بەپێی ڕاپۆرتی ئیسلاحوێب، سەتتار ئاینەپوور ئەندامی شوڕای ناوەندیی جەماعەت، ئەمانوڵڵا فەرەجی بەرپرسی لقی کرماشان، سددیق نیریزی جێگریی فێرکاری و پەروەردەی لق، مەحموود کەریمی بەرپرسی بەشی هەڵسەنگاندنی لق و جەهانگیر موحەممەدی بەرپرسی بەشی فێرکاریی لق، ڕۆژی چوارشەممە ۱۴ی سەرماوەزی ۱۴۰۳ لەدانیشتنێکی ئیمانیدا لەگەڵ لێژنەی کارگێڕیی و تاقمێک لە ئەندامانی جەماعەتی شاری جوانڕۆ دیدار و وتووێژیان کرد.
سەتتار ئایینەپوور ئەندامی شوڕای ناوەندیی جەماعەت لە وتارێکدا سەبارەت بە پێویستیی نییەتی پاک لە کردار و دەسکەوتە بەنرخەکانی، باسی لە بەیعەتی ڕیزوان لەسەر تەوەری ئایەتی ۱۸ی سووڕەتی فەتح کرد کە دەفەرموێت: «لَّقَدْ رَضِيَ اللَّهُ عَنِ الْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ فَعَلِمَ مَا فِي قُلُوبِهِمْ فَأَنزَلَ السَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ وَأَثَابَهُمْ فَتْحًا قَرِيبًا»
واتە: خوای گەورە لە بڕواداران ڕازی بوو ئەوکاتەی کە لەژێر دارەکە پەیمانیان لەگەڵ بەستی. خوا دەیزانی کە ناو دڵەکانیان پڕە (لە ڕاستگۆیی و ئیمان و ئیخلاس و ئەمەگناسی بە ئیسلام)، بۆیە متمانەی بە دڵەکان بەخشی و سەرکەوتنی نزیکی (جیا لە نیعمەتی هەتاهەتایی دواڕۆژ) پێ بەخشین.
بەڕێزیان وێڕای مانا و ڕاڤەی ئایەتەکە، باسی لە گەورەیی ڕەزامەندیی خوا کرد کە بەرزتر و بانتر لە هەر نیعمەتێکە و وتی کە خوای گەورە نییەتی پاک و بێگەردی هاوەڵانی(خوا لێیان ڕازی بێ) واژۆ کردووە و پشت‌ڕاستی کردۆتەوە و موژدەی سەرکەوتنی پێ داون و بۆ هەمیشە بە هەمووانی ڕاگەیاندووە کە نهێنی ڕزگاری و بەختەوەری نییەتی پاک و بێگەرد لە کردەوە دایە.
وتاربێژی تری ئەو دانیشتنە، ئەمانوڵڵا فەرەجی بەرپرسی لێژنەی کارگێڕیی لقی کرماشان بوو. ئەو لە سەرەتای وتەکانیدا ئاماژەی بە نیعمەتەکانی خوا و لەسەرووی هەمووان نیعمەتی ئیمان و هەروەها ئامرازە گرینگەکانی تێگەیشتن واتە بیستن، دیتن و تێفکرین و هەروەها هێزی تێگەیشتن لە نیعمەتەکان بە یارمەتی ئەو ئامرازانە کرد و وتی کە هەمووی ئەوانە ئەرک دەخەنە سەرشان و پێویستە مرۆڤ لە ئاستیان هەست بە بەرپرسیارەتی بکات و بەپێی توانای شوکری نیعمەت بکات، چونکە لە ڕۆژی دوایی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێ.
ئەو لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارت بەوەیکە ئەندامەتی لە جەماعەتدا لەخۆیەوە هۆی شانازی نییە، ئاماژەی بە شێوازی کاری جەماعەت، گرینگی و پێویستی و ئاکامی شیاوی کاری بەکۆمەڵ و خۆپاراستن لە تەکڕەوی کرد و سەبارەت بە ئەرکی ئەندامەتی لە جەماعەتدا وتی: ئایا ئەندامەتی بەو مانایەیە کە ببینە بارێک بەسەر جەماعەتەوە یا بەپێچەوانەوە بارێکی لەسەر شان هەڵگرین؟ گرفت دروست کەین یان گرێیەک بکەینەوە؟ لە گەیشتن بە ئامانجەکان ببینە بەربەست یا ئاسانکاری بکەین؟
ئەو ئەرکەکانی ئەندامەتی لە جەماعەتیدا لە چوار تەوەردا ڕوون کردەوە:
۱ـ ئەرکی بەرامبەر خۆی: ناسینی باشتری خۆی و ئەرکی بەندایەتی، پتەوکردنی ئیمان بە کار و کرداری چاکە، هەوڵ و تێکۆشان، گەشە و ڕۆڵگێڕان و بەرپرسیارەتی.
۲ـ ئەرکی بەرامبەر بنەماڵە: ڕۆڵگێڕیی لە بنەماڵەدا وەک هاوسەر، دایک یا باوکێکی باش و تەیارکردنی بەستێنی ژیانێکی بڕوادارانە بۆ ئەندامانی خێزان.
