سوڵتان سەڵاحەددین و نەتەوایەتیی کوردی (لە پشت تێکردنەوە بۆ ئامێزبۆکردنەوە)
سەڵاحەددین لە سەدەی نۆزدەهەمەوە هێواش هێواش بە جۆرێکی نوێ دێتەوە ناو چوارچێوەی بیرکردنەوەی ئیسلامیی کوردییەوە و وەک پێوەرێکی خۆبەراوردکردن لەگەڵ ئەوی دی نەتەوەییدا ئامادە دەکرێتەوە و شایەتی مێژوویی پێ دەدرێت. نموونەی ئەم جۆرە مامەڵەش لە شیعرێکی شێخ ڕەزای تاڵەبانیدا دەردەکەوێت، کە باس لەوە دەکات: «عەرەبەکان، نکۆڵی لە فەزڵی ئێوە ناکەم، بەڵام سوڵتان سەلاحەددین لە زومرەی کوردی بابان بوو».
ڕەنگە ئەم دەقە بە مێژووییترین ئەو دەقانە دابندرێت کە سەلاحەددینی بە شێوازێکی نوێ بە کوردیی کردۆتەوە، کردوویەتی بە ڕەمزی شکۆ و ئامادەبوونی کورد لە مێژوودا. لە گۆشەنیگایەکی تا ڕاددەیەک نوێوە دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، لە پێناو خۆپێناسەکردن لە ئێستادا. بە عەرەب دەڵێت: ڕاستە ئێوە لە مێژووی ئیسلامیدا، و بە تایبەتیش لە سەرەتای ئەو مێژووەدا، خاوەن فەزڵن، بەڵام فەزڵی مێژووی ئیسلامی هەمووی بە باڵای ئێوەدا نەبڕاوە و ئێمەش بە هەمان شێوە فەزڵ و شکۆی خۆمان هەیە. بەڵگەی ڕوونی ئەمەش سەلاحەددینی ئەیووبیی کورد و ئەو ڕۆڵە مەزنەیە کە لە مێژوودا گێڕاویەتی.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازیی کوردیشەوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، سەلاحەددین بوو بە یەکێک لە ڕەمزە گەورەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دیدێکی مێژووگەرایی نەتەوەیی وا لە ئارادا بوو، باسی لەوە دەکرد، کە هەر نەتەوەیەک نەیتوانیبێت لە مێژوودا خۆی بسەلمێنێت، دەسەڵاتی هەبووبێت و بەشداریی بیناکردنی شارستانییەتی کردبێت، ناتوانێت لە ئێستادا وەک نەتەوە خۆی پێناسە بکات و داوای مافە نەتەوەییەکانی بکات. سەلاحەددین و ئیمپراتۆرییەتە گەورەکەی، کە زیاتر لە ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە و نزیکەی قەڵەمڕەوی سێزدە وڵاتی ئێستای ناوچەکەی پێکدەهێنا، گەورەترین ئامراز و ڕەمز بوو کە ناسیۆنالیزمی کوردی ئامادەی کردبۆوە بۆ خۆسەلماندنی نەتەوەیی،و ئامادەبوونی دەسەڵاتدارانەی کورد لە مێژوودا.
سەلاحەددین لەم چوارچێوەدا تەنها ڕەمزی ئامادەیی کورد وەک نەتەوەیەکی زیندوو لە مێژوودا نەبوو، بەڵکوو جۆرەها ڕۆڵی فکریی، دەروونی و سازدانی نەتەوەیی پێ بینرا، کە لێرەدا جێگای باسکردنیان نابێتەوە. سەلاحەددین کرایە ڕەمزی ڕاچڵەکاندن و هاتنە دەرەوە لە ژێر دار و پەردووی مێژوویەکی نەخوازراو، ڕەمزی ئیرادە و دووبارە نیشاندانی توانای کورد بۆ خۆسەلماندنەوە و ئامادەبوونەوە لە مێژوودا. ناسیۆنالیزمی کوردی ئیلهامی لە سەلاحەددین وەردەگرت وەک ڕەمزی یەکگرتن، قارەمانی، نەبەزین، کۆڵنەدان و پشوودرێژی تا سەرکەوتن.
