پێشتر وا بیرم دەکردەوە هەموو ئامانجی ژیان گەڕانە بەدوای دڵخۆشبوونه. هەمووانیش دەیانوت ڕێگای دڵخۆشبوون سەرکەوتنە، بۆیە بۆ کاری نموونەیی گەڕام، بۆ باشترین خۆشەویست، باشترین ئەپاڕتمان. بەڵام لەجیاتی ئەوەی هەست بکەم پێیان گەشتووم، هەستم بە دڵەڕاوکێ و نائارامی دەکرد. هەر خۆشم وانهبووم، بهڵكوو هاوڕێکانیشم بەدەست ئەمەوە دەیانناڵاند.
دەرئەنجام بڕیارم دا بچم بۆ خوێندنی باڵای دەروونناسی ئەرێنی بۆ فێربوونی زیاتر لەسەر ئەوەی چی وا لە خەڵک دەکا دڵخۆش بن. ئەوەی لەوێ دۆزیمەوە ژیانی گۆڕیم. زانیارییەکە نیشانی دا کە هەوڵدان بۆ دڵخۆشبوون وا لەخەڵک دەکا دڵخۆش نەبن. ئەوەشی سەرسامی کردم ئەمە بوو: ڕێژەی خۆکوشتن لە بەرزبوونەوەدایە لە هەموو جیهاندا و بەم دواییە لە ئەمریکا گەیشتۆتە زۆرترینی ئەم ٣٠ ساڵە. هەرچەندە وا دەردەکەوێ کە ژیان بەرەو باشتربوون چووبێت لە زۆربەی ڕووەکانەوە، خەڵکێکی زیاتر هەست بە بێهیوایی، خەمۆکی و تەنیایی دەکەن. هەستکردن بە بەتاڵییەک هەیە لە ناخی خەڵکا و پێویست ناکا خەمۆکی تەواوت هەبێ بۆ ئەوەی هەستی پێ بکەیت. زووتر بێت یان درەنگتر، پێموابێ هەموو بیر دەکەینەوە: ئەمە هەموو ژیانە؟ بەپێی توێژینەوەکەش، ئەوەی پێشبینی تووشبوون بە خەمۆکی دەکا، نەبوونی دڵخۆشی نییە. نەبوونی شتێکی ترە، نەبوونی واتای ژیان.
بەڵام ئەوە هەندێک پرسیاری لەلای من دروست کرد. ژیان زیاتری هەڵگرتووە لە تەنیا دڵخۆشبوون؟ جیاوازیش چییە لەنێوان دڵخۆشبوون و هەبوونی واتایەک لە ژیانتا؟ زۆر دەروونناس پێناسەی دڵخۆشی دەکەن وەک دۆخی ئاسوودەبوون و پشوودان، هەستکردن بە باشی لەو ساتەدا. بەڵام واتاکەی، قوڵترە. دەروونناسی بەناوبانگ مارتین سێلیگمان دەڵێ: واتاکەی لەوەوە دێت، بۆ شتێک بیت و خزمەتی شتێک بکەیت که لەسەرووی خۆتەوە بێ و ناخت بهرهو باشترین پەرە پێ بدهی. کلتوورەکەمان خوی گرتووە بە دڵخۆشییەوە، بەڵام بهوه گەیشتم که هەوڵدان بۆ هەبوونی واتای ژیان، زیاتر دڵخۆشت دەکا. توێژینەوەکەش نیشانی داوە ئەو کەسانەی ژیانیان واتایەکی هەیە، زیاتر بەرگە دەگرن، باشترن لە قوتابخانە و کارەکانیان، و تەنانەت زیاتریش دەژین.
بۆیە هەموو ئەمە وای لێ کردم بیرکەمەوە: چۆن هەموومان بتوانین زیاتر بەشێوەیەکی واتادار بژین؟ بۆ دۆزینەوەی ئەوە، پێنج ساڵم بەسەر برد لە چاوپێکەوتنی خەڵکدا و خوێندنەوەی هەزارەها لاپەڕە لە بواری دەروونناسی و زانستی دەماری و فەلسەفەدا. هەموویم کۆ کردەوە، ئەوەم دۆزییەوە کە پێی دەڵێم چوار پایەکەی ژیانێکی واتادار. هەموو دەتوانین ژیانێکی واتادار دروست بکەین بە بنیاتنانی هەندێک یان هەموو ئەم پایانە لە ژیانی خۆماندا.
