به‌رپرسی په‌روه‌رده‌ و فێرکاری شاری بۆکان، ڕۆژی دوشەممە ۹ى ڕەشەمە، لە پێکهێنانی ۹ کتێب بە زمانی کوردی بۆ فێرکاری لە خوێندنگاکانی ئەم شارە خەبەری دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب بە گێڕانه‌وه‌ لە کورد پرێس، «ئه‌حمه‌د ڕه‌حمانی» به‌رپرسی فێرکاری و په‌روه‌رده‌ی شاری بۆکان، گۆتی:  « لە دوو دەورەی شەش ساڵەی سەرەتایی و سێ ساڵەی یه‌که‌می ناوەندی ، وانەیەک بە نێوی «وانه‌ی ئازاد»دانراوه کە مامۆستایان و خوێندکاران بە پێی بارودۆخی کەلتوری ناوچەی خۆیانەوە ناوەڕۆکی ئەم دەرسانە هەڵدەبژێرن.»

ئەم بەرپرسه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌: «هەر لەم پێناوەدا و بە ئامانجی هەماهەنگی زیاتر، لێژنەیەک پێکهاتوو لە ۲۱ مامۆستای پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە به‌شی فێرکاری شاری بۆکان، ۹ کتێبیان بە زمانی کوردی بۆ ۹ دەورەی خوێندکاری (شەش ساڵە ی سەرەتایی و سێ ساڵەی ناوەندی یەکه‌م) پێکهێناوە.

ڕەحمانی سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم کتێبانە وتی: « لەم کتێبانە کە هەمویان بە زمانی کوردی نوسراون، لە شێعری منداڵان وبابەتانی فولکلۆر پێکهاتووە و لە پۆلی چوارەم بەولاوە، ڕێوڕەسمی نووسینی کوردی فێر دەکردێ.»

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە: «نوسینی ئه‌و کتێبانە بە زمانی کوردی و فێرکردنی لە خوێندنگاکان یەکەم جارە کە لە پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوادا بەڕێوە دەچێت وە ئەم کتێبە لە دوایین دانیشتنی شۆڕای فێرکاری و په‌روه‌رده‌ پەسه‌ند کراوه‌

لە کۆتاییدا وتی: «تا کۆتایی ساڵی خوێندن، فێرکاری ئەم کتێبانە لە شورای فێرکاری و په‌روه‌رده‌ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواپه‌سه‌ند دەکرێ و بەڵگەنامەی لە وەزارەتی فێرکاری و پەروەردە وەردەگرێ.»