ماوەیێکە باسێک مێشکمی بهخۆوه سهرقاڵ کردووە، بۆ لە کۆمەڵگای ئێمە کاتێک بمانەوێ باسی هەرشتێک بکەین، دەبێ بە کەسێکی دیکەوە پشتڕاستی کەینەوە، ئەو باوەڕبەخۆبوونەمان نییە کە بەڕاستی ئەوەی کە دەمانەوێ لە زمانی خۆمانەوە بیڵێین و ئەوەی پێمان خۆشە بیکەین بێ ئەوەی پشتڕاستی بکەینەوە بە کەسێک یا شتێکی دیکەوە. تەنانەت وامان لێهاتووە لەگەڵ خۆشمان ڕووڕاست نهماوین، کورد وتەنی: «گڵی دوور دەرمانە» هەرچی دوورە بە باش و تەواو و کامڵی دەزانین و وەک بەڵگە بەکاری دەبەین و ئهوهش هەموو ژیانمانی تەنیوە. لە میدیاکانمانەوە دەست پێ دەکەم؛ ئەم ئێوارە لە بەرنامەیێکدا ڕاپۆرتێکیان دروست کردبوو سەبارەت بە بنەماڵەیێکی ئوستوڕالیایی کە لەم کاتی کۆڕۆنا لە حەوشەکەیاندا سەوزە و میوەیان چاندووە، ئێمە ساڵانێکە ئەو کارە دەکەین و لەم ساڵهدا زۆر زیاتریش بووە، بهڵام بۆ تا ئێستا کەسیان گرینگیان بەو باسە نەداوە و تەنانەت ئێستا بۆ ئەو باسە دەگەنە ئوستوڕاڵیا بۆ راپۆرت؟؟ ئایا ئەوە جۆرێک نەبوونی بڕوابەخۆبوون و خۆهەڵپەساردن و پشتڕاستکردنەوەی خۆمان بە وان نییە؟!
ئەوە هێندە چۆتە قووڵایی ناخمانەوە کە تەنانەت کاریگەری لەسەر حەز و خواستەکانیشمان داناوه، بڕوامان بە حەزەکانی خۆمان نهماوە و خۆمان لەپشت ئەوانەوە شاردۆتەوە، حەزەکانمان لەگەڵ حەزەکانی ئەوان ڕێک خستووە، کاتێک سروشتێکی جوان دەبینین دەڵێین: دەڵێی سووئیسە یا دەڵێی ئهورووپا و ئامریکایە...
کەسانێک دەکرێن ببە قارەمان و ئێمە کوێرکوێرانە وەک قارەمان دەیانبینین بێ ئەوەی زات یا بڕوابەخۆبوونێکمان بووبێ کە بیری لێ بکەینەوە و بەدوای ئەوەدا بچین بزانین کە ئەوە ڕاستە یاخود نا!؟ خۆمان بگەین بە قارەمان بوونیان... کاتێک بەناو سۆشیاڵ میدیا دەسووڕێیتەوە یا کاتێک دەچیتە خیابانە قەرەباڵغەکانی شارەوە، کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانە دەبینی کە ڕوخساریان بەیەک دەچێ یا واباشترە بڵێم بە یەک چواندووە، لوتێک کە لە لوتی ئەورووپیێک دەچێ و بە جوان وەرگیراوە و هەموو لوتەکان وەک ئەویان لێکراوە. مکیاج و ئارایشتێک وەک نموونە هەڵبژێردراوە و هەموو وەک ئەو و بەگشتی قیافە و ڕواڵهتی هەمووان وەک یەکی لێ هاتووە، خۆشاردنەوەیێک و نیشاننەدانی خویێک کە تا جێیێکی زۆر هەر دەگەڕێتەوە بۆ بڕوابەخۆنەبوون و بە گەورەزانینی کەسانی دیکە. جۆرێک کە خەریکە خۆمان لەبیر دەچێتەوە، ئەو ڕواڵەتە لە زۆر شوێندا کاری کردۆتە