یەکەم پایە هەستکردن بە بوونتە. هەستکردن بە بوونت لەوەوە دێت که لە پەیوەندییەکانتدا بەهادار بیت لەسەر بنەمای ئەوەی خۆت کێیت و خۆشت بەهەمان شێوە سەیری ئەوان بکەیت. بەڵام هەندێک لە کۆمەڵ و پەیوەندییەکان جۆرێکی لاوازی هەستکردن بە بوونیان تێدایە؛ لەسەر بنەمای ئەوە بەهای تۆ دادەنرێت کە باوەڕت پێیە، ئهوهیکە ڕقت لە کێیە، نەک خۆت کێیت. هەستکردن بە بوونت لە خۆشەویستییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەناو ساتەکانی ناو کەسەکاندا دەژی و هەڵبژاردنێکە دەتوانی هەڵی بژێری، هەستکردن بە بوون لەگەڵ ئەوانی ترا بچێنیت.
نموونەیەک باس دهكهم؛ هەموو بەیانییەک جۆناسانی هاوڕێم ڕۆژنامەیەک دەکڕی لە هەمان فرۆشیاری سەر شەقام لە نیویۆرک. هیچ ئاڵوگۆڕێک ناکەن، ساتێک وەردەگرن بۆ خاوبوونەوە، بۆ قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر وەک مرۆڤ. جارێک، جۆناسان پارهی وردەی پێویستی پێ نەبوو و فرۆشیارەکە وتی: "خەمی ئەوەت نەبێ." بەڵام جۆناسان سووربوو لەسەر پارەدان، بۆیە چوو بۆ کۆگاکە و شتێکی کڕی کە پێویستی پێ نەبوو بۆ ئەوەی وردەی دەستکەوێ. بەڵام کاتێک پارەکەی دابوو بە فرۆشیارەکە، فرۆشیارەکە گەڕابۆوە دواوە. ئازاری دابوو، ئهو ویستبووی میهرەبانی بنوێنێت، بەڵام جۆناسان ڕەتی کردبۆوە.
پێموابێ هەموومان بە شێوازی ئاوا بچووک خەڵک ئازار دهدەین بێ ئەوەی پێی بزانین. منیش وا دەکەم. بەلای کەسێکدا دەڕۆم کە دەیناسم و هێندە گەرم نابم لەگەڵیا. سەیری مۆبایلەکەم دەکەم کاتێک یەکێک قسەم لەگەڵ دەکا، ئەمە لە بەهای چواردەورت کەم دەکاتەوە، وایان لێ دەکا هەست بکەن نابینرێن و بەهایان نییە. بەڵام کە بەخۆشەویستییەوە دەجوڵێیتەوە، پەیوەندی دروست دەکەیت کە بەهای هەردووکتان بەرز دەکاتەوە. بۆ زۆر کەس، هەستکردن بە بوون سەرەکیترین سەرچاوەی واتابەخشینە، ئەو پەیوەندییانەی لهگهڵ خێزان و هاوڕێکان و كهسانی تر ههیه.
