ڕۆژی بۆنخۆشیی ڕۆح و ئاسودەیی دەروون و خەڵات بەخشین و فەڕ و بەرەكەت ڕۆژی عەڕهفە، هەروەك چۆن شەوی قەدر چاكترینی شەوەكانی ساڵە، ئەوا ئەم ڕۆژەش چاكترینی ڕۆژەكانی ساڵە. «حەج عەڕەفەیە» واتە: ئەو ڕۆژەیە كە تا حاجی لەو ڕۆژەدا لە عەڕەفە نەوەستێ، حەجەكەی كامڵ نابێ. ڕۆژی عەڕەفە یەكێكە لە دە ڕۆژی یەكەمی مانگی زیلحیججە، كردەوەی چاك تیایدا تێكۆشانە لەپێناو خوای گەورەدا. عەڕەفە ئەو ڕۆژەیە كە زۆرترینی خەڵكی تیایدا ڕزگاریان دەبێ لە ئاگری دۆزەخ، موسلیم بە سەنەدی خۆی لە عائیشەوە(خوا لێی ڕازی بێ) دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: «هیچ ڕۆژێك نیە بەڕادەی ڕۆژی عەڕەفە گەورە بێ، چونكە خوای گەورە زۆرترین بەندەی خۆی تیایدا زیاتر لە هەموو ڕۆژەكانی تر ڕزگار دەكا لە ئاگری دۆزەخ». عەڕەفە ئەو ڕۆژەیە كە شەیتان تیایدا توڕە دەبێ و پێش دەخواتەوە، پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ: «شەیتان هیچ ڕۆژێكی نەبینیوە وەك ڕۆژی عەڕەفە بێ، چونكە ئەو تیایدا خۆی زۆر بە بچوكتر و ملشكاوتر و دوورخراوەتر و ڕیسواتر و توڕە و قین لەدڵتر دەبینێ، دەبینێ كە ڕهحمەت و بەزەیی خوای گەورە تیایدا دادەبەزێ، چونكە ئەو ڕۆژەیە كە تیایدا خوای گەورە لە گوناهە گەورەكان خۆش دەبێ». مالیك و بەیهەقی و عەبدولڕەزاق و كەسانیتریش ڕیوایەتی دەكەن. ڕۆژی عەڕەفە یەكێكە لە ڕۆژانی مانگە پیرۆز و ڕێزلێگیراوەكان، یەكێكە لەو ڕۆژە دیاریكراو و زانراوانە كە خوای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا باسی كردووە: «لِّيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ» (حهج/٢٨) ئیبن عەبباس دەڵێ: دە ڕۆژە دیاریكراوەكە بریتییە لە دە ڕۆژی یەكەمی مانگی زیلحیججە خوای گەورە ئەم فەرموودەیەی خۆی تێدا ناردووەتە خوارەوە «الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ۚ فَمَنِ اضْطُرَّ فِي مَخْمَصَةٍ غَيْرَ مُتَجَانِفٍ لِّإِثْمٍ ۙ فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ» (مائیده/٣) خوای گەورە لە زیاتر لە ئایەتێكدا سوێند بەم ڕۆژە دەخوا، یەكێك لەوان ئەم ئایەتەیە كە دەفەرموێ: «والفجروَلَيَالٍ عَشْرٍ وَٱلشَّفْعِ وَٱلْوَتْرِ» پێغەمبەری خوا(صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ: «لای خوای گەورە هیچ ڕۆژێك نییە كە لە ڕۆژی عەڕەفە چاكتر بێ، خوای گەورە تیایدا دادەبەزێتە ئاسمانی دنیا، لای ئاسمانیان شانازی دەكا بە خەڵكانی سەر زەوییەوە» سەحیحی ئیبن حەببان ڕۆژووی ڕۆژی عەڕەفەی تێدایە، كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لەبارەیەوە دەفەرموێ: «ئومێدەوارم خوای گەورە ڕۆژووی ڕۆژی عەڕەفە بكاتە هۆكاری سڕینەوەی گوناهی ساڵی ڕابردوو و ساڵی داهاتوو» موسلیم لە سەحیحەكەیدا ڕیوایەتی كردووە. پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ: «چاكترین نزا و پاڕانەوە، نزا و پاڕانەوەی ڕۆژی عەڕەفەیە، باشترین زیكرێكیش كە من و پێغەمبەرانی پێش منیش كردبێتمان، ئەم زیكرەیە: «لا إله إلا الله وحده لا شریك له، له الملك وله الحمد وهو علی كل شیء قدیر» ترمزی بە سەندێكی باش، یان ڕاست ڕیوایەتی كردووە. ڕۆژی عەڕەفە، ڕۆژی گەورە ڕوكنی حەجە باش وایە هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی دە ڕۆژی یەكەمی زیلحیججەوە زیكری «الله أكبر» بەرز بكرێتەوە، ئەو تەكبیرەی كە دیاریكراوە و دەبێ پابەند بین پێیەوە لە بەیانی ڕۆژی عەڕەفەوە دەست پێ دەكا و تا چوارەمین ڕۆژی جەژن بەردەوام دەبێ، ئەویش بریتییە لەم زیكرە: «الله أكبر الله أكبر الله أكبر لا إله إلا الله والله أكبر الله أكبر ولله الحمد» سێ جار بوترێ. پاشان بەم زیكرە كۆتایی پێ بهێنرێ: «الله أكبر كبيرا والحمد لله كثيرا وسبحان الله وبحمده بكرة وأصيلا» نووسینی: ئاتاج بە بەزەیی پەروەردگاری پ. د. عەلی قەرەداغی
بۆچوونهکان