مه‌به‌ستی نووسه‌ر و تێگه‌شتنی خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندی نێوان خوێنه‌ر و ده‌ق
له به‌شی ئه‌و لهویاتدا له میتۆدهکهیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که ده‌ق له سێ ره‌هه‌ندی سه‌ره‌کی پێک دێت، خوێنه‌ر له رێگه‌ی ده‌قه‌وه ده‌توانێت بگاته نوسه‌ر و بیناسێت ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه خوێنه‌ر مه‌عریفه به‌ده‌س هاتوه‌کانی خۆی ته‌وزیف بکات بۆ گه‌شتنه مه‌به‌ستی نوسه‌ر (عند دراسة أي نص لغوي، مهما کان نوعه، لدينا الأرکان التالية: المؤلف – النص – القارئ أو السامع. فالقارئ يتعرف على المؤلف من خلال النص وقراءاته له، وليس ضرورياً أن يذهب القارئ إلى المؤلف ويجلس معه ليفهم منه ماذا يريد بکتابه. فإذا فهم القارئ النص مئة بالمئة کما أراده المؤلف، فهذا يعني أنه دخل إلى عقل المؤلف وصار مثله في المعارف الواردة في النص. وعندما يقرأ القارئ النص فإنه يوظف معلوماته المکتسبة تلقائياً ليفهمه، فإذا لم يفعل ذلک فإنه يعطل فکره ولا يفهم شيئاً، وهذا ما يحصل مع شديد الأسف عند الکثير من الناس حين يقرؤون آي الذکر الحکيم.)
ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت ئاماژه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر چی کورتیش بێت به‌و په‌یوه‌ندیه جه‌ده‌لیه بکه‌ین له نێوان نوسه‌ر و ده‌ق وخوێنهردا، ئالێره‌شه‌وه شیکاری ئه‌و روئیایه بکه‌ین که پێی وایه خوێنه‌ر ده‌توانرێت بگاته مه‌به‌ستی نوسه‌ر.
1ـ مه‌به‌ستی نوسه‌ر له کوێی ده‌قدایه له سه‌رده‌می نوێ‌دا یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی که زۆرترین گرفت و کێشمه‌کێشی به‌دوای خۆیدا هێناوه چه‌مکی نیه‌تی نوسه‌ره، زۆر رای جیاوازی به‌رهه‌م هێنانه‌وه له‌و رایانه‌وه ده‌یانه‌وێت به‌دوای نیه‌تی نوسه‌ره‌وه ببن و ئیدعای ئه‌وه ده‌که‌ن خوێنه‌ر ده‌توانێت نیه‌تی نوسه‌ر بدۆزێـه‌وه به بێ ره‌چاو کردنی چیه‌تی ده‌قه‌که تا ئه‌و رایانه‌ی پێیان وایه شتێک نیه به‌ناوی نیه‌تی نوسه‌ره‌وه ئه‌مه‌ش له تیۆره به‌ناو بانگه‌که‌ی رۆلان بارتدا خۆی ده‌بینێته‌وه، تا ئه‌و رایه‌ی که به‌شێک له هێرمنوتیسیانهکان پێیان وایه مرۆڤ له‌کاتی خوێندنه‌وه‌دا به‌دوای نیه‌تی نوسه‌ره‌وه نیه ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای تێگه‌شتنی خۆیه‌وه‌یه. ئه‌ڵبه‌ته ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین نیه‌تی نوسه‌ر و تێگه‌شتنی خوێنه‌ر پرسی خودیین (subjictive ) واته له‌ناوه‌وی مرۆڤدان نه‌ک ده‌ره‌وه، و دیار نین به مانایه‌کی دیکه ناتوانین به ئاشکرا بڵێن ده‌سمان پێیان راده‌گه‌ن، ئالیره‌وه ئه‌م تێروانینه‌ی د.شه‌حرور ده‌خه‌ینه به‌رده‌م ئه‌و جه‌ده‌له قوڵه‌ی له‌و باره‌وه هه‌یه.