لە هەمان کاتیشدا کردییە کەرەسەی ڕەخنەگرتن لە واقیعی لاوازیی، پارچەپارچەیی و نەبوونی خەونی گەورە لای کورد وەک مرۆڤ و کۆمەڵگا، بە واتای ئەوەی چۆن میللەتێک لە مێژوودا ڕەمزێکی وەک سوڵتان سەلاحەددینی بەرهەم هێنابێت، لە ئێستادا دەبێت بەو جۆرە بێت؟
ئەم شانازیکردن و تەوزیفکردنەی سەلاحەددین لە لایەن پێشەنگانی نەتەوەخوازیی کوردەوە، بە گشتی تا کۆتایی نیوەی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. لێرە و لەوێش بە شێوەیەکی کاڵتر و پچڕپچڕ، دوای ئەوەش ئاماژەی پێکراوە و ئامادە کراوەتەوە، بەڵام لە پەراوێزدا. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە، وردە وردە ئەم هەستی شانازیکردن بە سەلاحەددین و ئامادەکردنەوەی وەک ڕەمزێکی گەورەی مێژووی کورد بەرەو لاوازی ڕۆیشت. ئیتر کەمتر وەک ڕەمزێک بۆ ئامادەبوونی مێژوویی، کردەیی عەسەبیەتی کوردیی، خۆسەلماندن و ورەبەرزی ئیلهامی لێ وەردەگیرا. تەنانەت لای هەندێک کەس و ناوەند، لە ساتە وەختێکی مێژوویی سەرگێژی کورد و ناهوشیاربوون بە پێداویستییەکانی ناسیۆنالیزمێکی کامڵدا، کار گەیشتە قسەپێوتن و تۆمەتبارکردنی بەوەی هیچ خزمەتێکی بە کورد نەکردووە!
هۆکاری ئەمەش زۆر بوون، بەڵام وا دەبینم گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:
١ـ لاوازیی پاشخانی مەعریفی و تیۆری ناسیۆنالیزمی کوردی. واتە ناهوشیاربوون بەوەی ناسیۆنالیزم دیاردە و دەرکەوتێکی دنیای مۆدێرنە، هەروەهاپەی نەبردنی تەواو بە سروشتی پەیوەندی نێوان نەتەوایەتی و ڕەمزەکانی پێش ئەو قۆناغە و لاوازیی هۆشیاری مێژوویی بەگشتی.
٢ـ درێژەکێشانی ستەمکردن لە کورد لە لایەن ناسیۆنالیزمە دەسەڵاتدار و باڵادەستەکانی نەتەوە موسڵمانەکانی دەوروبەرمان و بەدبینکردنی هەندێک لە ڕەمزەکانی مێژووی هاوبەشی نێوانیان.
٣ـ زاڵبوونی بیری چەپ و مارکسیزم بەسەر ناوەندە فکری و سیاسییە نەتەوەییە کوردییەکەدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ. مارکسیزمیش لە یەک کاتدا دیدێکی نەرێنی بەرامبەر ئایین و نەتەوایەتیش هەیە. کاتێک لە خوێندنەوە لینینییەکەشیدا پرسی نەتەوەکان دەوروژێنێت، هەرگیز نایخاتە جێگەی ململانێ چینایەتییەکان و مامەڵەیەکی تاکتیکی و تێپەڕی لەگەڵدا دەکات، وەک پێویستییەکی سەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
عەقڵێکی پەروەردەبوو بەم ئایدۆلۆژیایە، بە ئاسانی ناتوانێت ڕەمزێکی ئیسلامیی نەتەوەیی هاوشێوەی سەلاحەددین ئامادە بکاتەوە و بیکاتە سەرچاوەی ئیلهاموەرگرتن بۆ نەوەی نوێ و ناسیۆنالیزمی کوردیی.