دووههم پایهی کلیلی واتا بەخشین، ئامانجه. دۆزینەوەی ئامانجەکەت هەمان شت نییە وەک دۆزینەوەی کارەکەی دڵخۆشت بکا. کارمەندێکی نەخۆشخانە پێی وتم ئامانجی، چارەسەرکردنی نەخۆشەکانە. زۆر دایک و باوک پێم دەڵێن: "ئامانجم گەورەکردنی مناڵەکانمە." کلیلی هەبوونی ئامانج، بەکارهێنانی تواناکانتە بۆ خزمەتی کەسانی تر. بێگومان، بۆ زۆرێکمان، ئەوە لەڕێگەی کارکردنەوە دەبێت. بەو شێوەیە ڕۆڵ دەبینین و هەست دەکەین پێویست بین. بەڵام ئەوە واتای ئەو كێشانەش دەبێت، کێشەکانی وەک دابڕان لە کار، دانەمەزران، بەشدارییەکی کەم لە کاردا، ئەمانە تەنیا کێشەی دارایی نین، کێشەی بوونیشن. بەبێ کردنی شتێک کە شایەنی بێت، خەڵک ژیانیان تێک دەچێ. بێگومان پێویست ناکا ئامانج بدۆزیتەوە لەسەر کارەکەت، بەڵام ئامانجەکانی ژیانت شتێکت دهدەنێ کە بتوانیت بۆی بژیت، "بۆچی"یەک پاڵنەرت بێت بژیت بۆی.
سێیەم پایەی واتابەخشین دەربارەی هەنگاونانە بۆ سەرووی خۆت، بەڵام بەشێوەیەکی تەواو جیاواز، گەیشتنە به تێگەیشتنی بەرزتر. دۆخی تێگەیشتنی بەرزتر ئەوساتە دەگمەنانەیە کە هەست دەکەی بەرز بوویتەتەوە بۆ سەرووی کێشەکانی ژیان، هەستکردن بە خۆت دیار نامێنێ و هەست دەکەی بەستراویتەوە بە واقیعێکی بەرزترەوە. یەکێک لەوانەی چاوم پێی کەوت، بەرزبوونەوەی تێگەیشتن لە بینینی هونەرا بوو. بۆ یەکێکی تر، چوون بۆ کڵێسا. بۆ من، من نووسەرم، و لەڕێگەی نووسینەوە دەبێ. هەندێک جار هێندە قوڵ دەبمەوە تێیدا، هەستکردن بە کات و شوێن لەدەست دهدەم. ئەم ئەزموونی بەرزبوونەوانە دەکرێ بتگۆڕێت. لە توێژینەوەیەکدا داوا لە خوێندکاران کرابوو، سەیری درەختێکی ئیوکالیپتەسی ٢٠٠ پێی بکەن بۆ یەک خولەک. دوای ئەوە هەستیان کرد کەمتر تەنیا بیر لەخۆیان بکەنەوە و بەشێوەیەکی بەخشندانەتر دەجوڵانەوە، کاتێک دەرفەتیان دەدرایە یارمەتی کەسێکی تر بدەن.
هەستکردن بە بوون، ئامانج، گەیشتن بە تێگەشتنی بەرزتر. ئێستا چوارەم پایەی واتا بەخشین، کە دۆزیومەتەوە، خەڵک سەرسام دەکا. چوارەم پایە چیرۆک گێڕانەوەیە، چیرۆکەکەی بۆخۆتی دەگێڕیتەوە دەربارەی خۆت. دروستکردنی گێڕانەوەیەک لە ڕووداوەکانی ژیانت ڕۆشنایی دەهێنێ. یارمەتیت دهدا تێبگەیت چۆن تۆ بوویت بە تۆ. بەڵام هەمووکات دهرک بەوە ناکەین کە ئێمە نووسەری چیرۆکەکانی خۆمانین و دەتوانین شێوازی گێڕانەوەیان بگۆڕین. ژیانت تەنیا لیستێکی ڕووداوەکان نییە. دەتوانی پێیدا بچیتەوە، شی بکەیتەوە و دووبارە چیرۆکەکە بگێڕیتەوە، تەنانەت کاتێکیش ڕاستییەکانی ژیانت دەستیان گرتبێ.
