بۆ چی خوا بە مووسای گوت: «اننی انا اللە...»؟!
وا هەست دەکەم خەڵکی ئەوکات بە هۆی زووڵم و زۆرداری فیرعەون، فەرمانڕەوا و فریاڕەسی خۆیان لەبیر کردبێ. تا ئەو ڕادەیە کە تەنیا گوێڕایەڵی فیرعەون بووبن واتە بەندایەتی ئەویان کردبێ.
بەڵام دەبینم خوا چەندە بە ڕەحم و سۆز و دڵۆڤانیەوە، بە مووسا دەفەرمووێت: بەندەکانم منیان لەبیر کردووە. 
غەریبی ئەم ئایەتەم ئاوا بۆ دەرکەوتووە کە زەمەنێک تێپەڕیبوو و «اللە»، تەواو لە بیر کرابوو و جێی خۆی بوو ڕق و تووڕەیی خوا داوێنگیریان بووبایە و تێکشکێندرابان. بەڵام دەبینم خوا، لەو پەڕی دڵسۆزی و دڵۆڤانییەوە، ڕاستییەکانیان بیر دەخاتەوە.
ئەوەندەی لە کتێبی بەندایەتی مامۆستا ناسر سوبحانیم خوێندەوە بۆم دەرکەوت «إله»، واتە ئەو کەسەی کە فەرمانڕەوا و فریاڕەسە، کە مرۆڤ تەواو ملکەچی فەرمانەکانی ئەو بێت و تەنیا لەو داوای یارمەتی بکا و دەستی نیازی بۆ لای ئەو بەرز بکاتەوە.
فیرعەون سوور بوو لەسەر ئەوەی کە یاسا دەبێ یاسای ئەو بێ و لەنێو گەلەکەیدا کەس بۆی نییە سەرپێچی ئەمر و فەرمانەکانی بکات. خۆی حوکمی دەکرد و بڕیاری دەدا، ئەو یاسا و بڕیارانەی کە هیچ ڕەنگی خواییان نەبوو! بۆیە خەڵک لە گێژاوی بەجێهێنانی ئەمر و فەرمانەکانی فیرعەون ڕۆچوون و فەرمانڕەوای ڕاستەقینەیان لە بیر کرد!
هەروەها بۆم دەرکەوت یەکێک لە گەورەترین هاوبەشدانان بۆ خوا، هەمان هەوا و نەفسە! ئەوکاتەی کە گوێی بۆ دەگرین و شوێنی فەرمانی دەکەوین، لە ناخماندا فیرعەونێک دەخوڵقێنین! «اللە» لەبیر دەکەین و ئەوساری ژیانمان دەخەینە بەردەست فیرعەونی ناخمان!
لە درێژایی مێژوودا مرۆڤەکان فیرعەونیان خوڵقاندووە و خوڵقاندۆتەوە، جا یان پەیرەوی نەفسیان بوون یان  گوێڕایەڵی کاربەدەستانی یاغی و لاسار!
کاتێک مرۆڤ «اللە»ی بە «اله»، واتە فەرمانڕەوا و فریاڕەسی خۆی ناسی، ئیتر ملکەچ بوون بۆ غەیری ئەو گەدایی لە غەیری دەرگای ئەو چ مانایەکی دەبێت؟! بۆیە بەندەبوون واتە گوێڕایەڵی تەواو لە ئەمر و فەرمانەکانی خوا بێ هیچ مەرج و ئەولاوئەولایەک. لە هەموو چرکە ساتەکانی ژیان ئەم بەندایەتییە دەبێ تەنیا بۆ خوا بێ، بگرە مردنیش.
ئەگینا ئەگەر کەسێک لە هێندێک شتدا بە پێی یاساکانی خوا بجوڵێتەوە و لە هێندێکیش بە پێی نەفس و ئارەزووی خۆی بوخلێتەوە، ئەوە بەندایەتی نییە!
