بۆ نوێژی نێوەڕویە هاتە مزگەوت و بە جەماعەت نوێژمان کرد. دەرفەتێک داوی نوێژ ڕەخسا کە زیاتری لە خزمەت دابین. سەرەتا، دوو لاوی خوێنگەرم و تۆزە ئاماڵ تونداژۆ و ئەهلی پرسیار، پرسیارگەلی جۆراوجۆریان ئاراستەی حاجی مامۆستا کرد. بابەتی جیاوازیان دەخستە ڕوو. نزیکەی دوو کاتژمێری کێشا، حاجی مامۆستا زۆر بەئەسپایی و دڵاواییەوە وه‌ڵامی دانە دانەی پرسیارەکانی دەدایه‌وە. لاوەکان زۆریان پێ خۆش بوو، دوایی، یەکیان گوتی بەڕاستی ئەم مامۆستایە هەم سەنگینە و هەم خاوەن زانستە. لە کۆتایی و بەر لە خواحافیزی، هەندێ پرسیاری تایبەتی ژیان و سەردەمی فەقێیەتی و مەلایەتیمان لەگەڵ باس کرد و وه‌ڵامی پرسیارەکانی داینەوە. دیارە حاجی مەلا حەمەدەمینی کوڕیشی لە خزمەت دابوو.

خوێنەری بەڕێز! من هەر لە منداڵییه‌وە حاجی مامۆستا دەناسم و سەردەمانێکیش لەگەڵ مەلا "ساڵح" و مەلا "حەمەدەمین" ی کوڕی، پێکەوە فەقێ بووین. جیا لەوەش، من(موحەممەد ئەمین واژی) شانازی ئەوەم بووە ساڵی (۱۳٦۷) هەتاوی لە خزمەتیدا فەقێ بم و کتێبێ (مغنی الطلاب)، لە زانستی مەنتیقدا، لەلای بخوێنم.

ئەوە ئێوە و ئەوە چاوخشانێک بەسەر ژیانی ئەم مامۆستا بەڕێزەدا. 

حاجی "مامۆستا مێهدی زادە" کوڕی مام "عەزیز" و ساڵی (۱۳۲۵)هەتاوی لە ئاوایی "بێمزورتێ" چاوی بە دنیا هەڵێناوە. دایە "زولەیخا"ی دایکی حاجی مامۆستا، زۆر جار بۆ منداڵ و نەوەکانی دەگێڕاوە کە (حاجی مەلا) سێ مانگ لە کاک مەسعوودی بارزانی چوکەترە؛ چونکە ئەوکات خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی هاتە بێمزورتێ، کاک مەسعوود مەلۆتکە بوو. من لانکێکی زۆر جوان و ڕازاوەم بۆ کۆرپەکەم ساز کردبوو کە هێستا لەدایک نەببوو. ئایشە خانم کە خۆی شاژنێکی دەست‌ڕۆیشتوو و خێزانی موستەفاخانی زەرزابوو، داوا لە خەڵکی دەکا لانکێکی ڕازاوەم بۆ بێنن. باسیان لەو لانکە کردبوو کە من سازم کردووە، منیش‌ بە شانازیه‌وە بۆم نارد. ئەوماوەی کە مەلا مستەفای ڕەحمەتی لەوێ بوو، لەو لانکەیە بۆ کاک مەسعوودی كوڕی کەڵکیان لێ وەرگرت.

