زمانی کوردی لەناو ۸۸ زمانی زیندووی جیهاندا لە ڕیزبەندی ۳۱ دایەو ئەوە جێگەی شانازییەو دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەگەیێنێت.
مرۆڤ ئەگەر بتوانێ فێری زمانی زیاتر بێت، دەتوانێت لەگەڵ گەلانی تر زیاتر پەیوەندی بگرێ و زانیاری زیاتر لە جیهان بەدەست بێنێت، ئنجا گەلەکەشی بە جیهان بناسێنێت، بەڵام ئەوە لایەکی بابەتەکەیە.
ئەوەی من لێرە دەمهەوێ لێی بدوێم "زمانی زگماکییە"، ئەگەر مرۆڤ دەیان زمانی جیاواز بزانێت، هێشتا لەڕووی دەروونی و بیر و هزرەوە هێندەی زمانی زگماکی گرینگیان بۆ ئەو کەسە نابێت.
نێلسۆن ماندێللا دەڵێ: ئەگەر لەگەڵ کەسێک بە زمانێک کە تەنیا لێی حاڵی دەبێ بدوێی، قسەکە تەنها دەگاتە مێشکی، بەڵام ئەگەر بە زمانی دایک لەگەڵی بدوێی، قسەکە لە دڵی دەنیشێت.
لەلایەکی تر کۆمەڵناسان دەڵێن: زمانی زگماکی لەگەڵ شیری دایک دەڕژێتە گیانەوە و لەگەڵ مردن لەگیان دەردەچێت، بۆیە داسەپاندنی زمانێکی تر بەسەر منداڵێکدا کە دەیهەوێ تازە دەست بە قسەکردن بکات، بە جەنایەت ئەژمار دەکرێت.
ئنجا بەپێی نووسراوەی دامەزراوەی یۆنسکۆ، کەسێک نەتوانێت بەزمانی زگماکی بنووسێت و بخوێنێتەوە، بە بێسەواد ئەژمار دەکرێت.
تێکڕای ئەو بەڵگەو گوتانەی ئاماژەمان پێ کردن، گرینگی زمانی زگماکی دەردەخەن.
زمانی زگماکی یەکەم زمانە کە مرۆڤ بە کۆرپەیی و بە ٦مانگی لە سکی دایکیدا، لەگەڵی ئاشنا دەبێت.
ئنجا دوای لەدایکبوون لە دایک و باوک و کەسانی دەوروبەریەوە وەریدەگرێت.
ئەوەش زمانێکە منداڵ دەتوانێت قسەی پێ بکات و دواتر تا ئەوکاتەی لەژیاندایە، وەک کەسانی قسەزان لەبیرکردنەوەو گوتاردا دانەمێنێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەی زانایانی بواری زمانناسی، منداڵێک کەفێری زمانی دایکی دەبێت تەواوی فەرهەنگ، ئەخلاق و ڕەوشت، ئایین، کەلتوور و داب و نەریت، کەسایەتی و شوناسی خۆی لەگەڵ ئەو زمانە وەردەگرێت.
بەڵام کاتێک دەچێتە قوتابخانەو بەزمانێکی جیا لە زمانی زگماکی دەرسی پێ دەگوترێت و لەگەڵی دەدوێن، پێی وایە تەواوی ئەو شتانەی لەدایک و باوک و کەسوکاری فێریان بووە بێ بایەخن و بەکەڵکی نایەن.
هەر بۆیە ئەو قوتابییە لەخۆی، لە کەسوکاری، لە ئەخلاق و ڕەوشت و ئایینی بێگانە دەبێت، ئەوەشی کە لە قوتابخانە وەری دەگرێت نامۆیە، بۆیە دەکەوێتە دووڕیان و سێڕیان و تاهەتایە ناتوانێت کەسایەتی خۆی بەشێوەیەکی دروست بدۆزێتەوە.
لێرەدا دەمهەوێ بڵێم، هەموو زمانێک لەسەر گۆی زەوی ئاوێنەی باڵانوێنی فەرهەنگێکی تایبەتە، ئنجا زمان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵگری فەرهەنگ، دەنگ، شێوەی تێڕوانین و بیرکردنەوە لەو جیهانەیە کە تێیدا دەژین.
