وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهان لە سەفەرێکی چاوەڕواننەکراودا دەگاتە ژینێڤ و لەگەڵ هاوتا ئیرانییەکەی دیدار و گفتوگۆ دەکات.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لە زمان گەورە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە کە جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەوڵدان لەپێناو کۆمەک بە گەیشتنی ئێران و گرووپی 1+5 بە ڕێککەوتنێکی ناڤۆکی ئەمڕۆ (هەینی) دەگاتە ژێنێڤ.
ئاشکراشی کردووە کە کێری لەسەر بانگهێشتی کاترین ئەشتۆن، گەورە دانوستانکاری شەش زلهێزی جیهان و لەپێناو هەوڵدان بۆ یارمەتیدان بە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی هاوپێوەند بە دانوستانی ناڤۆکی ئێران، سەفەری ژێنێڤ دەکات.
هەروەها کەناڵی ئێن بی سی، ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بە ئەگەری گەیشتنی ئێران و گرووپی 1+5 بە ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرنامەی ناڤۆکی ڕایگەیاند: جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوانیوەڕۆی هەینی لە سەفەرێکی چاوەڕواننەکراو بۆ ژێنێڤ، لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، هاوتا ئێرانییەکەی دیدار و گفتوگۆ دەکات.
ژێنێڤ لە ڕۆژی ڕابردوو (پێنجشەممە) میوانداریی گفتوگۆی ناڤۆکی نێوان ئێران و گرووپی 1+5 (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، چین، ڕووسیا و ئەڵمانیا) دەکات.