2ـ مه‌به‌ستی نوسه‌ر له جه‌ده‌لیه‌تی تیزه فیکریه‌کاندا نابێت ئه‌وه‌مان له بیر بچێته‌وه به‌شێکی زۆر له‌و که‌سانه‌ی له‌بواری تێکست ناسیدا کاریان کردوه باوه‌ڕیان وابوه ئامانجی خوێندنه‌وه بریتیه له دۆزینه‌وه‌ی نیه‌تی نوسه‌ر به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ‌دا ئه‌م بابه‌تانه بونه‌وه به سه‌نته‌ری گفتوگۆ کردن و موناقه‌شه‌کردن، به‌تایبه‌تی پاش دروست بونی ئاینزای پرۆتستانیه‌کان. وه‌ک له خواره‌وه ئه‌و بابه‌ته روون ده‌که‌ینه‌وه
أ- تیۆره کلاسیهکیهکان و نیه‌تی نوسه‌ر
پاش چاکسازی ئایینی پرسی دوباره خوێندنه‌وه‌ی تێکستی ئایینی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه ئالێره‌وه، که ده‌کرێت به‌شێک له‌م ته‌وژمانه‌ی له‌سه‌رده‌می کلاسیکی هێرمنوتیکدا ده‌چنه چوارچێوه‌ی میتۆدی فیلۆلۆجستهکانهوه که پێمان میتۆده‌که‌ی د.شه‌حرور پڕاو پڕ روگه‌یه‌کی ئه‌و میتۆده‌یه وه‌رگێراوه‌و هێنراوه به‌رجه‌سته کراوه به‌سه‌ر تێکسته ئایینیه‌کاندا وه‌ک له میانه‌ی رونکردنه‌وه‌ی ئه‌و میتۆده‌دا رونتر کراوه‌ته‌وه. قۆناغی فیلۆلۆجستهکان به قۆناغی رۆشنگهراکانیش ناسراوه له‌م قۆناغه‌دا به‌هۆی پێشکه‌وتنی به‌رچاوی زانستی ئه‌زمونیه‌وه. عه‌قڵ سه‌نته‌ری هاتبویه ئاراوه. (میتۆدی عه‌قڵی Rationalism)، میتۆدی عه‌قڵانیه‌ت ئاراسته‌یه‌کی فیکریه پاش بزوتنه‌وه‌ی ریفۆرم و راپه‌ڕینی ئه‌وروپا هاته ئاراوه که ئه‌وله‌ویه‌تی ده‌به‌خشیه عه‌قڵ له به‌ده‌س هێنانی مه‌عریفه‌دا له به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئهزمونگهراییهوه که هه‌سته‌کانی ده‌کرده سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می مه‌عریفه له‌م قۆناغه مێژووییه‌دا هه‌موو شته‌کان به میتۆدی زانستی ئه‌زمونی کاریان له‌سه‌ر ده‌کرا بۆیه رۆشنگه‌را ئایینیه‌کان کاریان له‌سه‌ر به‌عه‌قڵانی کردنی ته‌فسیری ئایینی ده‌کرد. ئه‌وه‌ش له‌و سونگه‌یه‌وه بوو دوو روگهیان بۆ تێگه‌یشتن له کتێبی پیرۆز هێنابویه ئاراوه یه‌که‌میان میتۆدی مێژوویی ره‌خنه‌ی و دووه‌میان به‌کار هێنانی فیقهی زمان میتۆدی مێژوویی ره‌خنه‌یی کار ده‌کات له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخی رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌که‌ی بۆده‌گه‌ڕێته‌وه. ئالێره‌وه هۆکاری تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌ب و ته‌فسیر کردنی تایبه‌ت مه‌ندیه‌کان و رونکردنه‌وه‌ی ئاڵۆزیه‌کانی لێوه وه‌رده‌گیرێت، میتۆدی مێژویی ره‌خنه بایه‌خ به‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه ده‌دات که کایگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب هه‌یه. به واتایه‌کی دیکه سروشتی مێژوویی و رامیاری و کۆمه‌لایه‌تی پێویستن بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌ب و ته‌فسیر کردنی هه‌رچی بنه‌مای دووه‌می ئه‌م قوتابخانهیهشه که بریتیه له بنه‌مای فیلۆلۆجی