۴- خراپ بەکارهێنانی ئەم ڕەمزە لە لایەن ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بڕواکردنی بەشێک لە ناوەندە ناسیۆنالیزمە کوردییەکە بەو خراپ بەکارهێنانە.
۵ـ کاڵ و کرچیی ناسیۆنالیزمی کوردیی لە ڕووی بونیاد و ئامانجەوە؛ واتە پاشەکشەی سەربەخۆخوازیی بە قازانجی ئۆتۆنۆمیخوازی و هەندێک جار لامەرکەزیی ئیداریش !نیمچەناسیۆنالیزمێکی لەو جۆرەش، هەروەک کاتی خۆی وتوومە، ئاسان نییە ڕەمزێکی گەورەی جیهانیی وەک سەلاحەددینی پێ قووت بدرێت.
هۆشیاربوونەوەی دووبارەی ناسیۆنالیزمی کوردی بە گەورەیی و ڕۆڵی سەلاحەددین وەک گەورەترین ڕەمزی مێژوویی خۆی
لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئیسلامییەکانی کوردستان کەم تا زۆر کاریان لەسەر ئامادەکردنەوەی سەلاحەددین لە ئێستای کوردستاندا کرد. وەک ڕەمزێکی ئیسلامیی کوردی خستیانەوە ڕوو. گەرچی بایەخپێدانەکە بە گوێرەی پێویست و زۆر گەورە و کاریگەر نەبوو، بەڵام ڕۆڵی لەوەدا هەبوو، بە حوکمی کۆمەڵێک هۆکار، پرسەکە سەرلەنوێ وەک بابەتێکی مشتومڕ لەسەر بوروژێنرێتەوە و تێکەڵ بە ململانێی ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانیش ببێت.
دوای ئەوە، سەرەتای جۆرێک لە بەخۆداچوونەوە و وەرچەرخان دەربارەی جۆری مامەڵەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ سەلاحەددین، بە سیفەتی ڕەمزێکی نەتەوەیی هاوبەشی نەتەوەی کورد، بەدەر لە ناسنامەی دینی و مەزهەبی و فکری و سیاسی، هاتە کایەوە.
سەرەتا خاوەنفکر و نووسەرە پاشخانئیسڵامیە نەتەوەییەکان ڕۆڵیان لە سەرپێخستنی ئەم قۆناغەدا هەبوو. دواتر کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و نووسەر و کەسایەتی و دامودەزگای نیشتمانی تێکەڵ بە پرسەکە بوون و بابەتەکەیان هێنایە چوارچێوە سروشتییەکەی خۆیەوە، بەوەی سەلاحەددین سەبارەت بە کورد ڕەمزێکی هاوبەشی نەتەوەییمانە و زۆر لەوە گەورەترە بۆ ڕەمزی تەوژمێکی دیاریکراو کورت بکرێتەوە.ناسیۆنالیزمی کوردی وا دەستی پێکردووە؛ پێشەنگانی نەتەوایەتیی کوردیش تا پەنجاکان بەو جۆرە ڕوانیویانەتە سەلاحەددین، ئێمەش دەبێت جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەرەتایە و هەڵەکان لەم ڕووەوە ڕاست بکەینەوە.
سیمپۆزیۆمێکی زانکۆی سۆران پێش چەند ساڵێک لەسەر سەلاحەددین، کتێبەکەی دکتۆر مەجید ساڵح و لەم دواییەشدا کتێبەکەی سۆران حەمەڕەش و چەندین هەوڵی تر، دەچنە ئەم چوارچێوەوە. دامەزراوەی کەریمی عەلەکەش، کە دکتۆر تەها ڕەسووڵ پشتیوانی کاروچالاکییەکانی دەکات، بە نیازی ئەوەیە لە ماوەی داهاتوودا لە سلێمانی کۆنگرەیەکی زانستی لەسەر سەلاحەددین ببەستێت و پەیکەرێکیشی بۆ دابنێت، کە جێگەی ستایشە. هیوادارم ئەم هەوڵانەش بەردەوام بن و فیلمێکی جیهانییش لەسەر سەلاحەددین، لە دیدە کوردییەکەوە، بیانگەیەنێت بە ئاستی بەرزی خۆیان.