پیاوێکی گەنجم بینی بەناوی ئێمیکا، کە لەدوای یاری تۆپی پێ لەپەل کەوتبوو. دوای ڕووداوەکە، ئێمیکا بەخۆی وتبوو: "ژیانێکی خۆشم هەبوو کاتێک یاریم دەکرد، بەڵام ئێستا سەیرم کەن." ئەوانەی ئاوا چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە: "ژیانم باش بوو. ئێستا خراپە" دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاتریان دەبێ، بۆ ماوەیەک ئێمیکا وا بوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، دەستی کرد بە پێکهێنانی چیرۆکێکی نوێ. چیرۆکەکەی ئەمەبوو: "پێش ڕووداوەکە، ژیانم بێ ئامانج بوو. هەر لە ئاهەنگ بووم و کەسێکی خۆپەرست بووم. بەڵام ئەو پێکانە وایکرد دهرک بەوە بکەم که دەکرێ ببم بە پیاوێکی باشتر." ئەو نووسینەوەیە چیرۆکەکەی ژیانی ئێمیکای گۆڕی. ئێمیکا دەستی کرد بە وانەوتنەوە بە منداڵان و ئامانجەکەی خۆی دۆزییەوە: خزمەتکردنی کەسانی تر. دان ماک ئادامسی دەروونناس بەمە دەڵێ: "چیرۆکی ڕزگارکەر" کە خراپەکە لەلایەن باشەکەوە ڕزگار دەکرێ. بۆی دەرکەوتووە ئەوانەی ژیانێکی واتاداریان هەیە، بەشێوەیەک چیرۆکی ژیانیان دەگێڕنەوە که خۆڕزگارکردن، گەشەکردن و خۆشەویستی بناغەکەی بێت.
بەڵام چی وا لە خەڵک دەکا چیرۆکەکانیان بگۆڕن؟ هەندێک كهس یارمەتی چارەسەرکەری دەروونی وەردەگرن، بەڵام دەشتوانی بۆخۆت بیکەیت، تەنیا بەوەی بە قووڵی سەیری ژیانی خۆت بکەیتەوە، چۆن ئەزموونە یەکلاکەرەوەکان ئەم شێوەیەیان داوە پێت، چیت لەدەست داوە، چیت بەدەست هێناوە. ئێمیکا ئەوەی کرد. بە شەوێک چیرۆکی ژیان ناگۆڕێت؛ لەوانەیە چەندین ساڵی بوێت و دەکرێ ئازاربەخشیش بێ. هەرچۆنێک بێ، هەموو ناڵاندوومانە و هەموو دەناڵێنین. بەڵام لەباوەشگرتنی ئەو یادەوەرییە ئازاربەخشانە، دەکرێ بتباتە تێگەیشتن و دانایی نوێ بۆ دۆزینەوەی باشییەکانی توانای بەردەوامبوونت پێ بدات.
هەستکردن بە بوون، هەبوونی ئامانج، بەرزبوونەوەی تێگەیشتن، چیرۆک گێڕانەوە؛ ئەوانە چوار پایەکەی واتابەخشینن. کە گەنجتر بووم، خۆشبەخت بووم کە هەموو ئەم پایانە چواردەوریان دابووم. دایک و باوکم شوێنێکی یەکتربینینی سۆفیزیمیان له مۆنتریاڵ بهڕێوه دەبرد. سۆفیزم پەیڕەوێکی ڕۆحییە کە سەماکردنی دەروێشانە و هۆنراوەی ڕۆمی لەخۆ دەگرت. هەفتەی دووجار، سۆفییەکان دەهاتن بۆ ماڵمان بۆ تێڕامان، خواردنەوەی چای فارسی و گێڕانەوەی چیرۆکەکان. پەیڕەوەکەیان خزمەتکردنی هەموو بوونەوەرەکانی لەخۆ دەگرت لەڕێگەی کاری خۆشەویستی بچووکەوە، واتە تەنانەت ئەگەر خەڵکیش هەڵەیان کردبێت بەرامبەرت، تۆ باشبیت لەگەڵیان. بەڵام ئامانجێکی دهدا پێیان: بەسەر لەخۆڕازیبوونیاندا زاڵ بن.