مامە عەیز ساڵی (۱۳۳۹) حاجی مامۆستای دەبەر خوێندنی فەقێیەتی دەنێ و کتێبی "عوامل جرجانی" لە خزمەت خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا "سەیید عەبدولباقی واژی" دەست پێ دەکا. بەڵام دوایە حاجی مامۆستا مەلا موحەممەد بە هۆی ژن هێنان لە ساڵی (۱۳٤۷)دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ.  ئەوه‌نەدە تامەزرۆی زانست دەبێ و دڵی هەر لەلای ئەم فێرگە گەورەیە دەبێ، بۆیە دوای دوو منداڵان واتە: حاجی مەلا "ساڵح" و مەلا "حەمەدەمین"  لەسەڕڕاوە دەست دەکاتەوە بە خۆێندن و فەرمووی: مەلاسەیید! ساڵی ۱۳۵۳هەتاوی بۆ دەست پێکردنەودی دوبارەی فەقێیایەتی، چومە "هێیە" و خزمەت باوکت (حاجی مەلا سەیید موحەممەدی واژی) بە وردی خوێندنەکانی حوجرەم لە سەرڕاوە دەست پێ کردەوە.

لە درێژەدا ئاماژەی کرد کە: نەورۆزی ساڵی ۱۳۵۷هەتاوی لە شارەدێی پەسوێ لە خزمەت "حاجی مامۆستا مەلا سەیید نوەری واژی" هاوڕێ لەگەڵ مەلا "ئەحمەد سوری" کە خەڵکی "گۆمانی" سەردەشت بوو -کە یەکەم ئیجازەدانی حاجی مامۆستا "سەیید نورەددین" بوو - ئیجازەو مۆڵەتی مەلایەتیمان وەرگرت. باوکی ڕەحمەتییت (حاجی مەلا سەیید موحەممەدی واژی) لەوێ وتارێکی بە عەڕەبی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و حاجی (مامۆستا) "مەلا قادری کوردی"ش بەڕێوەبه‌ری(مجری)ی بەرنامە کە بوو. ئەوکات کوڕە گەورەکەم حاجی "مەلا ساڵح"، (۹) ساڵانە و حاجی "مەلا حەمەدەمین"یش (۷) ساڵانە بوو.

حاجی مامۆستا سەرەتای مەلایەتی دەچێتە ئاوایی"سەوجە" و تا ساڵی (۱۳٦۰) واتە سێ ساڵ لەو ئاواییە دەمێنێتەوە. ساڵی (۱۳٦۰)بۆ درێژەدان بە ئەرکی مەلایەتی و بە پێشنیاری زێدی خۆی دەچێتە "بێمزورتێ" و تا ساڵی (۱۳۹۷)، [تەنیا ساڵێک نەبێ واتە (۱۳٨۰) تا (۱۳٨۱) کە چۆ "شیناوێ"ی "پیرانشار" و دوایە خەڵکەکەی بێمزورتێ حاجی مامۆستایان هێناوە "بێمزورتێ". دەنا] هەر لەو شوێنە بووە. واتە (۳٦) ساڵ، لە بێمزورتێ بووە.

حاجی مامۆستا ساڵی ۱۳۹۷هەتاوی خۆی خانەنشین دەکا و لە شاری "شنۆ" نیشتەجێ دەبێ.

ئیستاش خۆبەخشانە وانەبێژی فەقێکانی مزگەوتی جامیعەی "شنۆ"یە، یە.

نوسراوەکانی مامۆستا:

۱ـ منتخب المواعظ.

۲ـ تۆمار ساعتی شنۆیە کە کاری زانستی لەسەر کردووە.

۳ـ مستندالخطیب.

٤ـ طنز و نصیحت(کە لەم کتێبەدا ئاوڕێکی جیددی داوەتە سەر شاری شنۆ و دێهاتەکانی و لەم بوارانە لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون؛ وەک: الف) مێژوی ئەم گوندە ب) مامۆستا قەدیمییه‌کانی ج) شاخ و کێو و بەندەنەکانی ه) ئاسەوارە مێژووییەکانی و) سەیرانگاکانی و... جا لە هەندێک شوێن بە شێوەی شێعر هۆنیویه‌تیەوە و لە هەندێک جێش بە نەسر باسی لێوە کردوون. بۆ کۆکردنەوەی ئەم بابەت‌گەلە، کەڵکی لە پیاوە بەساڵاچوان و زانایانی ئەم شوێنەی وەرگرتوووە.