لەئێستادا خۆشبەختانە، لەگەڵ مانەوەی هەندێک لە ئاسەوار و پاشماوەی قۆناغی ڕابردوو، مەسەلەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو لەوە دەرچووە سەلاحەددین وەک تۆمەتبارێکی مێژوو سەیر بکرێت و پەلامار بدرێت، یاخود هەوڵی پەراوێزخستن و لەبیربردنەوەی بدرێت؛ چونکە جارێکی تر لە دەروازەیەکی فراوانەوە هاتۆتەوە بۆ ناو مامەڵە مێژووییەکەی خۆی.
ئەوەی لە پێش ئەم ڕاچەنین وبێداربوونەوە نوێیەشە کۆمەڵێک شتە، لەوانەش:
* پاشەکشەی ئایدیۆلۆژیای چەپ و کەمبوونەوەی هەژموونی بەسەر ناوەندە نەتەوەییە کوردییەکەدا.
* سەرهەڵدانی پۆلێک لە پسپۆڕ و خوێندەواری بواری ناسیۆنالیزم لە کوردستاندا و هەوڵدان بۆ دووبارە بیناکردنەوەی بیری نەتەوایەتیی کوردی بە شێوەیەکی زانستیتر و قووڵتر.
* واقیعی هەرێمی کوردستان و گەورەتربوونی خەیاڵدانی کوردی و بیرکردنەوە لە پێویستییەکانی نەتەوەسازیی مۆدێرن.
* هۆشیاربوونەوە بەرامبەر پلانی دەوروبەر بۆ نەباندکردنی سەلاحەددین لە ماڵە نەتەوەییەکەی خۆی.
لێرەشدا جێی خۆیەتی دەستخۆشییەکی گەرم لە برای بەڕێز و مێژوونووسی ناسنامەساز، کاک سۆران حەمەڕەش، بکەم؛ لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دووبارە ناساندنەوەی سەلاحەددین و ڕۆڵە گەورەکەی لە مێژوودا بە نەوەی نوێی کورد و میللەتەکەی.
کتێبەکەی کاک سۆرانیش بە ناونیشانی «سەلاحەددینی ئەیووبی؛ سۆفییەکی کورد و مێژوویەکی دزراو» دەچێتە ئەم چوارچێوەوە و زیادەیەکی گرنگیشە بۆ سەر خەرمانی سەلاحەددینناسی لە کوردستاندا، بە حوکمی ئەوەی پەرۆشییەکی قووڵی نەتەوەیی و هەستکردن بە بایەخی ناسنامەسازی و هۆشیاریی مێژوویی بۆ نەتەوەسازیی ئەمڕۆی کوردی لە پشتەوەیە.
ئەو، گەرچی بەسەر بە سەرچاوە قسە دەکات، بەڵام بە شێوازێکی ئەکادیمیی وشک کتێبەکەی نەنووسیوە.
کتێبێکی نەنووسیوە بۆ خوێندنەوەیەکی سەرپێیی، بەڵکوو نووسیویەتی بۆ ئەوەی بکرێتە کەرەسە و بابەتی پێگەیاندنی سیاسی و خەمڵاندنی هۆشیارییەکی دروست دەربارەی بەشێکی گرنگ لە مێژووی سیاسیی خۆمان، ڕاستکردنەوەی بەشێک لە هەڵەکان و ڕوانینە سەلاحەددین لە گۆشەنیگایەکی ناسیۆنالیستیی کوردیی نوێوە.
