ساڵانێکی زۆرە، نێوان زانستی ئاکادێمی و زانستی خۆماڵی، مشت و مڕ هەیە، هەر وەکوو ئەم هەڵبەزینەوانە لە نێوان، حوجرە و زانکۆش هەبووە و زۆر جاریش بەردەوامە!
هەڵبەت ئەم پێک هڵپڕژانە و لێکدابڕانە، دیاردەیەکی مێژوویی مڕۆڤەکان بووە و کۆمەڵگەی مڕۆڤایەتی، هیچکات بەری نەبووە لەم دووبەرەکی و وێکهەڵنەکردنەی ئادەمیزاد!
تەنانەت زانستە ئاکادیمیکییەکان و پسپۆڕانی هەربەشە و زۆر جاریش پسپۆڕانی یەک بەشیش بە دامەزراوەیەکی جیاجیا، سەنگەریان لێک گرتووە و هەروەک لەم ساڵانەی دوایی، نێوان مافپارێزەکانی دەزگای داد و یاساناسەکانی ڕێکخراوەی ناوهندی پارێزەرانیش، وێک پڕژان، خۆی نواندو.ە!
دڕێژ دادڕی نەکەیین و ڕێک بگەڕێنەوە سەر بابەتی پێوەندیدار و بچینە خزمەت بەشێکی دیمانەی بونیادی ئاشتی و دڵۆڤانی لە تەک پوورەبەسێ کە دەفەرموێت:
"حکومەت، تەنگیان پێ هەڵچنیم و پێیان واژوو کردم کە چیتر، بە دەرمانی سوتاوەکان، درێژە نەدەم!
بەڵام بە قامکی شادە بۆم واژوو کردن و وتم بە قامکەکانی تر، لە خزمەت بەردەوام دەبم" !
ساڵانێکی دوور و درێژە لە نێوان زانستی پزیشکی ئاکادیمی و زانیاری خۆجێیی حەکیمەکانیش، دابڕان بووە و دەرمانی خۆجێیی لە لایەن دایرەی تەندروستی، هیچ کە ئاوڕێکی شایەنی لێ نەدراوەتەوە- هەروەک لە بواری ژینگە و کشتوکاڵ و مێعماری و هتدیش هەروا بووە-دوورەپەرێزیش کراوە و ئەوەی کە فارسەکان بە "دانش بومی"، ناوی دەبەن، پاشگوێ خراوە و زۆر جاریش، دایرە پێوەندیدارەکان و پسۆڕەکانی ژێر سەرپەرشتی ئەم دایرانە، بە تووندی دژی حەکیمەکان وەستاونەوه و هۆشداریان داوەتە خەڵک کە خۆیان نەخەنە بەردەستی ئەم تاقمە و هەرکاتیش، هۆشدارکردنەوەی خەڵک، کاریگەر نەبووە، ئەوە بە یاسا و ڕێسای خۆداڕێژەر، بەرەنگاری خزمەتی پزیشکی بەدەر لە چوارچێوەی وەزارەتی تەندروستی بوونەوە و بە مانایەک، زانستی خۆجێیی پزشکیان، ئیدانە کردووە!