که بریتیه له کار کردن به ئاراسته‌ی بنه‌ماکانی زمانی ده‌ق و دۆزینه‌وه‌و کار له‌سه‌ر کردنیان که ئه‌مه‌ش ده‌کرێت لێکۆڵینه‌وه بێت له زمان. قۆناغی فیلۆلۆجیای هێرمنوتیکاش له بونیات نانی په‌یکه‌ری ده‌ق ناسی و کار کردن له‌سه‌ر ده‌قدا بێڕۆڵ نه‌بوو به‌ڵکو جێ په‌نجه‌ی بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌کانی له مێژووی هزر به گشتی و ده‌ق ناسیدا به روونی ده‌رده‌که‌وێت به تایبه‌ت له ته‌فسیری ده‌قی پیرۆزدا که ده‌توانرێت له چه‌ند خاڵێکدا دیارترین داهێنانه‌کانیان کورت بکرێنه‌وه
1ـ لایه‌نگرانی ته‌وژمی فیقهی زمان پێیان وابوو زمان ئایینی به هه‌مان شێوه‌ی زمانه‌کانی دیکه زمانه‌و هه‌مان ئه‌و یاسایانه‌ی به‌سه‌ر زماندا په‌یڕه‌و ده‌کرێن به‌سه‌ر ئه‌ویشدا په‌یڕه‌و ده‌کرێن ئه‌م پێش گریمانه‌یان بۆ زمانی ئایینی ئاسۆی له به‌رده‌م کرانه‌وه به‌سه‌ر هه‌ردوو بنه‌مای قۆناغه‌که‌دا ئاوه‌ڵا کرد که ئه‌ویش بنه‌مای مێژووی ره‌خنه‌یی و بنه‌مای فیلۆلۆجی بوون چونکه پێشتر زمانی ئایینی نه‌ده‌خرایه جوغزی زمانه‌کانی دیکه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م بنه‌مایه ئێستا لای به‌شێک له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی له زمانی ئاییندا کار ده‌که‌ن مایه‌ی ره‌خنه کردنه به تایبه‌ت لای ڤینگشتاین که تیۆری زمانی یه‌کتایی پێشنیار ده‌کات و پێی وایه ئێمه له‌به‌رده‌م ته‌نها یه‌ک جۆر زماندا نین به‌ڵکو له به‌رده‌م چه‌ند زمانێکداین 2ـ پێش گریمانه‌ی دووه‌می ئه‌م رێچکه‌یه‌ی هێرمنوتیکا بریتی بوو له‌و بنه‌مایه‌ی که نابێت کتێبی پیرۆز پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما عه‌قڵیه‌کان بێته‌وه ، ئالێره‌شه‌وه درگایان خسته سه‌ر پشت بۆ قۆناغێکی گرنگتر که ئه‌ویش داماڵینی ئه‌فسانه بوو له کتێبی پیرۆز (Demythologizing)له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵی زه‌روری. ئالێره‌وه ده‌بینین ئه‌و میتۆده‌ی د.شه‌حرور بریتیه له‌م میتۆده به ره‌چاوکردنی ئه‌و جیاوازیه‌وه که پێی وایه ده‌قی ئایینی ده‌قێکی تایبه‌ته ، به‌ڵام ده‌بینین له جه‌خت کردنه‌وه له‌سه‌ر زمان و سود وه‌رگرتن له‌و پێشکه‌وتنه‌ی له بواری زانستی ئه‌زمونیدا هاتوه‌ته ئاراوه‌و به‌گه‌ر خستنی بۆ ته‌فسیر کردنی ئایین و پاشکۆکردنی تیگه‌شتنی ئایینی بۆی هه‌مان میتۆده‌و له‌بری چهکمکی له ئه‌فسانه خستن د.شه‌حرور ره‌تی سونه ده‌کاته‌وه‌و هه‌نێک جاریش به پرسی زه‌مه‌نیان دهبهستێکهوه وه‌ک ئه‌وه‌ی میتۆدی ره‌خنه‌یی مێژویی کاریان له‌سه‌ر شیکار کردنی ده‌ق کردوه, ئه‌وه‌ی له‌م میتۆده ده‌گیرێت بریتیه له‌وه‌ی زه‌مه‌نی به‌رهه‌م هاتنی ده‌ق و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازن ، له رێگه‌ی چ ئامڕازێکه‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێت زاڵ ببێت به‌سه‌ر ئه‌و بۆشاییه زه‌مه‌نیه‌دا که ئه‌مه‌ش بویه هه‌وێنی تیۆری دواتر.
