شرۆڤه‌کاری ڕساڵه‌ی نووری نه‌وڕه‌سی: 

جه‌ماعه‌تی گوله‌ن ئه‌ندێشه‌کانی شێخ سه‌عید له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاردێنن 

مه‌تین کاراباش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ که‌ جه‌ماعه‌تی گوله‌ن ئه‌ندێشه‌ ئاینییه‌کانی به‌دیعولزه‌مان‌ سه‌عید کوردی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسی خۆیان، به‌ شێوه‌یه‌کی خراپ به‌کار ده‌به‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی یه‌نی شه‌فه‌ق: ئۆپراسیۆنی 17ی دیسێمبێری 2013 و ده‌ستگیر کردنی کوڕانی سێ وه‌زیری کابینه‌ی ئه‌ردۆغان به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلان به‌ گه‌نده‌ڵی دارایی بۆته‌ هۆی دروستبوونی ناکۆکی و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی زۆر له‌ نێوان پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی یارانی ئه‌ردۆ‌غان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ ئۆپراسیۆنی 17ی دیسێمبێر له‌ لایه‌ن ئه‌و گرووپه‌ له‌ قوتابیانی گوله‌ن ئه‌نجام دراوه‌ که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و پۆلیسدا نفووزیان هه‌یه‌‌.

مه‌تین کاراباش له‌ شرۆڤه‌کارانی به‌رهه‌مه‌کانی شێخ سه‌عید کوردی ناسراو به‌ به‌دیعولزه‌مان نه‌وڕه‌سی له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌نی شه‌فه‌ق ڕایگه‌یاند که‌ جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن بیر و بۆچوون و به‌رهه‌مه‌ ئایینییه‌کانی نه‌وڕه‌سی خراپ و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانینان به‌ کاردێنن.

ئه‌م ڕۆشنبیره‌ ئایینییه‌ی تورکیا ئاماژه‌ی به‌م بابه‌ته‌ش داوه‌ که‌ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی جه‌ماعه‌تی گوله‌ن وتوویه‌تی: "ئێمه‌ ده‌بێ تورکیا له‌ میراتی فکری که‌مالیسم ڕزگار بکه‌ین، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه بڕیار نییه‌ گوله‌ن له‌ جێگای ئاتاتورک دابنین.‌"

شوێنکه‌وتووانی گوله‌ن ڕێز و به‌ندیوارییه‌کی تایبه‌تیان بۆ شێخ سه‌عید کوردی هه‌یه‌ و ئه‌و به‌ بیرمه‌ندێکی ئایینی گه‌وره‌ ده‌زانن که‌ له‌ ئه‌ندێشه‌کانیدا به‌رده‌وام جه‌ختی کردۆته‌ سه‌ر پێویستی ئاشتی و خێر.