حه‌ج واته دابڕان له هه‌موو شتێک و ڕوو له خوا کردن. مرۆڤ که به‌رده‌وام له به‌خته‌وه‌ری ده‌گه‌ڕێت و به‌خته‌وه‌ریش له هێمنایه‌تی دڵ دایه . هێمنایه‌تی دڵیش ته‌نیا له گه‌یشتن به دڵدار و ئه‌وین دایه و هه‌ر که‌سه ئه‌وینداری شتێکه و ئه‌وینی ئیماندار خالقی دڵۆڤانییه‌تی، گه‌یشتن به خواش ته‌نیا به به‌ندایه‌تی ئه‌و زاته پێرۆزه ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ. پێشینییانی پێش ئیسلام بۆ به‌ندایه‌تی خوا دووره‌په‌رێزیان ده‌گرته به‌ر و له شاخ و ئه‌شکه‌فتێکی دوور له ئاوه‌دانی دڵیان ده‌دا به به‌ندایه‌تی خوا. به‌ڵام بۆ موسوڵمان به جێی دووره‌په‌رێزی حه‌ج و جیهاد هاتووه. حه‌ج واته پاکژ کردنی دڵ و ده‌روون له هه‌رچی گوناح و تاوانه و کۆچ به‌ره‌و به‌ندایه‌تی خوا. ئیماندار به تامه‌زرۆییه‌وه ماڵ و منداڵ و سامانی جێ دێڵیت و ڕێگای پڕ له دڕک و داڵ و ئه‌سته‌می به‌ره‌و ماڵی خوا هه‌ڵده‌بژێرێت، تا نه‌فسی غوللور و سه‌رکه‌شی له‌سه‌ر تاکه په‌رستی و به‌ندایه‌تی خوا ڕابێنیت. له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا له هه‌رچی گوناح و تاوانه واز دێنیت و گه‌ردن ئازایی له موسوڵمانان ده‌خوازی که نه‌کا دڵی که‌سێکی ڕه‌نجاندبێت و به دڵێکی پاک و بێگه‌رد و تامه‌زرۆوه به‌ره‌و ماڵی خوا هه‌نگاو ده‌نێته‌وه. هه‌ر چه‌ند به‌ره‌و وڵاتێکی غه‌ریب ده‌ڕوات به‌ڵام ده‌ڵێی هه‌موو که‌س و کار و ماڵ و حاڵی له‌وێیه، دڵی تامه‌زرۆی هه‌نگاو به هه‌نگاو که نزیکتر ده‌بێته‌وه توندتر لێده‌دات و ده‌یه‌وێ به ڕاکردن و بێ وه‌ستان دۆڵ و چیاکانی ڕێگای بپێویت و زووتر بگات به ماڵی خوا و به‌ده‌وریدا بسوڕێته‌وه و سه‌ری به‌ندایه‌تی بۆ خوا دانوێنیت و بڵێیت خوایه ته‌نیا تۆ ده‌په‌رستم و ته‌نیا هاواریشم هه‌ر بۆ لای تۆ به‌رز ده‌که‌مه‌وه. حه‌ج که جێ هێشتن و دابڕان له هه‌رچی ماڵ و سامانه و ماڵاوایی له خاو و خێزان و که‌س و کاره، وه‌بیرخه‌ره‌وه‌ی کاتی سه‌ره‌مه‌رگه که چۆن ئه‌و ده‌میش ئازیزان جێ دێڵیت و بێ هیوا ده‌بێ که جارێکی تر دڵ به دنیا ببه‌ستیت و گیرۆده‌ی داوی نزمی دنیا بێت، به‌ڵکو مرۆڤ به‌رز ده‌بێته‌وه به‌ره‌و مه‌عنه‌وییه‌ت ... هه‌روه‌ها وهبیرخهرهوی دواڕۆژ و ئاماده بوون بۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه