کۆڕی پەردەلادان لە دوو بەرھەمی نوێی مامۆستا ڕەسووڵ کەڕیمی ناسراو بە «سووتاو» ڕۆژی شەممە 25ی خەرمانان لە ھۆڵی «وەحدەت»ی شاری مەھاباد بەڕێوە چوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، مامۆستا سووتاو، کتێبی «مەم و زین»ی ئەحمەدی خانی کە بە زاراوەی کرمانجی دانراوە، وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی فارسی. ھەروەھا کتێبی «حەیدەر بابا» کە ھۆنراوەی «شەھریار» شاعیری ناوداری تورکە و لەسەر زمانی تورکیە، وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.
لەم ڕێوڕەسمەدا زۆربەی بەرپرسانی شار، وەک «شوجاعی» بەرپرسی شاری مەھاباد، «مورادی» بەرپرسی دەزگای فەرھەنگ و ئیڕشادی مەھاباد، «مەحموودزادە» نوێنەری پەڕلەمان، «مامۆستا سۆرابی» ئیمام جومعەی شاری مەھاباد، بەشدارییان کرد.
لەم ڕێوڕەسمەدا بەرپرسانی شار، لە زەحمەت و چالاکاییەکانی مامۆستا سووتاو دەسخۆشی و سپاسیان کرد و بە بۆنەی بایەخدان بە زمانەکانی ناوخۆیی، دەسخۆشیان لێ کرد و خەڵاتیان پێشکەش کرد.
خاتوو «ئامینە سونبولی»، وەک نوێنەری لێژنەی ئەدەبی شار مەھاباد، لە دەقێکی ئەدەبییدا، ژیاننامەی مامۆستای بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.
ڕەحیم سوڵتانی، دانەر و مامۆستای فێرگەی زمانی کوردی «سۆما» سەبارەت بە گرینگی ئیشی وەرگێڕان، وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بۆچوونهکان