو هەسارانەش هەیڤی تایبەت بەخۆیان هەیە، زانایان تا ئێستا زیاتر لە (60) هەیڤییان لە چواردەوری ئەو هەسارانە دۆزیوەتەوە هەروەها کۆمەڵە هەسارەکانی چواردەوری خۆر و بە خۆریشەوە لەچواردەوری چەقێکدا دەخولێنەوە کە (رێگای راکێشانی) پێ دەگوترێت کە لە سەد و سی بلیۆن ئەستێرە لەخۆ دەگرێت و ئەویش لەگەڵ چەند هاوشێوەیەکی خۆی بەچواردەوری چەقێک خول دەخواتەوە کە تەنها خوا بۆ خۆی دەزانێ چەقەکەی لەکوێیە... لێرەدا ئەم بیرکردنەوە زانستییە سەرنج بۆ ئەو خولانەوەیە رادەکێشین کە هەموو گەردوون پەیڕەوی دەکات وەکوو یاسا و سونەتێکی پیرۆز کە خۆی بەسەر هەموو شتە دروست کراوەکاندا دەسەپێنێت. ئەگەر ڕوو بکەینە بوونەوەرە زۆر بچووکەکان کە تائێستا کەس بەچاوی ئاسایی نەیبینیبن، لەوێشەوە تێبینی ئەوە دەکەین ناوکێک کە تیرەکەی 1/1000000ی ملیمەترێکە ئەلیکترۆنێک یان زیاتر بەدەوریدا دەخولێتەوە. لێرەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە گەردیلەی هەموو ماددەیەکی ڕەق و شل و گازی دیاردەی (خولانەوەی بەدەوری چەقێک) تیایدا پەیڕەو دەبێت. ئەو ماددانەش هەموو ئەو گەردیلانە دەگرێتەوە کە دروستکەری جەستە و خواردن و خواردنەوەمانە تەنانەت ئەو هەوایەی هەڵی دەمژین و هەموو بوونەوەرێکی زیندوو لە گیانلەبەر و ڕووەکیشدا. گرنگترین خاڵ کە خولانەوەی هەموو ئەوانەی باسمان کرد تیایدا هاوبەشن ئەوەیە کە بەپێچەوانەی میلی کاتژمێر دەخولێنەوە. خولانەوەی هەموو ئەوانەش بەدەوری چەقێکدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێزێکی راکێشان لە ماددەی چەقەکەدا هەیە و وا دەکات ئەوانە بە دەوریدا دەخولێنەوە. لێرەدا خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە کە سەرنجمان رادەکێشێت، ئەویش خولانەوە و تەوافکردنی حاجیانی ماڵی خوایە بە چواردەوری کەعبەی پیرۆز کە خوای گەورە کردوویەتە یەکێک لە گرنگترین خاڵە جیاکەرەوەکانی ئایینی ئیسلام، کاتێک کە موسڵمانان لەهەموو خاڵێکی زەویدا بەرەو ئەو چەقە دێن و بەپێچەوانەی میلی کاتژمێر بە چواردەوریدا دەخولێنەوە. ئەو کێشانە ڕووحیەی کەعبەی پیرۆز هێندە شاراوەیە کە وادەکات هەر کەسێک بێت و بە چواردەوریدا بخولێتەوە هەروەک و چۆن گرمتێکی ئاسمانی بە چواردەوری گرمتێکی گەورەتر لە خۆی دەخولێتەوە کە کەوتۆتە بەر لێشاوی کێشکردنی. کاتێک کە دەبینین موسوڵمانان بە پێچەوانەی میلی کاتژمێر بە چوار دەوری کەعەبەدا دەخولێنەوە هۆیەکی تری هەیە، ئەویش ئەوەیە بەم شێوەیە دڵ دەکەوێتە لای چەقی خولانەوەکە بەڵام بەشێوەی پێچەوانە دڵ دەکەوێتە لایەکی تر. ------------------------------------------------------------------- *نووسەر: د. ئەحمەد فوئاد پاشا -زانکۆی قاهیره / وەرگێڕان:ستافی کارگێڕی گۆڤاری ئۆزۆن