ئەم کارگەیە کە لەلایەن خاتوو گۆڵباغ خونرۆز، خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستە قوڕئانییەکان پێشکەش کرا، کە تایبەت بوو بە پشکنینی پێگەی ژنانی موسوڵمان لە جیهانی هاوچەرخدا و ڕوونکردنەوەی گرفت و ململانێ و توانا و دەرفەتەکانی بەردەم ژنانی موسوڵمان.
لەم دیدارەدا، لە لایەک دیدگای ئایینی بۆ ژن و پێگەی ژن لە بیری ئایینی و لێکەوتەکانی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا تاوتوێ کرا و لە لایەکی دیکەشەوە تێڕوانینی خۆراوا و ڕوانگەی بزووتنەوەی فێمینیزم بەرامبەر بە ژن و دەرەنجام و کەموکورتییەکانی شی کرایەوە.
وتاردەری کارگەکە گرنگترین گرفتی بەردەم ژنانی موسوڵمان ڕوون کردەوە، لەوانە گۆڕانی بەها و ئەولەویەتەکانی کۆمەڵگا، ڕوانگەی ئامرازییبوونی ژنان، تێنەگەیشتنێکی قووڵ و لۆژیکی لە فێرکارییە ئاینییەکان، پڕوپاگەندەی درۆ و لادەرکردنی گەنجان، هەروەها نەبوونی ئامادەیی ئامانجدار و کاریگەرانەی ژنانی موسوڵمان لە بەستێنی مەجازیدا.
ئەو کارگەیە لەلایەن خوشکانی جەماعەتەوە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێ کرا، ڕێکخەرانیش ڕایانگەیاند کە پلانی ئەنجامدانی ئەم کارگەیە لە شارەکانی تری دەورووبەر لە ئارادایە.