تێگەیشتنێکی سادە بەرامبەر داوایەکی پەروەردگار. سەردەم و بیرکردنەوەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خواش دەبێ بگۆڕێن!؟

لە ئایەتێکی نورانییەوە دەست پێ دەکەم، خوای گەورە دەفەرموێ: «وَقُل لِّلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا ۖ وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ ۖ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا لِبُعُولَتِهِنَّ» (نوور/٣١)

واته‌: بە ئافرەتانی ئیمانداریش بڵێ: چاویان بپارێزن (لە تەماشای نامەحرەم) داوێنی خۆیان بپارێزن لە گوناه‍ و جوانیی خۆیان دەرنەخەن جگە لەوەی کە دیارە (وەک دەم و چاو و دەست) با سەرپۆشەکانیان بدەن بەسەر سینە و ملیاندا و جوانی و زینەتی خۆیان دەرنەخەن بەتەواوی بۆ هاوسەرەکانیان نەبێ.

پوختەی ئەم ئایەتە پیرۆزە و دونیای ئێستای ئافرەتانی ئیماندار لەکوێ!؟ خەریکە ئەو سەرپۆشە نیوەچڵەی ئافرەتانی ئێستا دەیکەن بەزۆری دەزانن بەرامبەر فەرمانی خوا! یا بەپێچەوانەی ئەوە زۆر ئافرەت دەبینین حیجابێکی تەواو و پۆشتەیە، بەڵام ناخی پڕیەتی لە کەموکورتی. ڕوکار و ناخ دوانەیەی لێکدانەبڕاون، بۆ پاراستنی ئەم دوو هاوسەنگییە پێویستە هەردوو بەشەکە گەشە پێ بدرێ.

ئایا خۆداپۆشین تەنها داپۆشینی سەرە؟ پاکیزەیی پێش پاراستنی ئەندامانی جەستە لەو هەڵسوکەوتانەی پێچەوانەی ڕەوشت لە دڵدا سەرهەڵدەدا، کە ئەمەش لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی حەزە نادروستە جەستەییەکان و لە سنووردەرچووەکانی نەفس بەرجەستە دەبێ، ئەمەش لە ڕێگای ئەوەوە دەبێ کە ئافرەتانمان لەو گرنگییەی کە دەیدا بەجوانی درەوەی و بەرگ و پۆشاکەکەی گرنگی بەو تایبەتمەندییانە بدات کە جوانی ناوەوەن وەک شکۆ و پاکیزەیی و چاکەکاری. بەپێچەوانەوە ئەو خانمەی لەم هەستە قوڵەی ناخ و بەهای پاکیزەیی و ویقار بێبەشە، کە ئەمانەش هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی مرۆڤ بۆ پلەیەکی بڵندتر لە فریشتە، ئەو بایەخەی بەپۆشاکی دەرەوەی دەیدا، تەنها دەبێتە بەرگێکی درۆزن کە خۆڵ لەچاوی مرۆڤەکان دەنێت، چونکە ئافرەتێک پاکیزەیی لەژێر پرسیاردا بێ، وەک پارەیەکی بێبەها وایە و کاتێک نزیک بە ئەستەمە نەوەیەکی تەندروست لە ئامێزی ئەودا پەروەردە ببێ. هەربۆیە وەک چۆن پێویستە ئافرەت گرنگی بە شیاوی ئەو بەرگە بدات کە دەیپۆشێ، بەهەمان شێوە دەبێ لە هەست و بیر و گوفتار و کردارەکانیشدا ئەو پاکیزەیی و نەزاهەتە بنوێنێ کە شایەنیەتی.

دەبێ ئەو لە هەستان و دانیشتن و ڕۆیشتن و قسەکردنیدا هەردەم پاک و پاراو و خاوەن شەرم و شکۆ بێ. لە لایەکەوە لە بابەتی داپۆشراویدا فەرمانەکانی ئیسلام بەجێ بهێنێت و لەولاشەوە بەهەموو گوفتار و کردارەکانیەوە هەوڵ بدا ببێتە نوێنەری پاکیزەیی. بەدڵنیایەوە ئەم دۆخە پیاوانیش دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی خوای پەروەردگار بێ جیاکاری ژن و پیاو، لەپێناو تەندروستی خێزاندا لە زۆر شوێنی قوڕئانی پیرۆزدا داوا دەکا پارێزگاری لە شکۆ و پاکیزەیی بکرێت و فەرمانمان پێ دەکا لەهەموو بەدڕەوشتییەک بەدوور بین.

لەپای ئەم هەموە داوا پڕحیکمەتانەی خواگیان هەمیشە هیوا و ئومێد و پاداشت دەبەخشێتە ئیماندارە ڕێباز جێبەجێکارەکانی، وەک دەفەرموێ: «إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا» (ئه‌حزاب/۳٥)

واته: بەڕاستی پیاوان و ئافرەتانی موسوڵمان، پیاوان و ئافرەتانی ئیماندار، پیاوان و ئافرەتانی ملکەچ و فەرمانبەردار، پیاوان و ئافرەتانی ڕاستگۆ، پیاوان و ئافرەتانی خۆگر، پیاوان و ئافرەتانی لەخوا ترس، پیاوان و ئافرەتانی بەخشندە، پیاوان و ئافرەتانی ڕۆژووەوان، پیاوان و ئافرەتانی داوێنپاک و ئەو پیاو و ئافرەتانەی کە زۆر یادی خوا دەکەن، بەخشین و لێبوردەیی و پاداشتی زۆر مەزن و بێسنووریان لە لایەن خوای گەورەوە بۆ ئامادە کراوە (هەر کە دونیایان بەجێهێشت پێی شاد دەبن).

دەسا ئێمە کە خۆمان بە بەندەیەکی ئیماندار دەزانین، ئاستی دەسپێوەگرتنی ئیمانیمان تاکوێ ڕەنگی داوەتەوە!؟ ئێمە کە نموونەی جوانی کۆمەڵگاین، با پاکیزەییمان جارێکی تر دڵی پەروەرێنی ئەزیز پڕ خۆشی بکەین و کۆمەڵگا بدرەوشێنینەوە بە پاکیزەیی ئیمانیمان. خانمە گوڵەکانمان ئەم ئایەتە لەبیر مەکەن و شوێن مۆدێلات و کەشی گێرەشێوێنی کۆمەڵگا مەکەون با پاکیزەییمان تەمی دوژمن بکوژێ.

نووسه‌ر: هێڤار ئیسماعیل