دکتۆر موسته‌فا خوڕڕهمدڵ که ئێستا له وته‌ی شیرین و ڕوخساری گه‌شیدا، تێپه‌ڕاندنی ته‌مه‌نێکی پڕبه‌ها و ئه‌زموونه ڕه‌نگامه‌کانی ڕۆژگار ده‌دره‌وشێته‌وه؛ له په‌نا کاری نووسین و وه‌رگێڕان، به‌رده‌وام چالاکی و دڵگه‌رمی لێ ده‌باریت و له نێوان هه‌موو چالاکی و به‌رهه‌مه ڕه‌نگینه‌کانی، ته‌فسیری نووری له هه‌مووان خۆشتر ده‌وێت.
ته‌فسیری نوور له ڕاستیدا وه‌رگێڕانێکی که‌موێنه‌یه که ڕێژه‌یه‌ک ڕاڤه‌ی کورت و پوخت و پێویستی له خۆ گرتووه و ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بووه له پێوه‌ندی دڵه‌کان و ڕوانگه‌ی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێران له‌گه‌ڵ قوڕئانی پیرۆز. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه دیمانه‌یه‌کی کورتمان سه‌باره‌ت به ژیان و چالاکییه‌کانی فکری و فه‌رهه‌نگی خاوه‌ن ئه‌و به‌رهه‌مه مه‌زن و سوودبه‌خشه پێک هێناوه.
ـ مامۆستا گیان، ڕۆڵی ئێوه له داهێنانی ڕوحیه و هه‌ستی دینداری به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر و به‌تایبه‌ت له نێو گه‌نجاندا، حاشاهه‌ڵنه‌گره، ته‌فسیری نوور له کۆڕه قوڕئانی و ئیمانییه‌کاندا ڕۆڵێکی بنه‌مایی و گرینگی هه‌بووه. زۆرێک له یارانی مزگه‌وت و مامۆستایان و خوێندکارانی قوڕئان، قه‌رزداری ئێوه‌ن که له ڕێی به‌رهه‌مه‌که‌ی ئێوه له‌گه‌ڵ مانا و واتای قوڕئان ئاشنا بوون. پێمان خۆشه له سه‌ره‌تای وتووێژهکهماندا باس له سه‌رده‌می مناڵی و قۆناغه‌کانی خوێندنی خۆتان بکه‌ن.
من له ساڵی ١٣١٨ی هه‌تاوی له گوندی دێهبۆکری سه‌ر به شاری مه‌هاباد له دایک بووم. پاش ماوه‌یه‌ک بۆ شاری مه‌هاباد کۆچمان کرد. باوکم جووتیار بوو و کاتێک که هاتین بۆ مه‌هابادیش هه‌ر خه‌ریک کاری جووتیاری بوو. قۆناغه‌کانی خوێندنم له مه‌هاباد به‌سه‌ر برد و دیپڵۆمی ئه‌ده‌بیات فارسیم وه‌رگرت.
ـ ئێوه له حوجره‌ش ده‌رس و وانه‌ی ئایینیی و فهقێتیتان خوێندووه؟
من ته‌نیا شه‌ش مانگ و نیو له حوجره ده‌رسم خوێندووه. ساڵی دووی دواناوه‌ندی بووم که مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان و هاوکات نه‌ورۆزیش بوو، مامۆستایه‌ک که سێ فه‌قێی هه‌بوو، وتاری ده‌خوێند و له نێوان قسه‌کانیدا وتی: «هه‌ر که‌س سه‌ری ڕووت بێت (واته کڵاوی له‌سه‌ر نه‌بێت) ئه‌هلی دۆزه‌خه!» ئه‌و قسه‌یه کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دانام و به فه‌قێکانم گوت من چیدی ناچمه‌وه بۆ قوتابخانه. ئه‌و کات قوتابخانه‌م جێ هێشت و بووم به فه‌قێ. به گشتی من شه‌ش مانگ و نیو له مه‌هاباد و سێ گوندی ده‌ورووبه‌ری فهقێتیم کردووه. به‌ڵام دوای ئه‌وه به‌س خۆم ده‌رسی ئایینیم خوێندووه. له ساڵی ٤٢ که بۆ زانکۆی تاران ده‌رچووم، هه‌ر ئه‌و ئه‌ویندارییه‌ی ئایین و هه‌ستی دینداری بوو به هۆی ئه‌وه‌یکه ئه‌ده‌بیاتی عه‌ڕه‌بی هه‌ڵبژێرم و له‌و بواره‌وه درێژه به خوێندن بده‌م.
