ته‌رمی 200 فه‌له‌ستینی له‌ گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵ له‌ تلاڤیو دۆزرایه‌وه‌. ئه‌م ته‌رمانه‌، ھی که‌سانێکه‌ که‌ به‌ ده‌ستی چه‌کدارانی لایه‌نی ڕاستی توندڕه‌وی جوله‌که‌، له‌ ناوچه‌ پێشووه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌کان له‌ ساڵی 1948 شەھید کراون. بە پێی ڕاپۆرتی پێگه‌ی ھه‌واڵنێری وۆرڵد بوڵتەن، ده‌یان ھاووڵاتی فه‌له‌ستینی، له‌ شه‌ش گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ له‌ ناوچه‌ی یافا له‌ تەلاڤیودا دۆزراونەتەوە. ئه‌م ته‌رمانه‌ له‌ کاتی شه‌ڕی عەرەبه‌کان و ئیسڕائیل لەلایەن خەڵکی توندڕەوی ئیسڕائیل شەھید کراون. مه‌قامێکی فەرمی له‌ قه‌برستانی موسوڵمانان بە ئاژانسی ھه‌واڵنێری فه‌ڕانسه‌ی ڕاگه‌یاند : ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ دوای بیناکردنی خانوو له‌ ناوچه‌که‌دا دۆزراونەتەوە. ڕۆژنامە ی «السفیر» ڕایگه‌یاند که‌ زیاد له‌ 200 که‌س له‌م شه‌ش گۆڕه‌دا ھه‌ن، به‌ڵام ژماری ته‌رمه‌کان له‌ گۆڕه‌کانی دیکه‌دا تا ئێستا دیاری نه‌کراوه‌. محەمەد عوبەید، لێکۆڵه‌ڕ و مێژووناس ڕایگەیاند : ته‌رمه‌کان، ھی ته‌مه‌نگه‌لێکی جۆراوجۆر وه‌ک ژنان، منداڵان و گه‌وره‌کانن. له‌سه‌ر ھه‌ندێ له‌م تەرمانە، ئاسه‌واری ئەشکەنجه‌ ده‌بینرێ. زیاد له‌ 760 ھەزار فەلەستینی له‌ ماوه‌ی شه‌ڕدا، ماڵ و خانووی خۆیان به‌جێ ھێڵاوه‌ و ئاواره‌ بوون. زۆرێک له‌م خه‌ڵکه‌، تا ئێستا له‌ ئوردوگای په‌نابه‌ران له‌ ئۆردۆندا ده‌ژین.