که چۆن بۆ حه‌ج هێندێک ئامرازی سه‌فه‌ر پێویسته و ده‌بێ توێشووی ته‌واوی پێ بێت، دێته‌وه بیری که سه‌فه‌رێکی دیشی له پێشه به‌ره‌و ڕۆژێک که له بیابانێکی سامناک و پڕژاندا چاوه‌ڕێی چاره‌نووسییه‌تی و ده‌زانێت که پێویسته توێشووی تێر و ته‌سه‌لی بۆ ئاماده بکات. مرۆڤ که ده‌که‌وێته ڕێ، بیر له‌و کاته ده‌کاته‌وه که له‌سه‌ر داره‌ته‌رم هه‌ڵیانگرتووه و به‌ره‌و مه‌نزڵگای ئه‌به‌دی ده‌به‌ن. به‌م چه‌شنه سه‌فه‌ر بۆ ماڵی خوا له ڕاستیدا خۆ ئاماده کردن بۆ سه‌فه‌ری دواڕۆژه. حاجی به دڵێکی ئاماده به‌ره‌و ڕووی ماڵی خوا ده‌ڕوات و تامه‌زرۆیی بۆ ئه‌و شوێنه پیرۆزه ته‌واوی دڵی داگیر کردووه و که‌لێنێک بۆ بیر کردنه‌وه له ژیانی دنیایی نامێنێته‌وه، بۆیه به دڵێکی دابڕاو له پاره و سامان و دنیا و پڕی ئه‌وین و تاسه و ئیمان ده‌ڕوات و زه‌ینی ته‌نیا سه‌رقاڵی زاتی حه‌قه. که به‌رگی دنیایی له‌به‌ر داکه‌ند، به چاوی پڕ له ئه‌سرینه‌وه داوای لێخۆشبوو‌ن له خوا ده‌کات و په‌یمان ده‌به‌ستێ که لیباسی سووچ و تاوان له‌به‌ر داکه‌نێت و به جێی ئه‌و به پۆشینی ئیحڕام، به‌رگی ته‌قوا و پارێزگاری ده‌به‌ر بکات و به به‌رگی سپی و پاکی به‌ندایه‌تی، ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی خوا بێت. ئه‌و به‌رگه سپیه‌ی که ته‌نیا دوو فۆته‌ی بێ درومانی سپییه و بیری دێنێته‌وه چه‌نده نزیکه ئه‌و ڕۆژه‌ی که به دوو فۆته‌ی هاو چه‌شن، تهرمهپۆش ده‌بێ و به‌ره‌و ماڵی هه‌تاهه‌تایی خۆی ده‌ڕوات ... له‌گه‌ڵ یه‌که‌م غوسڵی ئیحڕام، تۆبه له هه‌موو تاوانه‌کانی ده‌کات و ده‌ڵێت خوایه من خۆم له گوناح خاوێن کرده‌وه و ده‌سا تۆش لێم خۆش به ... به وتنی له‌ببه‌یک په‌یمان ده‌دات به خوا که ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی خوا بێ و له نافه‌رمانی خوا، خۆی بپارێزێت و به‌م واتایه ئیحڕام ده‌به‌ستێت که هه‌رچی مه‌رایی و دوڕوویی و خراپه بێژییه له سه‌ر خۆی حه‌رام ده‌کات و زیکر و یادی خوای جێگیر ده‌کات. دوایی ته‌وافی ماڵی خوا ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ژارێک چووبێته کۆشکی خونکارێک و به ده‌وریدا بسووڕێته‌وه و له ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕێ که نیازی دڵی بۆ باس بکات. که ده‌بینێت له هه‌ر چوار ده‌وری