ـ بڕێک سه‌باره‌ت به سه‌رده‌می زانکۆتان باس بکه‌ن؟
من ساڵێ ٤٢ له کۆنکوور (تاقیکردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی زانکۆ) به‌شداریم کرد و بۆ کارناسی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ڕه‌بی له زانکۆ تاران ده‌رچووم. کارناسیم ته‌واو کرد و چونکه ئه‌و به‌شه مه‌ستێری نه‌بوو، ناچار بووم بۆ زانکۆی زانسته شه‌رعییه‌کان بچم.
له مامۆستایانی قۆناغی کارناسیم له زانکۆ تاران ده‌توانم ئاماژه به مامۆستا فارس که ڕه‌چه‌ڵه‌کی میسری بوو و هه‌روه‌ها مامۆستا به‌دیعوززه‌مان کوردستانی و دکتۆر شه‌هیدی بکه‌م.
هه‌ر له سه‌رده‌می کارناسی که له تاران ئه‌ده‌بیاتی عه‌ڕه‌بیم ده‌خوێند، وه‌ک مامۆستای قوتابخانه به شێوه‌ی ڕۆژکار وانه‌م ده‌وته‌وه و پاشان کۆلێژ ڕایگه‌یاند که پێویستی به ڕاهێنه‌ری مامۆستای سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی قوتابخانه هه‌یه. له‌و به‌شه‌ش به‌شداریم کرد و به‌م چه‌شنه هاوکات سێکارم ده‌کرد، هه‌م خوێندکاری ئه‌ده‌بیاتی عه‌ڕه‌بی زانکۆ بووم، هه‌م ڕۆژکاری مامۆستای قوتابخانه و هه‌م ڕاهێنه‌ری مامۆستایی. ئه‌وه‌یکه چۆن هاوکات توانیم سێ کاران بکه‌م، بۆخۆشم جێ سه‌رسووڕمانه.
بۆ ماستێر بۆ کۆلێژی ئیلاهییات و مه‌عاریفی ئیسلامی ده‌رچووم. بابه‌تی ڕیساله‌که‌م: «الطبیعة المتناقضة فی الزهاوی» بوو. جه‌میل سێدقی زه‌هاوی، شاعیر و بیرمه‌ندی عێڕاقییه که ڕه‌چه‌ڵه‌کی کورده.
دوای ئه‌و له ئه‌زموونی دوکتۆڕا به‌شداریم کرد و له‌ویش ده‌رچووم، دوکتۆڕای فه‌رهه‌نگی عه‌ڕه‌بی و زانستی قوڕئانیم وه‌رگرت و ڕیساله‌ی دکتۆڕاشم «مێژووی وه‌رگێڕانی فارسی له سه‌ره‌تای سه‌رده‌می مه‌غوول» بوو.
ـ که‌نگێ بوون به مامۆستای زانکۆ؟
ئێستا به‌رگریم له ڕیساله‌که‌م نه‌کردبوو که ڕایانگه‌یاند له زانکۆی زاهیدان پێویستیان به که‌سێک هه‌یه بۆ مامۆستایه‌تی. من و حه‌وت که‌سی دی به‌شداریمان کرد که من پله‌ی یه‌که‌مم به‌ده‌ست هێنا. به‌ڵام دوایی هێندێک گرفتی وه‌ک دووری له که‌سوکار و ئه‌وه‌یکه نه‌مده‌توانی خزمه‌تی دایک و بابم بکه‌م، بوون به به‌ربه‌ست و نه‌متوانی بچم.