ڕۆح و ناخمانەوە و هەموو حەزەکانمان بۆ مۆسیقا، بۆ خواردنەکان، بۆ شێوەی ژیانمان و بۆ زۆر شتی تری داگیر کردووە، کاتێک کە گوێ لەم مۆسیقا و گۆرانییه کوردیانەی کە لەم ساڵانەی داهاتوودا هاتوونەتەدەر دەگری، بەشی زۆریان تا دەست بە وتنی گۆرانییەکە دەکا، بە مۆسیقاکەی نازانی کە کوردییە. هیچ بۆن و مۆرکێکی کوردانەیان نهماوە، هەموویان بوونە کۆپیکردنێک لە گۆرانییە بیانییەکان. نەک بڵێم گۆرانی و مۆسیقای بیانی خراپە و نابێ گوێی لێ بگری، بەهیچ شێوەیێک مەبەستم ئەوە نییە، بەڵکوو دەڵێم هەرشتێک کە لە خۆت بێ، لە ناخ و دەروون و حەزی خۆت ئەوە ناوازە و عەنتیکەیە، بەڵام کاتێک کە لە ڕاستیدا لە ناخ و دەروونی ڕاستەقینەی تۆ نییە و تۆ بەزۆر دەتهەوێ خۆتی پێوە ببەستیتەوە، جوان و دڵڕفێن نامێنێ. ڕەنگە ئەو ناخ و دەروونی تۆ زۆر جوانتر بێ لەوەی وا خۆت پێوه بەستۆتەوە.
لەبیرچوونەوەی زمانی زگماکی بە گشتی لە جیهاندا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویین و بەتایبەت تر لەناو کەمینەکانی وڵاتەکان، یەکێکە لە دەرەنجامی بێ بڕوایی بەخۆ و بەکەم سەیری خۆکردن. گرنگی زمانی بیانی و زمانە زیندووهکانی دنیا وای کردووە کە کۆمەڵگا گرنگی زمانی دایکی لەبیر بکا، که ئەوە باسێکی ئێجگار گەورەیە کە لە باسەکە دوورمان دەخاتەوە. بەڵام بەشێکی ئەوەیش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەبوونی بڕوابەخۆبوونە.
بڕوابەخۆبوون داهێنان دروست دەکا و دەبێتە هۆی پێشکەوتن و بیرت ئاوهڵه و ئازاد دەکا و هەر ئەو نەبوونی بڕوابەخۆبوونە کەسەکان ترسنۆک دەکا و وەک ئامێرێکی کۆپیپەیستیان لێ دەکا کە دەورووبەرییەکانیان دووبارە دەکەونەوە و دوور دەکەونەوە لە داهێنان و تازەگەری و بیروبڕوای ئازادیان لێ زەوت دەکەن، بێ ئەوەی خۆیان هەستی پێ بکەن لە قەفەسێکی ساختەیا دەبن کە حەزەکانیان و هەموو ژیانیان بۆ داڕێژراوە و خۆیان واهەست دەکەن ئازادن...
بەبێ بڕوابەخۆبوون کەسەکان دوا دەکەون و کۆمەڵگایش دوا دەکەوێ. بە بڕوای ئێوە ئەمانە هەمووی بە ڕێکەوت و ئیتفاقییە؟ بێ هیچ داڕشتنێکی پێش وەخت.
پوختەی قسەکانم؛ ئەگەر بەوردی لەژیانمان بڕوانین ژیانمان پڕە لەو شتانەی کە ئێمە بێ بڕوا دەکەن بەخۆمان کە دهرهنجام و ئاکامی زۆر گەورەیان هەیە و ئێمە بەبێ باکی لێیان تێدەپەڕین و لە ئاکامەکەی بێ خەبەرین و ڕۆژێک بە خۆمان دەزانین کە تازە زۆر درهنگە و نایگەینێ.
نووسهر: دڵنیا
بۆچوونهکان