ئەو هەر لە سەرەتاوە دەڵێت لایەنگرانە ئەم کتێبە دەنووسێت؛ واتە بۆ کورد و نەتەوەسازیی کوردیی دەنووسێت. ئایدۆلۆژیا لەو نێوەندەدا دەکاتە دەرەوە و بە دیدێکی کوردانەی نەتەوەسازەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا دەکات، چونکە ئەوەی بۆ ئەو گرنگە کوردبوونی سەلاحەددین و ئیمپراتۆرییەتی ئەیووبی و ئامادەبوونیانە لە مێژوودا بەو ناسنامەوە.
دەنووسێت چونکە دەخوازێت سەلاحەددین، لە ڕێی ئامادەکردنەوە و ئیلهاملێوەرگرتن و ئەو هەستی متمانەبەخۆبوون و شانازیکردنەی لە دڵ و دەروونی ڕۆڵەکانی نەتەوەدا دەیڕوێنێت، بەشدار بێت لە دووبارە هەڵسانەوەی مێژوویی کورد.
بۆیە لەسەر هەموو ئەو ڕەخنە و تۆمەتانە وەستاوە کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردا کرابوونە تەمێک بۆ داپۆشینی سیمای ڕاستەقینەی ئەم ئیمپراتۆر و ڕەمزە ئەخلاقییە گەورەی کورد. دواتر بە وردی ئەوە دەخاتە ڕوو کە سەلاحەددین و ئیمپراتۆرییەتی ئەیووبی، بە پێوەرەکانی سەردەمی خۆیان، وەک کورد ژیاون و بیریان کردووەتەوە و چوونەتە ناو مێژووەوە.
بۆیە، ئەگەر ئێمە نەتوانین لە ئێستادا وەک گەورەترین ڕەمزی مێژوویمان ئامادەی بکەینەوە، سووچی سەلاحەددین و ئەیووبییەکان نییە، بەڵکوو کەموکورتیی خۆمان و هەژاریی مەعریفیی نەتەوەییمانە.
ماوەتەوە بڵێین، لە نێو هەموو ئەو هاتوهەوار و ڕواڵەتە ناوئومێدکەرانەی لە واقیعی کوردستان و بە تایبەتیش باشوور لە ئارادایە، ئەم جۆرە بەخۆداچوونەوە، ئامێزکردنەوە، دووبارە خۆپێناسەکردنەوەی کورد و نەتەوەسازیی کوردیی، دەلاقەیەکی ئومێد و گەشبینی بە ڕووی ئایندەدا بە ڕووماندا دەکاتەوە.
سەرنج بۆ ئەوەش ڕادەکێشم کە ئامادەکردنەوەی سەلاحەددین وەک ڕەمزێکی مەزنی نەتەوەیی کوردیی، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەو لە هەمان کاتدا ڕەمزێکی گەورەی مرۆڤایەتی و ئیسلامیشە. واتە مافی هەر کەس و گەلێکە، بە حوکمی جیهانیبوونی، ئیلهام لە جوامێری و توانای سەرکردایەتی و ئەخلاقی لێبوردەیی ئەم زاتە وەربگرێت و شانازیی پێوە بکات.
هەروەها مافی موسڵمانانیشە لە جیهاندا بە ڕەمزێکی گەورەی مێژووی خۆیانی بزانن و شانازیی پێوە بکەن. مافی ئێمەشە، وەک کورد و ناسیۆنالیزمەکەی، جگە لەو دوو ئاستە، بە گەورەترین ڕەمزی مێژوویی خۆمانی بزانین و شانازیی پێوە بکەین و سوود لە دوو ئاستەکەی تریشی وەربگرین بۆ بەرەوپێشبردنی پرسە نەتەوەییەکەمان و دروستکردنی پردی پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ خۆرئاوا و دنیای ئیسلامیشدا.

بۆچوونهکان