پاشان هه‌واڵ هات که له سنه کۆلێژێکی نوێ دامه‌زراوه، له سه‌ره‌تای کاردا، کۆلێژ ته‌نیا چوار ڕشته‌ی هه‌بوو: ئه‌ده‌بیاتی فارسیی، کیمیا، بیرکاری و زمانی ئینگلیزی. ته‌نیا ڕشته‌یه‌ک که پێوه‌ندی به خوێندنی منه‌وه هه‌بوو، ئه‌ده‌بیاتی فارسیی بوو، ئه‌ویش فارسیی گشتی.
له‌وه‌دا چووم بۆ کۆلێژی ئیلاهییات و داوام کرد که وانه‌ی فارسیی گشتی کولێژی سنه به من بسپێرن که هاوکات بتوانم هه‌ر له وێ له قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندیش وانه بڵێمه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه شه‌پۆله‌کانی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێ کرد و بوو به هۆی ئه‌وه‌یکه به‌رگری له ڕیساله‌ی دوکتۆڕام وه‌دوا بکه‌وێت و له کۆتاییدا توانیم ساڵی ٥٨ دوکتۆڕا وه‌رگرم.
سه‌ره‌تا که چوویین بۆ سنه‌ی، له دواناوه‌ندی وانه‌م ده‌گوته‌وه و له زانکۆش وانه‌ی فارسیی گشتیم پێ بوو، تا ئه‌وه‌یکه پاش ماوه‌یه‌ک دواناوه‌ندیم جێ هێشت و ته‌واو چووم بۆ کولێژ. ئه‌و ده‌م زانکۆی کوردستان سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو و سه‌ر به زانکۆی ڕازی بوو. له ساڵی ٧٠ سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت و ناوی لێنهرا زانکۆ کوردستان.
من تا ساڵی ٧٦ له زانکۆ کوردستان و له به‌شی ئه‌ده‌بیاتی فارسیی خزمه‌تم کرد. له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می سه‌ربازی به گشتی ٣٣ ساڵ خزمه‌تم کردووه. دوایی داوای خانه‌نشینیم کرد و قه‌بووڵیان کرد و منیش گه‌ڕامه‌وه بۆ زێدی خۆم واته مه‌هاباد. له ساڵی ٧٦ که گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ مه‌هاباد تا ئێستا له زانکۆ ئازادی مه‌هاباد له به‌شی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ڕه‌بی وانه ده‌ڵێمه‌وه.
ـ جگه له ته‌فسیری نوور که زۆرتر ئێوه به‌و کتێبه‌وه ده‌ناسن، له بواری وه‌رگێڕان و ته‌فسیری قوڕئان به‌رهه‌می دیکه‌ش له ئێوه ده‌بیندرێت، تکایه زۆرتر بۆمان شی بکه‌نه‌وه.
له نێوان کاره‌کانی نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌مدا «ته‌فسیری نوور»م له هه‌موویان زۆرتر خۆش ده‌وێت. تا ئێستا ٩ جار چاپ کراوه‌ته‌وه. ئه‌و ده‌م که ده‌ستم کرد به وه‌رگێڕانی نوور، کاری وه‌رگێڕان زۆر باو نه‌بوو و هه‌ستم کرد که به گشتی خه‌ڵک پێویستی به وه‌رگێڕاوێکی کورت و پوخت له قوڕئان هه‌یه که هه‌م واتای هێندێک وشه‌ی گرینگ و هه‌م شیکارییه‌ک له بواری «صرف و نحو» له خۆ بگریت. شه‌ش ساڵ له ته‌مه‌نم به ته‌واوی بۆ ته‌فسیری نوور ته‌رخان کرد.
دوای ته‌واو بوونم له ته‌فسیری نوور حه‌زم لێ بوو کارێکی هه‌ر له‌م چه‌شنه بۆ خوێندکارانی ئایینی بکه‌م. بۆیه سێ ساڵ خه‌ریک ته‌فسیری «المقتطف» بووم تا نووسیم. ئه‌و ته‌فسیره که به زمانی عه‌ڕه‌بییه، به‌س یه‌ک جار چاپ بووه. هه‌ڵبه‌ت سێ جوزئی ئاخیری له لایه‌ن زانکۆ دوباره چاپ کراوه‌ته‌وه.
