دەقی بەیاننامەی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەم شێوەیە:
بسم الله الرّحمن الرّحیم«الَّذِينَ قَالَ لَهُمُ النَّاسُ إِنَّ النَّاسَ قَدْ جَمَعُوا لَكُمْ فَاخْشَوْهُمْ فَزَادَهُمْ إِيمَانًا وَقَالُوا حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ» (آل عمران:١٧٣)
شێرە سەربەرزەکەی بێشەڵانە قارەمانپەروەر و دوژمنشکێنەکەی غەززە، بە چەکێکی ساکار و باو، زیاتر لە یەک ساڵ وێڕای شەڕڤانانی خەباتکاری لە بەرامبەر سوپایەکی سەراپا چەکدار و بەهێزی زایۆنیزم شەڕی کرد و دوای بەرگریکردنێکی چڕوپڕ و پەندئامۆزەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناهاوساندا لەگەڵ کوادکۆپتەر و تانکی داگیرکەران و پشتیوانانی چوک و گەورە و دوور و نزیکیان شەڕی کرد و لە ئاکامدا دوای ئەوەیکە بە زەڕباتێک دوژمنی تێکشێلا، لە کۆتا ڕووبەڕووبوونەوەدا گیانی بە گیانەڵڵا سپارد.
فَسلَامُ عَلَيه يَوْمَ وُلِد وَيَوْمَ أَستُشهِدَ وَيَوْمَ یتحرَّر فِلَسْطِينُ
وَيَوْمَ یُبْعَثُ حَيًّا
ئەندازیاری ژیر و وریا و دوورڕوانی عەمەلیاتی «تۆفانی ئەقسا»، باوکی ئیبڕاهیم یەحیا سینوار، جیا لە وانەیەکی بەژانی کە لە ۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳ بە ڕژێمی زایۆنیزمی ئیسڕائیلی دا، بیر و مێشکی جیهانیشی زیاتر لە ڕابردوو تووشی سەرسامی و ململانێ و دژوێرییەکانی نەزمی دەسەڵاتداری ئێستای جیهان کرد و پووشاڵیبوونی دروشم و دووڕوویی و چەندڕوویی ڕێسا و پێوەرەکانی بەڕواڵەت مافی مرۆڤی لەپێش چاوی هەموان ڕوون کردەوە. سوپایەکی کە لە ژوویەنی ۱۹۶۷، لە ماوەی ۶ ڕۆژ سوپای چەند وڵاتی شکست دا، ئێستا سێزدە مانگە خەریکی شەڕە کە وێڕای وێرانی و کاولکاری ژیانی خەڵکی ئاسایی، نە تەنیا چوکترین دەستکەوتی بۆ بە ئاکام گەیشتنی ئامانجەکانی ڕانەگەیاندووە، بەڵکوو هەزینەی قورسی گیانی، چەکەمەنی و دوورەپەرێزی لەبەردەم ویژدانە زیندوو و وشیارەکان و له گۆڕەپانی بیری گشتیی ئازادیخوازانی جیهانیشدا هەڵگرتووە.
کارناسان و توێژەران لە داهاتوودا، دەسکەوت و خەسارەتەکانی «تۆفانی ئەقسا» زیاتر تاوتوێ دەکەن، بەڵام ناوی درەوشاوەی یەحیا سینوار لە ترووپکی ڕێبەران و فەرماندانێکدا کە لە دژوارترین ساتەکاندا لەلای نەتەوەکەی، دلێرانە شەڕی کرد، بۆ هەمیشە دەدرەوشێتەوە.
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح وێڕای ئیمان بە ویست و خواستی خوای گەورە، لەگەڵ دەربڕینی ڕێز و ئەدەب لە ئاست تەواوی هەوڵ و خەباتەکانی ئەو شەهیدە سەربەرزە، جوانترین و ڕازاوەترین پیرۆزبایی و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی خەباتکاری فەلەستین و بەتایبەت هاوخەباتانی لە بزوتنەوەی بەرگریی ئیسلامی فەلەستین «حەماس» دەکا، ڕەحمەت و ڕەزامەندی خوا و فیردەوسی بەرز و بەرین بۆ ئەو شەهیدە گەشاوەی جیهادە – مِّنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ - لە خوای گەورە و میهرەبان داوا دەکا.
إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ
جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح
۱۴۰۳/۰۷/۲۹
بۆچوونهکان