دەرەنجام، ماڵەوەم بەجێ هێشت بۆ کۆلێژ و بەبێ هەبوونی پەیڕەوە ڕۆژانەییەکانی سۆفیزم لە ژیانمدا، هەستم بە نائارامی دەکرد. دەستم کرد بە گەڕان بۆ ئەو شتانەی وایان دەکرد شایەنی ژیان بێت بۆی. ئەوەش ئەوەبوو کە وای لێ کردم ئەم گەشتە دەست پێ بکەم. ئێستا کە سەیر دەکەمەوە دهرک دەکەم کە ماڵە سۆفییەکە کلتوورێکی ڕاستەقینەی واتابەخشینی تێدا بوو. پایەکانی بەشێک بوون لە تەلارسازی و هەبوونی پایەکان یارمەتی داین هەموومان بەشێوەیەکی قوڵتر بژین.
بێگومان، هەمان بنەما دەچەسپێت بەسەر کۆمەڵگا بەهێزەکانی تریشدا باشەکان و خراپەکانیش، باندەکان و تۆڕەکان. ئەمانە کلتوورەکانی واتا بەخشینن کە پایەکان بەکاردەهێنن و شتێک دهدهن بە خەڵک بۆی بژین و بۆی بمرن. ڕێک لەبەر ئەوەیە ئێمە وەک کۆمەڵگایەک پێویستە شوێنگرەوەی باشتر پێشکەش کەین. پێویستە ئەو پایانە بنیات بنێین لەناو خێزانەکانمان و دامەزراوەکانماندا بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵک بدەین و ببن بە باشترینی خۆیان. بەڵام ژیان بەشێوەیەکی واتادار پێویستی بە کار بۆکردنە، پرۆسەیەکی بەردەوامە. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا، بەردەوام ژیانمان دروست دەکەین، بەشێكی تر زیاد دەکەین بۆ چیرۆکەکەمان. هەندێک جاریش لەوانەیە لەسەر ڕێڕەوەکە لاچین.
هەرجارێک ئەوەم بەسەر دێت، ئەزموونێکی بەهێزی خۆم لەگەڵ باوکم بیر دەکەوێتەوە. چەند مانگێک دوای ئەوەی کە کۆلێژم تەواو کرد، باوکم تووشی جەڵدەیەکی گەورە بوو کە دەبوو پێی بمردایە، بهس ڕزگاری بوو. كاتێك لێم پرسی لەوکاتەدا چی بە مێشکیدا دەهات كه ڕووبەڕووی مردن دهبوویهوه؟ وتی هەموو ئەوەی دەمتوانی بیری لێ بكهمهوه، ئهوه بوو كه پێویست بوو بژیم بۆ ئەوەی بمێنم بۆ تۆ و براکەت و بۆ ئەمەش پێویست بوو شەڕ بکهم بۆ ژیان. کاتێک سڕکردنی بۆ کرا بۆ نەشتەرگەری فریاکەوتن، لەجیاتی ئەوەی لە ١٠ بۆ خوارەوە بژمێرێت، ناوەکانی ئێمەی دەوتەوە. دەیویست ناوەکانمان دوایین وشە بن کە دەیڵێتەوە لەسەر زەوی ئەگەر هاتو مرد.
باوکم دارتاشیشە و سۆفیشە. ژیانێکی سادەی ههیە، بەڵام ژیانێکی باشە. لەویا کە خەریک بووە بمرێت، هۆکارێکی هەبووە که بۆی بژیت: واته خۆشەویستی. هەستی ئەوەیکه بەشێکە لە خێزانەکەی، ئامانجەکەی وەک باوکێک، تێڕامان و بیرکردنەوە بەرزترەکەی و وتنەوەی ناوەکانمان. وتی کە ئەمانە هۆکاری ئەوە بوون کە ڕزگاری بووە.
ئەوە چیرۆکەکەیەتی کە بۆخۆی دەگێڕێتەوە. ئەوە هێزی واتابەخشینە. دڵخۆشی دێت و دەڕوا. بەڵام کاتێک ژیان بەڕاستی باش دەبێ و کاتێک شتەکان بەڕاستی خراپ دەبن، واتایەک بۆ ژیان ههبێ، شتێک که دەبێ دەستی پێوە بگریت.
نووسهر: ئیمێیلی ئیسفههانی ئیسمیت
بۆچوونهکان