کارێکی دیکه‌م له بواری قوڕئان، وه‌رگێڕانی ته‌فسیری «فی ظلال القرا‌ن» به‌رهه‌می بایه‌خداری شه‌هید سه‌ید قوتبه. یازده ساڵ کاتم ته‌خان کرد بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ته‌فسیره.
هه‌روه‌ها به‌رهه‌مێکی دیم هه‌یه له بواری ڕاڤه‌ی قوڕئان که به زمانی کوردییه و کتێبێکی دوو به‌رگییه به نێوی «شنه‌ی ڕه‌حمه‌ت».
بۆ ئه‌و ته‌فسیره‌ش سێ ساڵ کاتم ته‌رخان کرد که له‌سه‌ر شێوازی ته‌فسیری نوور نووسراوه. هه‌ڵبه‌ت ئاساييه که هێندێک بابه‌تی زۆرتری له ته‌فسیری نوور تێدا بێت، چونکه له‌و مه‌ودایه زانست و ئه‌زموونی مرۆڤیش زۆرتر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ڕاڤه و بابه‌تی زۆرتر له‌و بواره‌وه ئاشنا ده‌بێت.
له کاره‌کانی دیکه‌م له بواری قوڕئان‌دا نووسینی کتێبێکه به نێوی «درس ها و پندهایی از قرآن» که له‌و کتێبه‌دا به شێوازێکی بابه‌تی، ئایه‌ته‌کانی سه‌باره‌ت به ١٧٢ بابه‌تم له قوڕئان ده‌رهێناوه. کتێبێکی دیم به نێوی «در پرتو نور: مجموعه مقالات» نووسیوه که چه‌ند وتار له بواری تێگه‌یشتنی واتا و بابه‌ته‌کانی قوڕئانی له خۆی ده‌گریت.
ـ کاتێک که له‌سه‌ر ته‌فسیری نوور کارتان ده‌کرد، چ ئایه‌تێک زۆرتر سه‌رنجی ئێوه‌ی ڕاده‌کێشا که لێی ورد بنه‌وه و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن؟
ئایه‌تێک که زۆرتر له هه‌موو ئایه‌ته‌کان، لێکۆڵینه‌وه و تێڕامانم له‌سه‌ر کرد؛ ئایه‌تی یه‌که‌می سوڕه‌تی نێساء بوو. ئه‌وه‌یکه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «یَا أَیُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّکُمُ الَّذِی خَلَقَکُم مِن نَّفسٍ وَاحِدَةٍ وَ خَلَقَ مِنهَا زَوجَهَا»
زۆر که‌س به‌ڵگه به‌و ئایته دێنیته‌وه که خوای گه‌وره (حه‌وا)ی له لاته‌نیشتی چه‌پی ئاده‌م به‌دی هێناوه. له کاتێکدا شتی وا نییه، خوای گه‌وره حه‌وای له چه‌شنی ئاده‌م دروست کردووه، نه‌ک له سینگی ئه‌و. بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌و ئایه‌ته کتێبی زۆرم خوێنده‌وه.
ـ له بواری توێژینه‌وه‌ی قوڕئان پێتان خۆشه چ کارێکی دی بکه‌ن؟
من هه‌میشه حه‌زم له‌وه بووه که شێعر و خاڵه ئه‌ده‌بییه‌کانی پێوه‌ندیدار به قوڕئان کۆ بکه‌مه‌وه و له ژێر هه‌ر ئایه‌تێکدا بینووسم. به‌ڵام هه‌ر جاره‌ی سه‌رقاڵی کارێکی دی بووم و تا ئێستا نه‌متوانیوه ئه‌و کاره‌ی بکه‌م. پێشنیارم بۆ دۆستانی ئه‌هلی زانست و لێکۆڵینه‌وه ئه‌وه‌یه که ئه‌وپه‌ڕی به‌هره له سه‌رچاوه ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌و بواره وه‌رگرن.