ب) نیه‌تی نوسه‌ر و میتۆده مۆدێرنه‌کان
پاش ئه‌وه‌ی میتۆدی کلاسیهکیهکان وه‌ک ئه‌وه‌ی جه‌ختیان له‌سه‌ر کردبویه‌وه رووبه‌رووی گرفتێک بویه‌وه ئه‌ویش جیاوازی ته‌فسیر بوو، چونکه به‌رمه‌بنای ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌گۆڕێک له‌گه‌ڵ نه‌گۆڕێکی دیکه‌دا کارلێک بکه‌ن هه‌میشه ده‌بێت ئه‌نجامێکی گشتی به‌رهه‌م بهێنێت، یان ئه‌وه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی زانسته سروشتیه‌کاندا باسی لێوه ده‌کرێت پێویست ده‌کات ده‌رئه‌نجامی زانستی دووباره بوه‌وه بێت تا بتوانرێت پێش بینی بکرێت، به‌ڵام ده‌بینرا جیاوازیه‌کی زۆر هه‌یه له‌نێوان تێگه‌شتن و ته‌فسیره‌کاندا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زه‌مه‌نی به‌رهه‌م هێنانی ده‌ق و خوێنه‌ر جیاواز بوون، پاشان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی رووگه‌ی رۆمانتیکی سه‌رهه‌ڵدا بۆیه ئه‌م تیزه خرایه ژێر پرسیاری جدیه‌وه و قوتابخانه فه‌لسه‌فیه‌کانی تێگه‌شتن هاتنه ئاراوه .
فریدیک شلایر ماخه‌ر (1768-1834)موته‌که‌لیمی ئه‌ڵمانی و ئه‌ندازیاری لیبرالیزمی ئایینی روگه‌یه‌کی دیکه که به رۆمانتیک ده‌ناسرێت له‌به‌رامبه‌ر تێزهکلاسیکدا ته‌رح کرد ، ئه‌وه‌ی پێشووی به‌رئه‌نجامی گه‌شه‌ی عه‌قڵانیه‌ت بوون له‌سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری ئه‌وروپیدا به‌ڵام رۆمانتیکیه‌کان به‌هۆی بهرکاریگهر بونیان به فه‌لسه‌فه‌ی کانت کاریان له‌سه‌ر تێگه‌یشتن له ده‌ق ده‌کرد، کانت ره‌خنه‌ی له عه‌قڵی ره‌های سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری ده‌گرت به‌مه‌ش قوتابخانه‌ی رۆمانتیک له ئه‌وروپا سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌ربۆیه لای رۆمانتیکه‌کان(شلایر ماخه‌ر) ده‌ق ناوه‌ندێکه هزری نوسه‌ر ده‌گوێزێته‌وه بۆ خوێنه‌ر. له‌م قۆناغه به‌دواوه ده‌ق ته‌نها قسه‌که‌ر نیه به‌ڵکو ئاسۆیه‌کی به‌رفراوان به‌ڕووی بابه‌تێکی دیکه‌دا هاته ئاراوه ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نوسه‌ر و ده‌ق و خوێنه‌ر بوو، له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه هه‌ردوو چه‌مکی سه‌بجێکت و ئۆبجێکتی ته‌وزیف کرده‌وه، به‌و واتایه‌ی پێش شلایر ماخه‌ر ده‌قه‌کان قسه ده‌که‌ن واته ته‌نها ئۆبجێکته‌کان قسه‌ده‌که‌ن سهبجێکتهکان که مرۆڤه‌کان له ده‌قه‌کان ده‌گه‌ن جیاوازیان نیه ته‌نها یاساکانی علم الدلاله و یاساکانی تری شاره‌زایی زمان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر تێگه‌یشتنه‌کان هه‌یه. به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا باس له رۆڵی پێش فههمهکان و پێش گریمانه‌کانی موفسیر کان و سهبجێکتهکان توانای کاریگه‌ریان له‌سه‌ر تێگه‌یشتنه‌کان هه‌بوو (به‌و واتایه‌یه ته‌نها موفه‌سیر (اخذ و عطا ) ناکات به‌ڵکو قۆناغێک له‌و نێوه‌ندا هه‌بوو ئه‌ویش قۆناغی ته‌حویل کردن و ده‌سکاری کردن بوو تاوه‌کو فههماندن ئاسان بکات. لێره‌وه پاش له‌سه‌ر ده‌ستی ولیه‌م ده‌لتای(1832-1911) میتۆدی هێرمنوتکی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی زانسته مرۆییه‌کان و زانسته ئه‌زمونیه‌کان ته‌وزیف بوو به‌وه‌ی پێی وا بوو هێرمنوتیک میتۆدێکی بونیادیه بۆ هه‌موو زانسته مرۆییه‌کان و ئه‌و پێی وابوو هه‌رچۆنێک کانت بنه‌مای زانستی فیزیکی و سروشتی رونکرده‌وه میتۆدۆلۆژی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ دانا، عه‌ینیه‌تی به‌خشیه زانستی مرۆیی، له‌م روه‌وه هێرمنوتیکی به زانستی تیۆرناسی زانستی مرۆیی پێناسه کرد . دهلتایپێی وابوو ناتوانین له هه‌ڵسوکه‌وتی هیچ که‌سێک بگه‌ین تاوه‌کو نه‌توانین له خه‌سڵه‌ت و تایبه‌ت مه‌ندیه‌کانی زه‌مه‌نی مێژووی ئه‌و که‌سه بگه‌ین چونکه هه‌ر که‌سێک گوشراوی ته‌واوی هۆکاره عه‌ینی و زیهنیه‌کانی بارودۆخێکی مێژووییه، ده‌رک کردنی هه‌موو ئه‌و ره‌هه‌ندانه بۆ ده‌رک کردنی که‌سێک پێویسته، جگه له‌وه‌ش ته‌نها رێگای په‌ی بردن به ههڵسو که‌وتێک بریتیه له زمان جیاوازی نێوان ئه‌و دوو قوتابخانه‌یه(کلاسیک و رۆمانیتیک) له‌وه‌دا بوو ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان پێی وایه ده‌س راگهشتن به مانای حه‌قیقی ده‌ق مومکنه به‌ڵام له‌وه‌ی دووه‌میاندا خراپ تێگه‌یشتن له ده‌ق ئاساییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له قوناغی رۆمانتیکدا پێش فه‌هم و پێش گریمانه‌کان له په‌یوه‌ستی به تێگه‌یشتنه‌وه بایه‌خیان پێدرا. ئالێره‌وه فه‌هم و تێگه‌یشتن خرایه ژێر گومانه‌وه. له هه‌مانکاتدا باوه‌ڕیان به فه‌همی عه‌ینی و تێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی مه‌به‌ستی نوسه‌ر (دانه‌ر) هه‌بوو. گومان لای رۆمانتیهکان له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ده‌ق له سه‌رده‌مێکدا به‌هه‌م هاتوه که لای ئێمه روون نیه ئه‌مه‌ش وا ده‌کات خراپ تێگه‌یشتن نزیکتر بێت له راست تێگه‌یشتن، هه‌ربۆیه پێویستمان به زانستێک یا هونه‌رێک هه‌یه دوورمان بخاته‌وه له خراپ تێگه‌یشتن و نزیکمان بکاته‌وه له راست تێگه‌یشتن، فه‌همی عه‌ینی ده‌قیش له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ده‌ق دوو لایه‌نی هه‌یه لایه‌نێکی بابه‌تی که زمانه و لایه‌نێکی زاتی که تێگه‌یشتنی مرۆڤه. لایه‌نی مه‌وزوعی ده‌ق ئه‌و لایه‌نه‌یه که به هاوبه‌شێک ده‌زانرێت واده‌کات پرۆسی تێگه‌یشتن مومکن بێت لایه‌نی خودیش هزری دانه‌ره که له به‌کارهێنانی تایبه‌تی زماندا ته‌جه‌لا ده‌بێت. ( من هێنده‌ی ته‌وزیف کردنی دانه‌ر بۆ زمان ده‌گه‌م ئه‌و له لایه‌نێکه‌وه شتی نوێ پێشکه‌ش ده‌کات و له لایه‌نێکی دیکه‌شه‌وه به‌شێک به‌شێوه‌یه‌کی پارێزگاری له تایبه‌ت مه‌ندی و خه‌سڵه‌تی زمان ده‌کات ) وه‌ک له پێشه‌وه‌ش ئاماژه‌مان پێ‌کرد خراپ تێگهتن لای رۆمانتیکیه‌کان له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ده‌ق له‌سه‌رده‌مێکی جیاوازتره‌وه هاتوه‌ته بوون، هه‌ربۆیه بۆشاییه‌ک له نێوان راڤه‌کار و ده‌قدا بونی هه‌یه. ده‌لتای بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر ئه‌و بۆشاییه‌دا که له نێوان ده‌ق و راڤهکاردا هه‌یه چه‌مکی (Empathy) هاوسۆزی و ده‌رده‌دڵی پێشنیار ده‌کات، تاوه‌کو تێگه‌یشتن فه‌راهه‌م ببێ.