کە بە بڕوای من بۆ بەرەی داهاتو دەبێتە سەرچاوەیەکی گرینگ. چون بەداخەوە ئەم کارە فەرهەنگی و دێکۆمێنت‌سازی لە وڵاتی ئێمەی کوردەواریدا زۆر نامۆیە و کاری بۆ نەکراوە.

کەسایەتی و تایبەتمەندییه‌کانی مامۆستا لە چەند دێڕدا:

۱ـ هیچ کات بێ حوجرە و حوجرەکەی بێ‌فەقێ نەبووە.

۲ـ هەر مەلایەتی نەکردووە، بەڵکوو لە پەنا مەلایەتی، کاری وەرزێڕی و جوتیاریشی کردووە.

۳ـ هەتا بۆی کراوە خۆی لە سەفر پاراستووە و پێی خۆش بووە زۆرتر بە مزگەوت و حوجرەی فەقێکان ڕابگا.

٤ـ پیاوێکی زۆر نەرم و نیان و خۆبەکەم گرە، وێنە هەر ئه‌و ژه‌ند ڕۆژه‌ بوو کاتێ لە مزگەوت نزیک به‌ یەک کاتژمێڕ و نیو، دوو لاوی خوێنگەرم پرسیاری فیقهی، تەجوید و عەقیدەتیان لێ دەکرد و بەڕێزیشان بە زمانی ڕۆژووەوه‌، زۆر بە ئارامی وه‌ڵامی دەدانەوە.

٦ـ مامۆستا زۆری شایی بە کارەکەی خۆی هەیە. لە پێنج کوڕان، چواری دەبەر خوێندنی مەلایەتی ناوە.

۷ـ هەمیشە لاگیری حەق بووە و لەگەڵ خەڵک بووە. خۆشەویستیی مامۆستاکان و گەل بووە. زۆر جار لەلایان دەسەڵات و دەست‌ڕۆیشتووان پێشنیاری زۆر پلە و پۆستیان پێ کردووە، بەڵام قەبووڵی نەکردووە. 

٨ــ لە ساڵی ۱۳۹۰ حەوتوی ڕۆژێک دەرسێکی تێگڕایی(عمومی) هەیە بۆ مامۆستاکانی نێو شار و گوندەکان، کە ڕۆژانی چوارشەممە و لە مزگەوەتی جامیعەی شاری شنۆ بەڕێوە دەچێ و ئێستا دەرسی فەڕائیز (لە زانستی دابەشکردنی کەلەپور و میرات) دەڵێتەوە و پارەکەش وانە و ڕاڤەی"تەفسیری بەیزاوی"  وەئه‌ستۆی خۆی گرتبوو. مامۆستاکانی شار و ئاواییەکان، ئەوانەی بۆیان بکرێ دێن و لەم کۆڕە پیرۆزەدا بەشداری ده‌كه‌ن و گوێ ڕادەگرن. جاری وایە نزیک دەبێتەوە لە سی چل کەسێک.

لە خوای ژووری سەر داوای لەشساغی و سەلامەتی و تەمەن درێژی بۆ دەکەین.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەی مزگەوتێ و بە زمانی بە ڕۆژووه‌وە چەند وێنەیەکی یادگاریمان کێشان و به‌ڵێنیمان لێستان کە وتووێژێکی چڕ و پڕتر دوای ڕەمەزان پێک بێنین و بەڕێزیشیان زۆر بە دڵاواییه‌وە فەرمووی زۆر باشە.

تا دیدار و دەرفەتێکی تر ماڵتان ئاوەدان و نزا و پاڕانەوەی ئەم ڕەمەزانەتان لە لای خوای بانی سەر وەرگیرێ و ئێمەشتان لەبیر نەچێ.

 

نوسەر: سەیید موحەممەد ئەمین واژی/مەهاباد

۱٤۰۲/۱/۱۷هەتاوی

۱٤٤٤/۹/۱۵مانگی

۲۰۲۳/۴/٦زایینی