به‌ڵام پێویسته زۆر ئاگادار بن، له دقه ئه‌ده‌بی و عیڕفانییه‌کاندا بابه‌تی وا هه‌یه که سازگار له‌گه‌ڵ ڕوحی قوڕئان نییه و پێویسته ئاگادار بن که ئه‌و بیر و بڕوانه به هه‌ڵه که‌ڵکیان لێ وه‌رنه‌گیرێت.
ـ ده‌کرێ له‌و بواره‌وه نموونه‌یه‌ک بێننه‌وه؟
بۆ نموونه ده‌کرێ ئاماژه به «سوله‌یمانی ساخته‌چی» بکه‌ین. له ده‌فته‌ری چواره‌می مه‌سنه‌ویدا هاتووه که شه‌یتان، ئه‌نگوستیله‌ی سوله‌یمان ده‌دزیت و له‌سه‌ر جێی وی داده‌نیشیت و حوکمڕانی ده‌کات. ده‌بێ بپرسین که مه‌گه‌ر حوکمڕانی سوله‌یمان به ئه‌نگوستیله‌یه‌ک به‌ستراوه‌ته‌وه؟ مه‌گه‌ر ده‌کرێ دێوێک به هۆی ئه‌نگوستیله‌یه‌ک له‌سه‌ر ته‌ختی سوله‌یمان دا‌نیشێت؟
ـ جگه له بواری قوڕئانی، ئایا نووسین و چالاکی زانستی دیکه‌تان هه‌یه؟ تکایه بۆمان شی بکه‌نه‌وه.
له‌و کتێبانه‌ی که وه‌رمگێڕاون، ده‌کرێ ئاماژه به کتێبی: «عنایت یزدان یا غریزه‌ی حیوان» له نووسینی شوقی ئهبولخهلیل و کتێبی «الله» نووسینی سه‌عید حهووی بکه‌م. کتێبێکی دیکه‌ی که وه‌رمگێڕاوه: «گردنبندهای ذرین» نووسینی جاڕوڵڵا زهمهشخهرییه که له بواری ڕه‌وشت و ئاکاره‌وه نووسراوه و نێوه‌که‌ی به عه‌ڕه‌بی «الطواق الذهب»ه.
هێندێک ده‌ڵێن بۆ ئه‌ده‌بیاتی کوردی هیچت نه‌کردووه، له کاتێکدا وا نییه. من ساڵی ٤٧ پێنج کتێبم بڵاو و چاپ بووه که بریتین له: شێوازی ڕێزمانی کوردی سۆرانی، ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی زمانی کوردی، «نماز فرمان خدا»، «گلبن دانش» (بابه‌ته‌کانی گرینگ و ئه‌سته‌می سه‌رف)، «نحو زبان فارسی».
سه‌باره‌ت به نه‌حوی زمانی فارسی ده‌کرێ بڵێین که کارێک نه‌کراوه. ڕێزمانی زمانی فارسی زۆر ده‌نووسن، به‌ڵام نه‌حو زۆر که‌متر کاری له‌سه‌ر کراوه.
هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێ کرد له ساڵی ٤٧ دوو دانه کتێبم له بواری ئه‌ده‌بیاتی کوردی نووسیوه.
ئێستاش خه‌ریکی وه‌رگێڕانی کتێبێکی ١٢ به‌رگیم به نێوی: «المغصل فی احکام المراة و البیت المسلم» نووسینی زانای توێژه‌ر دکتۆر عه‌بدولکه‌ریم زه‌یدان. به‌ڕێز دکتۆر ئه‌حمه‌د نیعمه‌تی که هاوڕێی خۆمه، پێشتر وه‌رگێڕانی ئه‌و کتێبه‌ی ده‌ست پێ کردبوو، به‌ڵام به هۆی سه‌رقاڵی زۆر نه‌یتوانی به کۆتایی بگێنیت، تا ئێستا دوو به‌رگی وه‌رگێڕدراوه.