گەرچی ناشاردرێتەوە کە بەشێکی زۆر لە بە ناو حەکیم و دکتۆری خۆداتەش و ساڕێژگەری خۆماڵی، هەر وەکوو بەشێک لە زانکۆییەکانی فێڵباز و حوجرەییەکانی پاوانخواز، تەنیا لەڕووی هەوانتە و بۆ داماڵینی گیرفانی خەڵک و جارجاریش بە داخەوە، بە چەواشەکاری و بەکارهێنانی دەوا و دەرمان و دوعای سڕکەر و بێ بنەما و جار و باریش هۆشبەر، خۆڵ دەکەنە برینی خەڵکی داماو، بەڵام لە بیریش نەکەیین بە درێژایی مێژووی ژیان، هەبوون و لە واقیعی ژیانی خەڵک و لە زاکیرەی کۆمەڵگەشدا، جێگەی دەست و شوێنەواری خزمەت و پێگەی چالاکانی بێگەرد و ساڕێژگەرەکانی لێزان و کارزان و کارجوان دیار بووە و بەتایبەت خزمەتی بێ بەرانبەریان، جیاکەرەوە و بەرچاو بووە و نکۆڵیان لێ ناکرێ، وەکوو لە هەموو چین و توێژ و بەشەکانی کۆمەڵگەشدا، بوونیان بووە و خزمەتی کاریگەریان نواندووە …
مێژوو هەڵبژاردە ئاسمانییەکانی وەکوو حەزرەتی سولەیمان و عیسای مەسیح و هتد و زەوینییەکانی وەکوو ئێبنی سینا و لوقمانی حەکیم و هتد دێنێتە بەر تیشکی بیرهێنانەوە و جا دوایی، کەسانێکی هاوشێوەی دایکە تێرزا دەکاتە شایەتی جیاوازبوونی ئاکاری مرۆڤەکان…
پوورە بەسێ، بە شایەتی گشت خەڵکانی دەڤەری سەردەشت و بگرە بەشێکی زۆری زاگرۆس و ئێران و تایبەت ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، بۆ چارەسەری برینی سووتاوەکان و هەروەها میوانداری و خزمەتی بنەماڵەیی نەخۆشەکان و بەردەوامی و کاریگەری دەرمانی، دەگمەنە و یەکێکە لە خاوەن زانستە خۆجێیەکانی پزیشکی و ئەوەی کە ناوی"دانش بومی" یە، لەم بەشەدا، زۆری لای ئەوە!
خۆی ئاماژە دەکات:
"گەرچی ئەم خزمەتە لە پوورە فاتیمەوە(فاتمەڕەش) بە من گەیشتووە و من هەوڵم دا لە جیاتی وانەکانی قوتابخانە، وانەی دەرمان لە پوورمەوە فێر بم، بەڵام نایشارمەوە کە زۆری ئەو دەرمانانە، لە هەنگەکانەوە بە من گەیشتوون و ئەو کاریگەریەی لێکەوتۆتەوە...
سەرنجم دەدا، هەر ڕووەک و گیایەک کە هەنگەکان لەسەری دەنیشتن، تاقیم دەکردنەوە!
چۆن دەمزانی کە یا گووڵەکەی کاریگەری هەیە یا لاسکەکەی..."
ئەو، سەرەتای دەسپێکی دەرمانکردنی، دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عیراق و دەڵێت:" هەر لە سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق و کاتێک کە دۆڵەتوو زۆر قەرەباڵغ بوو، کووڕێکم سووتا...
وتیان ڕادەستی دۆڵەتووی کەن کە دکتۆری شارەزای لێن...
منیش مناڵەکەم بردە ئەوێ و بەڵام هێندەیان، ئازار دا کە وتم بەسسە، ئیتر کووشتتان!
لە ئەوانڕا فێربووم کە بۆ دەرمانی سووتاو، دەبێ پێشتر شوێنی سووتاوەکە، باش خاوێن کرێتەوە...
هەر ئەو ئەزموونە تاڵەی دەرمانی مناڵەکەم، هاندەر بوو، بۆ ئەوەی کە ئیڕادەم بخەمە گەڕ تا بە تەرکیزێکی زۆرتر، دەرمانی سووتاوەکان، بخەمە ئەستۆ"
بەڕێزیان، دوایی باس لە پاڵپشتی بنەماڵەکەی دەکا و دەڵێ:
"ئەگەر هاندەری و پاڵپشتی هاوژین و کچ و کوڕ و بووکەکانم نەبووبا، بە متمانەوە بۆم نەدەگوونجا هەر ڕۆژە لە گووندێک و هەر کاژێرە لەسەر نەخۆشێک بم!
جاری وابووە لەگەڵ شووەکەم لە گوێزوەشاندن بوویین و هەر خۆمان بوویین و پیاوەکەم لەسەر دار...
بەڵام هەر لەو کاتەوە، لەشوێنێک بەدوامداهاتوون و پیاوەکە هیچ کە بەرگری لێ نەکردووم، بەڵکوو هەرای لێ کردووم کە گوێز بۆ نەخۆشەکەش هەڵگرم…
کووڕەکانم گەرچی هەستیار بوون، بەڵام هەرکات دڵۆڤان و یاریدەدر بوون و هەر ئەوانیش هاندەری درێژەدانم بەم خزمەتە بوون و هاوژینەکانیشیان هەر دڵفراوان و یارمەتیدەرم بوون...