دنیاوه خه‌ڵک هاتووه بۆ ئه‌و میواندارییه گه‌وره و پیرۆزه و له عه‌ڕه‌فات ئاپۆڕه ده‌به‌ستن و هه‌ر کامیان به زمانێکی جیاواز سکاڵا و هاوار و نزا ده‌کات، هه‌ر وه‌ک له سه‌حرای مه‌حشه‌ر که هه‌موو مرۆڤه‌کان کۆ ده‌بنه‌وه و هه‌ر که‌سه سه‌رقاڵی کرده‌وه‌ی خۆیه‌تی. به سه‌عی نێوان سه‌فا و مه‌ڕوه، له نێوان ترس و هیوا به خوا به‌سه‌ر ده‌بات، هیوا به ڕه‌حمه‌ت و سۆزی خوا و ترس له غه‌زه‌ب و توڕه‌یی ئه‌و زاته مه‌زنه. ده‌ی حاجی به‌ڕێز، ئه‌ی خوشک و برای بڕوادار، مانگی زیحهججهیه و کاتی دیدار هاتووه .. به‌نده‌کانی خوا واده‌یان داوه بۆ دیدار له‌گه‌ڵ خوا ... له مانگی زیحهججهدا پێویسته بڕۆن ... هاوڕا له‌گه‌ڵ به‌نده‌کانی تری خوا. ده‌نگی ئیبڕاهیم ده‌بیسترێت که ئه‌ی به‌نده‌ی خوا بڕۆ بۆ لای خوا، له ماڵی خۆته‌وه کۆچ بکه بۆ ماڵی خوا، که خوا له ماڵی خۆی چاوه‌ڕوانته، بانگهێشتی کردووی و تۆش ده‌ی له‌ببه‌یک بڵێ و وه‌ڵامی بده‌وه ... تۆی که بێ ئه‌و هیچ نی، له ته‌نگه‌ژه‌ی ژیانی نزمی دنیا، له په‌رژینی ته‌نگ و به‌ستراوی نه‌فست، خۆت ده‌رباز بکه و بڕۆ و به‌رز ببه‌وه بۆ لای خوا و به مه‌به‌ستی کۆچی ئه‌به‌دی حه‌ج بکه. ئه‌ی به‌نده‌ی خوا هه‌سته بڕۆ بۆ حه‌ج و یادی دواڕۆژ بکه‌وه، یادی کاتی دیدار له‌گه‌ڵ خوای باڵاده‌ست، یادی ڕۆژی مه‌حشه‌ر، له‌و ساته‌ی که ده‌رفه‌تی کردار نه‌ماوه...، یادی مه‌حکه‌مه‌ی مه‌حشه‌ر که چاو و گوێ و دڵ و هه‌موو ئه‌ندامی له‌ش مڕافه ده‌کرێت. ده‌ی ئێستا که ده‌رفه‌ت ماوه خۆت بۆ کۆچی سه‌حرای حیساب ئاماده بکه، خۆت له‌سه‌ر مردن ڕابێنه پێش ئه‌وه‌ی که بمری! حه‌ج کۆچ کردن له ماڵی خۆت بۆ ماڵی خوا. ئێستا مانگی زیحه‌ججه مانگی حه‌رام بوونی شه‌ڕ و ڕک و ترسه و زه‌وی سه‌رانسه‌ر سوڵح و هێمنایه‌تییه. ده‌ی حه‌ج بکه و بڕۆ میقات و له گه‌ڵ ئافرێنهرتدا دیدار بکه. که هاتی بۆ میقات، هاتی بۆ لای ئافرێنه‌ری خۆت، به‌رگی ڕه‌نگینی دنیا له‌به‌ر داکه‌نه و ڕه‌نگی سپی ده‌به‌ر بکه، هاوڕه‌نگی یارانت به. هه‌ر وه‌ک مار که توێژ داوێژیت له «خۆم» وه‌ره ده‌ر و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک هاوڕه‌نگ و هاوده‌نگ به، ببه دڵۆپێک و له ناو زه‌ریای بێ بندا وون به. ئامانجت ڕوون بکه‌وه و تۆوی وشیاری له ناخت‌دا بچێنه و به خواناسی بگه