ئنجا لە وەش گرینگتر زمانی زگماکی تاکە زمانێکە بە ئاوێتەبوون لەگەڵ هەست و سۆزەوە فێری دەبین بۆیە ناکرێ جێگرەوەی بۆ دابنرێت.
بەپێی سەرچاوەی گۆڤاری نێونەتەوەیی: le français dans le monde no 355 janvier 2008
لە ئێستادا نێزیک لە ۷ هەزار زمان لەسەر گۆی زەوی قسەیان پێ دەکرێت، ئەگەر ۲٠٠ وڵات لەسەر گۆی زەوی بۆ ئەو زمانانە ئەژمار بکرێن، بە شێوەی مامناوەندی هەر وڵاتەو ۳۵ زمانی بەردەکەون.
هەڵبەت ئەو هەژمارانە تەنها لێکدانەوەیەکن و بۆ هەموو وڵاتەکان وەک یەکتری نین.
زمانناسان، زمانەزیندووەکانی جیهان لەڕووی هۆکارگەلی جۆراوجۆر هەڵدەسەنگێنن و دەیانخەنە ڕیزبەندەوە.
بەشێک لەو هۆکارانەی زمان دەناسێنن و پلەی زمان لە ڕیزبەند بەرز دەکەنەوە ئەوانەی خوارەوەن:
۱. ئەژماری ئەو کەسانەی لە جیهاندا بەو زمانە قسە دەکەن.
۲. ڕێژەی بەربڵاوی زمانەکە.
۳. هەبوونی زۆرینەی زانایان، هۆزانان و پسپۆڕان کە بەو زمانە قسە دەکەن.
٤. ڕێژەی خواست و ئەوینێک کە خەڵک بەرانبەر بە زمانەکە هەیانە.
۵. هەژماری کتێب و نووسراوەکان بەو زمانە لەچاخی سەردەمدا.
جگە لەو چەند خاڵەی سەرەوە لەسەردەمی ئەوڕۆدا کەڵک وەرگرتن لەو زمانە لە ئینتڕنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لەسەر زیندوومانەوە و بەڕۆژبوونەوەی زمانەکە یەکجار زۆرە.
خەڵک بە کەڵک وەرگرتن لە تەختەکلیلی کوردی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بۆخۆیان هۆکاری زینددووڕاگرتن و بەڕۆژکردنەوەی زمانەکەیان بن.
هەرچەند ئێمە تا ئێستا زمانێکی یەکگرتوومان نییە، بەڵام زمانی کوردی لەڕووی زاراوە یەکجار دەوڵەمەندە، زۆرن ئەو گەلانەی خەریکن بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانەکەیان وشە دەتاشن، بەڵام لە زمانی کوردیدا ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە، کاتێک لەفەرهەنگێکدا وشەیەکی بێگانە دەبینی دەیان وشەی هاوواتای کوردی لەپێش ڕیز دەبن.
ئەوەش دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەگەیێنێت.
لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم ڕەنگە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە هێندیک بواردا، هەڵبەت بۆ هێندێک کەس کە شێوەی بەکارهێنانی دروستی ڕەچاو ناکەن خاڵی نەرێنی بن، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی دیانهەوێ شوناسیان، فەرهەنگیان، داب و نەریتیان و زمانیان ببووژێننەوە خاڵی ئەرێنی و دەرفەتن، با کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرین.
با هەرکام لەو تۆڕەکۆمەڵایەتیانە بکەینە هەزاران مامۆستا، قوتابخانە، زانستگەو فێرگە بۆ بووژانەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی، تاکوو ئاڵای فەرهەنگ، کەلتوور، داب و نەریت و مێژوومان کە زمانی دایکە شەکاوە بمێنێتەوە.
سەرچاوەکانی وتار:
ویکیپدیا، ماڵپەڕی دویچە ولە فارسی، ماڵپەڕی زبان و ادبیات ترکان خراسان، ماڵپەڕی وقایع روز، ماڵپەڕی روزیاتو، وتاری زانستی (اهمیت زبان مادری الهام آریان نیا)،
ماڵپەڕی (خانە، فرهنگ، هنر)، ماڵپەڕی (جاودان)
حەسەن ڕەوش (پارێزەر) - ۱ی ڕەشەمەی ۱٤٠٠ی هەتاوی
بۆچوونهکان