- کتێبی «نماز فرمان خدا» له سه‌رده‌می ئێمه و تا ئێستاش، ڕۆڵێکی به‌رچاوی له فێربوونی نوێژدا هه‌بووه. به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که به هۆی وێنهداربوون و شێوازی وتووێژی ئه‌و کتێبه، تێگه‌یشتنی زۆر سانا کردووه. ئێستاش ئه‌و کتێبه بۆ هاوچه‌رخانی من بیره‌وه‌ری زۆری هه‌ی، چ بوو به هۆی ئه‌وه‌یکه بیرۆکه‌ی نووسینی کتێبێکی وه‌هاتان به زه‌ین بگات؟
کاتێک که له مه‌هاباد مامۆستای دواناوه‌ندی بووم، زۆرتر وانه‌ی فیقهی وه‌ک فیقه و عه‌ڕه‌بیان به من ده‌سپارد. منیش مناڵه‌کانم ده‌بردن بۆ مزگه‌وت تاکو فێری ده‌ستنوێژ و نوێژ خوێندن بن. ئه‌و کات ته‌نیا «فقه محمدی» نووسینی به‌ڕێز مه‌ردوخی له‌به‌ر ده‌ست بوو. بۆوه‌یکه مناڵه‌کان له‌سه‌ر کلاس ماندوو و بێزار نه‌بن، هێندێک جار له کلاسی فیقهدا پرسیاره‌کانی کۆنکوورم بۆ وه‌ڵام ده‌دانه‌وه.
کاتێک له تاران بووم، ڕۆژێک له نزیکی پارکی شار مامۆستایه‌کم دیت که کتێبێکی له‌به‌ر ده‌ست بوو به نێوی: «نماز فرمان خدا». کتێبه‌که وێنه‌دار بوو و بۆ مه‌زهه‌بی شیعه نووسرابوو، هه‌ر له‌وێ بیرۆکه‌ی نووسینی کتێبێکی به‌و نێوه و له‌سه‌ر بنه‌مای فیقهی ئیمام شافعیم به زه‌ین گه‌یشت.
ـ چ که‌سایه‌تییه‌ک له ژیان و ده‌روون و هه‌ستی ئێوه‌دا زۆرترین کاریگه‌ری مه‌عنه‌وی هه‌بووه؟
زۆرترین کاریگه‌ری مه‌عنه‌وی و ڕوحی من له کتێبه‌کانی سه‌ید قوتب و به‌تایبه‌ت ته‌فسیری «فی ظلال القرا‌ن» بووه. زۆرترین چێژی ئیمانی و مه‌عنه‌ویم له سفره‌ی سه‌ید قوتب وه‌رگرتووه.
ـ له کۆتاییدا چ ڕاسپارده و ئامۆژگارییه‌کتان بۆ ئه‌هلی توێژینه‌وه و خوێنه‌ران و به‌تایبه‌ت گه‌نجانی تازهکار هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ڕاسپارده‌یه‌ک بکه‌م، ئه‌وه به ئه‌مه‌کناسی و شوکرانه‌بژێری و نیعمهتناسی ڕاسپارده‌تان ده‌که‌م. ئێمه دوو جۆر نیعمه‌تمان هه‌یه: نیعمه‌تی ماددی و نیعمه‌تی مه‌عنه‌وی.
جاری وایه له نیعمه‌ته مه‌عنه‌وییه‌کان بێ‌ئاگا ده‌بین و تووشی له‌خۆبایی و سه‌رلێشێواوی ده‌بین. من زۆر که‌س ده‌ناسم که به هۆی پله‌ی به‌رزی خوێندن و زانست تووشی لوتبه‌رزی و له‌خۆبایی بوون و به چاوێکی سووک و بێنرخانه له دینداری و موسوڵمانه‌تی ده‌ڕوانن. مرۆڤه‌کان هێز و توانای سه‌رکه‌شیان هه‌یه و پێویسته زۆر ئاگاداری خۆیان بن.
بۆچوونه‌کان