زۆر جار وامدەزانی هەر ئەوەیکە بوت و کەسانی سەرکێش و مڵهوڕ ناپەرستین و ڕوومان لە خوایە، ئەوە لەسەر ڕێگای ڕاستی بەندایەتین. هەر ئەوەیکە خوا دەناسین کە نیعمەتمان پێ دەبەخشێ و لە ڕێگەی بەندایەتی ڕێگامان بۆ ڕاست دەکاتەوە و کەرەسەی پێویستمان بۆ دابین دەکا و ترس و خۆفمان لێی هەیە و نوێژ و ڕۆژووش دەگرین، ئەوە تەواوە و بەندی خوایین. بۆیە زۆر جار هەندێک کارم کردووە کە ئامانجم وەدیهاتنی ویستی دڵی خۆم بووە_ هەرچەند لە چوارچێوەی دینیش دابووە_ بۆ نموونە زۆر جار لە یاساکانی خودا ئەوەی زیاتر بە دڵم نیشتووە، ئەوم هەڵبژاردووە و جەختم کردۆتە سەر ئەو! لەوانەیە گوێم بە زۆر شت نەدابێ کە بەلامەوە بچووک بوون و بە ئەژمارم نەهێنابن. یان هەندێک کارم کردبێ کە بە هۆی باشی و چاکی و دڵسۆزی بووبێ، بەڵام ئەوکات خوام لەبیر کردبێ و بۆ ئارامی ڕوح و ڕەوانی خۆم کردبێ نەک ڕەزامەندی خوا!! وەک یارمەتیدانی کەسێک، یان خۆشەویستی دەورووبەر، یان گوێڕایەڵی دایک و باب کە بە هۆی ئەوینی نێوانمان بووبێ. لێرەدا گەرچی کارەکەشم دروست بێ بەڵام بەندەی خۆم بووم نەک خوا!
بۆیە ئێستاکە زۆر جار کە لە شتێکدا دەمێنمەوە ئاخۆ بە قسەی نەفسم بکەم یان نا، سەرلەنوێ ئەم ئایەتە پێم دەفەرموێ: «اننی انا اللە لا الە الا انا فاعبدنی...»، هەر وەک لە سەرەتای کارەکەدا خوا پێم بفەرموێت: من! بێگومان من هەڵبژێرە، کە هیچ فەرمانڕەوا و فریاڕەسی بەحەق جگە لە من نییە. کەواتە بەندەی من بە نەک نەفست!
بەندە بوونی خوا واتە لە پێناو بەجێهێنانی ئەمر و فەرمانەکانی خوا بێ هیچ کەم و کوڕیەک هەستی بەرپرسیارەتی بکەی! مرۆڤ لە بەرامبەر هەموو ئاکار و کردەوەکانی بەرپرسە و ڕۆژێک پرسینەوەی لێ دەکرێ...
جا ئەگەر بەختەوەری خۆی دەوێ و نایهەوێ چارەڕەش بێت، دەبێ ئەو دەرفەتەی ژیانی پڕ لە خێر و چاکە کات و بەر لەوەی دوا مردن بە دیداری خوا بگات و تووشی لێپرسینەوە بێت، با هەر لەم دنیایەدا ئاوا ڕێگای بەندایەتی بگرێتە بەر کە بۆ چاوترووکانێکیش خوای لێ ون نەبێت و میدالی پلە و پایەی «احسان» هەڵگریت و بە شانازییەوە بەرەو خاوەنەکەی هەڵفرێت. بەڵێ پلەی ئیحسان! ئاوا کە پێغەمبەر دەفەرمووێت: «الإحسان أن تعبد اللهِ کأنک تراه، فإن لم تکن تراهُ فإنهُ یراک» ئاوا بەندایەتی خوا بکەی، دەڵێی خوا دەبینی، خۆ ئەگەر تۆش ئەو نابینی بە دڵنیاییەوە ئەو تۆ دەبینێت!

 

درێژەی هەیە…