و ڕێبازی نوێ و ئامانجی نوێ و کاری نوێ و دڵی نوێ هه‌ڵبژێره. هه‌ر شتێک که بیر خه‌ره‌وه‌ی نه‌فس و ئاره‌زوویه، هه‌ر شتێک که له دیتران جیات ده‌کاته‌وه، هه‌ر شتێک که ژیانت بۆ ڕازاوه ده‌کات و بۆنی یادگارییه‌کانی ژیانی پێش میقاتی لێوه‌دێت، هه‌مووی له ناو گۆڕدا ده‌فن بکه و ماڵاوایی لێ بکه، بڕۆ بۆ لای خوا که خوا تۆی بانگهێشت کردووه و تۆش له‌ببه‌یک بڵێ. که له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وتی حه‌رام چاوت به که‌عبه ده‌که‌وێت، هه‌موو وجودت وه‌له‌رزین ده‌که‌وێت! جێی سه‌ر سوڕمانه که‌عبه له زه‌وی و هێمایه‌که له خوا له‌و جیهانه‌دا. به‌رده ڕه‌شه‌کانی سه‌ر چیای (عهجون) له قه‌راغ شاری مه‌ککه بێ هیچ ئه‌ندازیارییه‌ک و هونهرمهندییهک له‌سه‌ر یه‌ک چنهندراون، چ هێمایه‌که؟ که‌عبه ڕوو به هه‌موو، ڕوو به هیچ، له هه‌موو شوێن و له هیچ شوێن، نه‌هێنی که‌عبه‌یه ... بڕۆ بۆ حه‌ج، که حه‌ج نیشانه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ لای زاتی په‌روه‌ردگاره، بۆ لای ئه‌و زاته‌ی که نه‌مر و بێ سنووره، تاکه و هاوه‌ڵی نییه. سه‌فه‌ر بۆ حه‌ج سه‌فه‌ر بۆ گه‌یشتن به خوایه، واته سه‌فه‌ر بۆ لووتکه‌ی که‌ماڵ، بۆ لووتکه‌ی جوانی و هێز و زانست و به‌رژه‌وه‌ندی. که خوا کۆتایی نییه، سه‌فه‌ری تۆش کۆتایی نییه، ته‌نیا به‌رده‌وام بوون له ڕۆیشتن به‌ره‌و خوایه، مردن و فه‌نا بوون بۆ خوا، خودایه‌ک که نزیکتر له خۆت به خۆته و دووتر له‌وه‌شه که پێی بگه‌ی. ده‌ی تۆ که له نێو تاوان و نه‌فامی و گێژاوی ژیانی دنیادا نووقم بووی، خۆت ده‌رباز بکه و به‌ره‌و ماڵی خوا بڕۆ و حه‌ج بکه. ئێستا که هه‌نگاوت ناوه‌ته مێنا و ئیبڕاهیم ئاسا ده‌ته‌وێ ئیسماعیلهکهت قوربانی بکه‌ی، بزانه ئیسماعیلی تۆ کێیه و چییه؟ گرینگ نییهي چییه و چیت هێناوه مێنا، که وه‌ک ئیبڕاهیمی خه‌لیل سه‌ڕی بڕی. گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌و نیشانانه‌ی هه‌بێت: هه‌ر شتێک که له ڕێی ئیمانتدا لاوازت بکات، ئه‌وه‌ی که له‌مپه‌ڕ بێت له ڕۆیشتنت، هه‌ر شتێک که له ئه‌رک و بهرپرسیارهتیتدا تووشی دڵه‌ڕاوکێ و دوودڵیت بکات، هه‌رشتێک که تۆ گیرۆده‌ی خۆت بکات و ڕاتبوهستێنێت، هه‌ر شتێک که دڵ به‌ستن پێی له‌مپه‌ڕ بێت له به‌رامبه‌ر بیستنی حه‌قدا و هه‌ر