تەنانەت ئەگەر پاڵپشتی دارایی کوڕەکان نەبووبا، نەدەگوونجا کە ئەم خزمەتە بێ بەرانبەر دەوامە بدەم و هاوکاتیش میوانداریی بەشێکی زۆر لە نەخۆشەکان و هاوڕێکانیان بکەیین…
مەنیجە خاتوونی کچیشم کە میراتگەری سامانی ئەم خزمەتەیە، لە گشتیان زێدەتر ماندوویی چێشتووە و ئەرک و قوورسایی لەسەر بووە کە ئەگەر تایبەت ئەو گەردنم ئازاد نەکا، پەکم دەکەوێت..."
پوورە بەسێ، مرۆڤێکی تا بڵێی دامەزراو و مێشک پاراو و سیمانوورانییە کە زەردەخەنە لە لێوەکانی ناکەوێ و بنەماڵەکەشی، لەو پەڕی سێبووری و دڵۆڤانیدا، خزمەتی بێ بەرانبەری نەخۆش و هاوڕێکانی نەخۆش دەکەن و کات لەگەڵ کاتدا، ڕووگەشتر و دڵفراوانتر دەنوێنن...
حەوت ساڵ لەمەوەبەر،ئەکتەری بەناوبانگی وڵاتی ئێران -خاتووفاتیمە موعتەمێدئاریا- لە شاری سەردەشت، میوانی بونیادی ئاشتی و دڵۆڤانی بوو و داوای دیداری پوورە بەسێی کرد...
بە بەشداری بەڕێزیان و زۆرێک لە ئەندامانی بونیادی ئاشتی و دڵۆڤانی، میوانی ئەم بنەماڵە بوویین و بە ئەوپەڕی گەورەییەوە، میواندارییەکی بەپێزیان کردین...
ئەمساڵیش کە بەهۆی پێشهاتەیەک، ئاتاجی دەستە شیفاگەرەکانی پوورە بەسێ بوویین، مەنیجە خاتوونی میراتگری پوورە بەسێ، سینگی هێنا پێشەوە و لەماوەی بیست ڕۆژدا، موعجیزەی شیفای نواند و ئەوەی کە بە پسپۆڕانی تایبەت، لەو ماوە کورتەدا، نەدەکرا، کردی و باشیش کردی…
سەردەشت، بە هەشت هەزار برینداری کیمیاوی و زیاتر لە سەدهەزار باڵوێزی ئاشتی و دڵۆڤانی و مام کاوێ بە ساڕێژگاکەی پوورەبەسێوە، هیچ کات بارتاقای خزمەتیان بە نیشتمان و جیهان ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و خزمەتیان نەکراوە!
ئەم پێشهاتەی دوایی بۆ یەکێک لە ئەندامانی بونیادی ئاشتی و دڵۆڤانی و ئەزموونی دو و چاندجارەی دڵۆڤانییەکانی بنەماڵەی پوورە بەسێ و ئەوجاریش بەتایبەت دیتنی موعجیزەی شیفاگەری دەستە مەسیحاییەکەی مەنیجە خاتوونی کچی و خزمەتە خۆبەخشیەكانی دایکە تێرزاییەکەی، وای کرد ئامانجی لەمێژینە بپێکین و دیمانەیەک لە تەک ئەم دایک و خوشکە ساز دەیین کە گرتەی سەرەکی، لەم ویدیۆیە دا، ڕاگوێزراوە...
ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە، پاشگوێ خستنی دەزگا پێوندیدارەکان و تەنانەت زانکۆکان و نوێنەرانی خەڵک بە تایبەت پارلمانتار و ئەنجوومەنی شار و دێهیارەکانە کە ئەم سارێژگەیەیان لەم قووژبنەی وڵات، بێ ناز جێهێشتووە و تەنانەت پسپۆڕان و لێکۆڵەرانی بەشی پزیشکیش، ئاوڕێکی جیدیان لێنەداوەتەوە و زۆر بەداخەوە، دەزگای داد، لەسەر داواکاری دایرەی تەندروستی شار، هەڕەشەشی خستوونە سەر و لە قوژبنێکی ئاوایی سەرسنوور قەتیسی داون!
