وانە نوورینەکانی قوڕئانی پیرۆز «وَمَنْ يَعْشُ عَنْ ذِكْرِ اَلرَّحْمٰنِ نُقَيِّضْ لَهُ شَيْطٰاناً فَهُوَ لَهُ قَرِينٌ» ﴿زوخڕوف/٣٦﴾ هەر کەس لە یادی خوای میهرەبان غافڵ بوو، شەیتانێکی بۆ تەرخان دەکەین کە دەبێتە هاوڕێی نزیکی وی یاد و زیکر و شوکری خوا هەمووکات وا دەکا مرۆڤ قەڵغانێک لە دەوری خۆی بکێشێ کە شەیتان نەتوانێ بە ئاسانی ڕووی تێکا و شوێندانەری بخاتە دەروونی. فەڕز و سوننەتەکان و بە گشتی هەموو هەڵوێستێک کە ناو و یادی خوای دەگەڵ بێ، پیرۆزە و لە ڕیزی عیبادەتەکان بە ئەژمار دێ، بەپێی فەرموودەکان ئیشی ڕۆژانە کە تێکەڵی ناو و یادی و زیکری خوا بکرێن، گشتیی بە عیبادەت دێنە ئەژمار و لە تەواوی ئەو کاتانە شەیتان ناتوانێ زەفەڕت پێ ببا. وانەی ئایەت خوای باری تەعالا لە ناساندنی خۆیدا زۆر باسی سیفەتی میهرەبانی خۆی دەکا، بەتایبەت لەم ئایەتەدا، کەوایە مرۆڤ بە کام هەڵبژاردەیە سەرکەوتن وەدەست دێنێ؟ خوا یا شەیتان!؟ كه‌واته‌ با ئێمەی مرۆڤ زوڵم لە خۆمان نەکەین، با تەواوی یاسا و گەڵاڵەکانی ژیانمان بەپێی قوڕئان و فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەرەکەمان ڕێک بخەین. وەرگێر: شەیدا مەحموودی