ئه‌وه‌ی که ناچار به ڕاکردنت بکات، ئه‌وه‌ی که هانت ده‌دات به‌رده‌وام پاکانه بێنی و له هه‌مبه‌ر ڕاستیدا کوێر و که‌ڕت بکات، واته هه‌ر شتێک که له چاوی تۆدا جێی ئیسماعیلی هه‌بێ له چاوی ئیبڕاهیمدا. شاوه‌تی ماڵ و سامان یا پله و مه‌قامت قوربانی بکه. له لووتکه‌ی شه‌ڕه‌ف به‌رزی و گه‌وره‌یی له ژیانتدا، ته‌نیا یه‌ک شت هه‌یه که بۆ وه‌ده‌ست هێنانی له به‌رزاییه‌وه نزم ده‌بییه‌وه و بۆ له‌ده‌ست نه‌دانی هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی ئیبڕاهیم ئاسات فیدا ده‌که‌ی، ئه‌وه ئیسماعیلی تۆیه. له‌وانه‌یه ئیسماعیلی تۆ یه‌ک که‌س یا شتێک بێت، له‌وانه‌یه حاڵه‌ت و دۆخێک و ته‌نانه‌ت خاڵێکی لاوازت بێت! به‌ڵام ئیسماعیلی ئیبڕاهیم، کوڕی شیرینی بوو. پیره پیاوێکی سه‌ر و ڕیش سپی، دوای ته‌مه‌نێک شه‌ڕ و جیهاد له هه‌مبه‌ر نه‌فامی و زۆرداری نیمرود و نه‌زانی ههسارهپهرستان و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی بۆت په‌رستان و هاونشینی بابی بۆت سازی غیره‌تی، ئاوات به‌دڵی کۆرپه‌یه‌ک بوو، له‌و لاوه‌ش له‌گه‌ڵ خێزانی نه‌زۆکی سارا خاتوون و خۆشی پیر و په‌ک که‌وتوو. له‌وه‌دا خوای گه‌وره به پیری و بێ هێزی و ته‌نیایی و ئازاری ئه‌و به‌نده دڵسۆزه‌ی، له کهنێزهکهی هاجه‌ره خاتوون، کوڕێکی پێ به‌خشی که هه‌موو هیوا و خۆشی و شادی بابی بوو. ئیسماعیل گه‌نجێکی جوان و چالاک، ته‌نیا به‌رووبوومی بابی پیری داماوی بوو. له لووتکه‌ی جوانی ئیسماعیل و دڵخۆشی بابیدا، ده‌نگێك له خه‌ودا دێته گوێی ئیبڕاهیم و بانگی لێده‌کات که ئه‌ی ئیبڕاهیم به دوو ده‌ستی خۆت چه‌قوو هه‌ڵگره و ئیسماعیلهکهت سه‌ر ببڕه. ئیبڕاهیم به‌نده‌ی ملکه‌چی خوا، دوای هه‌موو ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی ته‌مه‌نی درێژی ئێستا که به ئاسووده‌یی گه‌یشتووه، ڕۆڵه‌ی نازداری ده‌بی قوربانی بكات، خه‌ونێک ده‌بینێت و ترس سه‌راپای وجودی داده‌گرێت، به‌ڵام فه‌رمان فه‌رمانی خوای په‌روه‌ردگاره، گه‌وره‌ترین شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نه‌فسی ده‌ست پێده‌کرێت. شه‌ڕی نێوان هه‌ڵبژاردنی خوا یا کوڕه‌که‌ی؟ کامیان به نرختره؟ پێوه‌ندی یا دڵ به‌ردان؟ خۆشی دڵ یا ئه‌رکی سه‌ر شان؟ باوکایه‌تی یا پێغه‌مبه‌رایه‌تی؟ ئه‌ی ئیبڕاهیم! ئیسماعیلهکهت یا په‌روه‌ردگاره‌که‌ت؟ به‌ڵام ئیبڕاهیم دوای یه‌ک سه‌ده پێغه‌مبه‌رایه‌تی خوا، له هه‌موو ئه‌زموونه‌کانیدا سه‌ربه‌رز بووه و قاره‌مانی شکۆمه‌ندی گۆڕه‌پانی شه‌ڕی دژ به نه‌فامی و تاغووتی مێژوو بووه. ئه‌وه چ ئه‌زموونێکی ئه‌سته‌مه بۆ ئیبڕاهیم! ئێستا له‌سه‌ردوو ڕێگادا ماوه‌ته، هه‌موو وجوودی ده‌ڵێت ئیسماعیل و حه‌قیش فه‌رمان ده‌کات به سه‌ر بڕین. ئیبلیس له که‌مین دایه و خوازیاره له میوه قه‌ده‌غه‌کراوی ئاده‌م و حه‌وا به ئیبڕاهیم بچێژیت، له دڵی ئیبڕاهیمدا خۆشه‌ویستی ڕۆڵه‌ی داده‌چێنێت و ئیبڕاهیم له نێو گێژاوێکدا ده‌خولێته‌وه که چیبکات؟ به خۆی ده‌ڵێ ئای چه‌نده خۆش ده‌بوو که ئیبڕاهیم به ده‌ستی ئیسماعیل بکوژرابایه. به‌ڵام قه‌ده‌ری خوا وایه ده‌بێ ئیسماعیلی گه‌نج بڕوات و ئیبڕاهیمی پیر و دڵبریندار بمێنێته‌وه. ئیبڕاهیم پێغه‌مبه‌ر به هێزه‌وه ده‌ربه‌ستی فه‌رمانی په‌روه‌ردگاری بوو و له تاکه کۆرپه‌ی نازداری دڵی به‌ردا و له‌ببه‌یکی به فه‌رمانی خوا گوت. چونکه ئیبڕاهیم ده‌زانێت که ئه‌و په‌ڕی ئازادی له به‌ندایه‌تی خوادایه. ئیسماعیلی کوڕی له فه‌رمانی خوا ئاگادار کرده‌وه و ئیسماعیلی گه‌نج ملکه‌چی خوا وه‌ڵامی باوکی دڵبهخهمی دایه‌وه که ئه‌ی باوکی شیرینم که خوا ڕازی بێت به سه‌ر بڕینم جێی شانازیمه قوربانی بوونم. فه‌رمانی خوا جێبه جێ بکه ان شاءالله له خۆڕاگرانم. کوڕ و بابی ئیماندار پشتی ئیبلیس ده‌شکێنن به فه‌رمانی خوا. هێزێک دێته ناخی هه‌ردووکیان، ئیبڕاهیم به هێزی حه‌ق په‌رستی و به‌ندایه‌تی وه‌ها بڕیارێک ده‌رده‌کات و ئیسماعیل جوامێری تاکه په‌رست بوو به قوربانییه‌کی ئارام و خۆراگر. باوکی دڵسۆز چه‌قووی تیژی خسته سه‌ر گه‌ردنی کوڕی، به‌ڵام هه‌رچی کرد نه‌یبڕی. خه‌مبار له‌وه‌ی که نه‌کا فه‌رمانی خوا بشکێنی به‌ڵام خوای میهره‌بان قوربانی ئیسماعیلی به مه‌ڕێک گۆڕی. ئیبڕاهیم له پێناو خوادا جگه‌ر گۆشه‌که‌ی فیدا کرد ، تۆ چیت قوربانی ده‌که‌ی له ڕێگای خوادا؟ ده‌ی دڵ به‌رده له هه‌موو ئاواتی نزمی دنیا، واز بێنه له تاوان و سووچ و گوناح. ملکه‌چی فه‌رمانی خوا به و به دڵ ئه‌وینداری ڕێبازی خوا به...
بۆچوونه‌کان
شه یما
15 شهریور 1394 - 12:25زور جوانه کلسووم گیان، ده ستت خؤش بئ یاخوا ئه و جیگا پیرؤزه به قسمه تی ئیمه ش بئ