ئەوەی کە ئێمە بەئەزموون لەم دووخاتوونەمان بینی و بە شایەتی ڕێژەیەکی زۆر لە بریندارە چاکبووەکانی ئەم دوو خاتوونە و بە پشتبەستن بە ڕەسم و گرتە ویدیۆییەکانی تۆمارکراوی پێش دەرمان و دوای دەرمان، دەوای پوورە بەسێ و دەستە شیفاگەرەکانی مەنیجەخاتوون، جێگەی تێڕامان و سەرنج و لێکۆڵینەوەی زیاتر و هەروەها ڵێکگرێدان بە زانستی نوێ و وانەبێژی لە زانکۆکانە و پێشنیار دەکەیین؛
١) زانکۆی ئاشتی ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی و هەروەها یۆنێسکۆ و تەندروستی جیهانی، وەکوو ئەرکی سەرەکی، پێویستە ئاوڕێک لەم زانستە خۆجێیە ئاشتی سازدەرە، بدەنەوە و لەسەرئاستی جیهان، ئەم زانیارییە کە دەکرێ مانای سەرەکی، سەواد بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و هەروەها بەها ئاشتەواییەکانی بۆ مرۆڤ پێوە بێت و هەڵێنجێنرێت، کۆبکەنەوە و بۆ پەرەپێدانی بایەخی ئەم جرە زانستانە، پڕۆگرامی توخمە داڕێژن…
٢) زانکۆی پزیشکی تاران، وەکوو دایکی زانکۆ پزیشکییەکانی ئێران و زانکۆی پزیشکی سنە و تایبەت تر، هەڕێمی کوردستان، وەکوو زانکۆیەکی نەتەوەیی، کوورسییەکی ڕاهێنان و بارهێنان بۆ پوورە بەسێ و مەنیجە خاتوون و هەروەها گروپێکی توێژینەوە لەسەر جۆری گیاکان و پێکهاتەی دەرمانی سووتانی وان، پێک بێنن و نەهێڵن ئەم زانستە خۆجێییە -دانش بومی- لەژێر خۆڵەمێشی فەرامۆشی و هەڵپڕژانی زانستی ئاکادمیکی و خۆجێیی، بزر بێت و لە کیس چینی دواڕۆژ بچێت!
٣) وەزاڕەتی تەندروستی ئێران و هاوکات وەزاڕەتی گەشت و گوزار، بۆ سازدانی شوێنێکی شیاو و بەردەست و گونجاو بۆ نەخۆشەکان و ئەم دو پەنجە شیفاگەرە، قۆڵ هەڵماڵن و وەکوو سەنتەرێکی پزیشکی سەلامەت، بۆ ڕاکێشانی نەخۆشەکانی دەرەکی و کردنەوەی دەروویەکی پیشەیی بۆ خەڵکی ئەم دەڤەرە، تەرکیز بکەن!
٤) ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ئێن جی ئۆیەکان، بە تایبەت لە بواری بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی و خزمەتی خۆبەخشانەی کاریگەر، بە یارمەتی میدیاکاران و میدیاگشتییەکان، تیشک بخەنە سەر ئەم هێمایانە و وێڕای پێناەکردن و پێکهێنانی کۆڕی ڕێزگرتن، شارەوانی و ئەنجومەنی شار و دێهیارییەکان و تەنانەت قایم قام و بەرپرسانی سەرووتر هان بدەن، ئەم سامانە نەتەوەیی و نیشتمانیانە بدۆزنەوە و بۆ هێشتنەوە لە زاکیرەی مێژوودا، تەندیسیان لێ سازدەن!
٥) خێرخوازەکان و خەڵکی دەست ڕۆیشتوو، بەتایبەت لەژێر چاوەدێری شۆڕای خێڕخوازانی سەلامەتی سەردەشت -کە دوای کڕۆنا ئەزموونی سەرکەوتووی پێشان داوە-، بێنە کایە و گیرفان بۆ خزمەت بەم بەشە، شل بکەن و بنکە و بینای ئەهلی تایبەت بۆ ئەم بەشە سازدەن یا خۆ لانیکەم یارمەتیدەری دابینکەری کەل و پەلی دەرمان بۆ هاوشێوەی ئەم دووخاتوونە و کاک فەتحوڵڵا و هتد بن…
٦)…
٭شایانی باسە کە هەر لەم بەشەدا، کاک فهتحوڵڵای کانی بی لە دەڤەری سەردەشت هەیە و ئەزموونی دەرمانی باوەڕپێکراویشی هەیە و بگرە هاوشێوە یا بە دەرەجەی نزم تر لە شوێنی تریش ببن.
بۆچوونهکان