ج) نیه‌تی نوسه‌ر و میتۆده فه‌لسه‌فیه‌کان
لای هایدگه‌ر ئه‌رکی فه‌لسه‌فه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانی واتای بونه ئه‌مه‌ش ئامانجێکی بون ناسیانهیه نه‌ک تیۆر ناسی و مه‌عریفه‌ت ناسی ئه‌رکی حه‌قیقی فه‌لسه‌و هێرمنوتیک و دیارده ناسی یه‌ک شته ئه‌رکی حه‌قیقی فه‌لسه‌فه گه‌ڕانه به‌دوای واتای بوندا ئه‌مه‌ش به ته‌نها به شیکاری ده‌رکه‌وته ناسی و وجودی مرۆیی (دازاین) دێته بوون پاش مارتن هایدگه‌ر هانس گۆرگ گادامه‌ر (1900-2002) درێژه‌ی به‌و رێبازه فه‌لسه‌فیه دا‌و پێی وابوو تێگه‌یشتنی ده‌ق تێکه‌ڵ بونی ئاسۆی ده‌ق و ئاسۆی راڤه‌کاره. ئه‌گه‌ر ولیه‌م ده‌لتای پێی وابوبێت له رێگه‌ی هاوسۆزیه‌وه ده‌توانین زاڵ ببێن به‌سه‌ر بۆشایی زه‌مه‌نی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا ئه‌وا لای گادامه‌ر ئه‌مکاره نه مومکنهو نه خوازراو‌و، چونکه ئه‌و بۆشاییه‌ی له نێوان ده‌ق و راڤهکاردا هه‌یه بۆ شاییه‌کی ئهنتۆلۆژیانهیه، ئێمه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت بهرکاریگهرین به سه‌رده‌می خۆمان گادامه‌ر پێی وایه چونکه کلتور و زمان له نێوان ئێمه‌و ده‌قدا بونی هه‌یه ئێمه ده‌ق له دیدی خۆمانه‌وه بونیات ده‌نێینه‌وه هه‌ربۆیه دڵنیا نین گه‌شتوینه‌ته مه‌به‌ستی نوسه‌ر یا نا ئێمه له ئێستادا ده‌قی رابردوو به کاتی ئێستا ته‌فسیر ده‌که‌ین. له لایه‌کی دیکه‌وه گادامه‌ر پێی وایه ئه‌گه‌ر ده‌ق واتای عه‌ینی هه‌بوایه ته‌فسیره‌کان جیاواز نه‌ده‌بوون. ئالێره‌وه بۆمان روون ده‌بێته‌وه محمد شه‌حرور جگه له‌وه‌ی له رووی زه‌مه‌نیه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ میتۆده کلاسیکیه‌کانی په‌یوه‌ندی نێوان خوێنه‌ر و نیه‌تی نوسه‌ردایه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌رچۆن میتۆده فیلۆلۆجیهکان سه‌رنجی بۆشایی زه‌مه‌نی نێوان زه‌مه‌نی به‌رهه‌م هاتنی ده‌ق و خوێنه‌ریان نه‌داوه، به‌هه‌مانشێوه‌ش ئه‌میش بایه‌خی ئه‌و بواره‌ی نیه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تیۆره نوێیه‌کانی ناو زانسته مرۆییه‌کان و تێکست زۆرینه‌یان ئه‌و تێزه‌یان ره‌تکرده‌وه‌ته‌وه که مرۆڤ بتوانێت نیه‌تی نوسه‌ر بدۆزێته‌وه یان ئیدعای بکات چونکه نیه‌تی نوسه‌ر بابه‌تی سهبجێکتیڤیهو له‌ناو ده‌قدا نمایان نابێت، ته‌نها کۆمه‌ڵیک قه‌رینه بونیان هه‌یه بۆی.
سودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتوه:
- د. عادل مصطفی. فهم الفهم،
- ماهر فهمی. المذاهب النقدیه. له http://www.alfaseeh.com
- صبا سهیلی. چیستی هرمنوتیک
- نصر حامد ابوزید. اشکالیه القراءة و الیات التأویل.
- رقیه رستم پور و همکار. نگاهی به تاریخچه و رویکردهای هرمنوتیک. فصلنامه پژوهشهای زبان و ادبیات تطبیقی. جعفر سبحانی، هرمنوتیک.
- عبدالحسین خسروپنا. www.porsojoo.info
- آیت قنبری. فصلنامه- علوم سیاسی - ١٣٧٧
- شماره ٢، یادداشتی در باره هرمنوتیک و انواع ان
- احمد واعظی. کتاب نقد. سال ششم، شماره بیست و سوم
بۆچوونه‌کان