۳ـ ئەرکی بەرامبەر جەماعەت: هاوڕێیەتیی جەماعەت لە فەرمان و قەدەغەکانی و قبووڵکردنی هەڵوێستی جەماعەت لەگەڵ ئەو ڕوانگەیەی کە بڕیاردەران، هەڵبژێردراوانی خۆمانن و بە کۆی دەنگەکان بڕیار و هەڵوێستە جۆراوجۆرەکان دەر دەکرێن و چونکە مرۆڤن، لە هەڵەش بەدوور نین و ئەگەر کێشە و کەمایەسییەک لە بڕیارەکانیاندا هاتە دی، بە دڵفراوانییەوە، ڕەخنە و پێشنیارەکان قبووڵ دەکەن و پێویستە ئەندامانیش لە ڕێگایەکی دروستەوە ڕەخنەکانیان بگەیێنن.
۴ـ ئەرکی بەرامبەر خەڵک: هەستی بەرپرسیارەتی بەرامبەر تەواوی مرۆڤەکان و دڵسۆزی و خێرخوازی بەرامبەریان.
ئەو لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی کە بەردەوام دوو ڕوانگە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵە: ڕوانگەی ئەرێنی و ڕوانگەی نەرێنی. مرۆڤ خاناخا یەکێک لەو دوو ڕوانگەیە دەگریتە پێش و بەم چەشنە دەبێ:
کەسێکی کە ڕوانگەی ئەرێنی هەیە، کەسێکی گەشبین، بەمشوور، هیوادار، وەڵامگۆ، ئەهلی هەڵسوکەوت، میانەڕەو، خۆشبین، ڕاپێسراو، تێکۆشەر و بەرپرس و...یە کە بۆ باشترکردن و چاکسازی و دروستکردنی دونیا و ژیانێکی باشتر بۆ خۆی و کەسانی تر هەوڵ دەدات.
بەڵام کەسێکی کە ڕوانگەی نەرێنی هەیە، ڕەشبین، بێهیوا، بەدبین، کەمتەرخەم، چاوەڕوان و بەردەوام داخواز، گۆشەگیر، تەمبەڵ، دەمارگرژ و ناحاڵی و...یە کە بەردەوام سازی بێ‌هیوایی لێدەدا و کەسێکی داهێزاو، تەپلۆس و لەڕاستیدا سەرباری کۆمەڵگایە.
و لە دریژەدا بە پشت بەستن بە ئایەتی ۷۶ی سووڕەتی نەحل: «وَضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا رَّجُلَيْنِ أَحَدُهُمَا أَبْكَمُ لَا يَقْدِرُ عَلَىٰ شَيْءٍ وَهُوَ كَلٌّ عَلَىٰ مَوْلَاهُ أَيْنَمَا يُوَجِّههُّ لَا يَأْتِ بِخَيْرٍ ۖ هَلْ يَسْتَوِي هُوَ وَمَن يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ ۙ وَهُوَ عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ»
واتە: هه‌روه‌ها خوا نموونه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ به‌ دوو پیاو که‌ یه‌کێکیان لاڵ بێت و هیچی بۆ نه‌وترێت و هیچی بۆ نه‌کرێت و بووبێته‌ بار به‌سه‌ر هاوه‌ڵ و که‌سوکاریه‌وه‌، بۆ هه‌رچی و بۆ هه‌ر کوێ ڕه‌وانه‌ بکرێت خێر ناداته‌وه‌، ئایا ئه‌و که‌سه‌، وه‌کو ئه‌و که‌سه‌ وایه‌ که‌ (به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه‌)، فه‌رمان به‌ داد و دادپه‌روه‌ری بدات و ڕێبازی ڕاست و دروست ده‌گرێته‌ به‌ر؟!
ئەو دوو ڕوانگەیەی شی کردەوە و وتی: پێویستە ئێمە بە ڕەچاوگرتنی ڕوانگەی ئەرێنی چاو لە داهاتوو بکەین و لە چاکبوون بەرەو چاکسازی هەنگاو هەڵێنین و لەو بوارەوە هێندێ نموونەی لە ژیانی پێغەمبەری ئازیز(د.خ) و هاوەڵانی بەڕێزی(خوا لێیان ڕازی بێت) هێنانەوە.
جێی ئاماژەیە کە مامۆستا خالید ڕەحمەتی بەرپرسی نووسینگەی جەماعەت لە شاری جوانڕۆ، وێڕای بەخێرھێنان، ئاماژەی بە ئەرکەکانی بانگخواز و نرخی کارێکی کە دڵپاکانە بۆ خوای گەورە دەکرێ، بە پشتبەستن بەو ئایەتە: «وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلًا مِّمَّن دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحًا وَقَالَ إِنَّنِي مِنَ الْمُسْلِمِينَ»
واتە قسەی کێ باشتر لە قسەی کەسێکە کە خەڵکی بەرەو خوا بانگ دەکا و کاری چاکە دەکا و دەڵێ من لە زومرەی موسوڵمانانم» کرد و هەموویانی بۆ بەرپرسیارەتی و خێرخوازی کۆمەڵگا ڕاسپاردە کرد.
ئەو دانیشتن و چاوپێکەوتنە مەعنەوییە، بە خوێندنی نزای کۆتایی لە لایەن مامۆستا سولەیمان موهاجێری کۆتایی پێ هات.