به‌پێی ڕێککه‌وتنی نێوان وه‌زیری ته‌ندروستی ئێران و نوێنه‌ری شاره‌کانی پیرانشار و سه‌رده‌شت له‌ مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی، له‌ ئێستاوه‌ ئه‌نجومه‌نی نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری ئێران سه‌رپه‌رستی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی کچانی شیناوا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس: که‌مێک پێش ئێستا کۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌یید حه‌سه‌ن قازی زاده‌ هاشمی وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌وڵه‌تی ئێران و دوکتۆر ڕه‌سوول خزری، نوێنه‌ری شاره‌کانی پیرانشار و سه‌رده‌شت له‌ مه‌جلیس، تایبه‌ت به‌ پێوشوێنگری پڕۆسه‌ی ده‌رمانی کچه‌ سووتاوه‌کانی شیناوا کۆتایی هات و وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ڵێنی دا باشترین تیمی پزیشکی و له‌سه‌ر ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت ده‌رمانی ئه‌و کچانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

ڕه‌سووڵ خزری دوای ته‌واوبوونی کۆبوونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیر، به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ی دیسێمبێر/ 7ی به‌فرانبار، دانیشتنێکی چوار کاژمێری له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی ئێران بووه‌ بۆ به‌ دوادا چوونی تایبه‌ت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی کچه‌ سووتاوه‌کانی قوتابخانه‌ی شیناوا که‌ ڕێککه‌وتنێکی باشی تێیادا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

خزری زیادی کرد: به‌پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ بڕیاره‌ تیمی ئه‌نجومه‌نی نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری ئێران که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا شازترین و پسپۆڕترین تیمی پزیشکییه‌ له‌و بواره‌دا، ئه‌رکی سه‌رپه‌ر‌ستی کردنی سه‌رجه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی کچه‌کان له‌ ئه‌ستۆ بگرن له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران.

وتیشی: دوکتۆر قازی زاده‌ هاشمی له‌ ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه‌ هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌دا پێوه‌ندی به‌ بنه‌ماڵه‌ی یه‌کێک له‌ کچه‌ سووتاوه‌کانی شیناواوه‌ کردوه‌ و له‌ دوایین کاره‌کانی پڕۆسه‌ی ده‌رمانی ئه‌و کچانه‌ ئاگادار بوه‌ته‌وه‌.

نوێنه‌ری شاره‌کانی پیرانشار و سه‌رده‌شت له‌ مه‌جلیس ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند که‌ بڕیاره‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک و له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ر پزیشکێک که‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و کچانه‌ داوای بکه‌ن و به‌ سه‌رپه‌رستی ئه‌نجومه‌نی نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری، له‌ هه‌ر وڵاتێکی دونیا یان له‌ هه‌ر نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئێران نه‌شته‌رگه‌ری ته‌واو بۆ کچه‌ سووتاوه‌کان بکرێت و ده‌وڵه‌ت تێچووه‌که‌ی ده‌دات.

ڕاشیگه‌یاند که‌ سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌ یه‌که‌م نه‌شته‌رگه‌ری بۆ سێ که‌س له‌و کچانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی موحبی تاران ده‌کرێت.

خزری ڕوونیاسکرده‌وه‌ که‌ له‌ حه‌وته‌ی ڕابردووه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ یه‌ک میلیارد و 500 میلیۆن تمه‌ن بۆ پێشکه‌ش کردنی خزمه‌تگوزاری WIP بۆ کچه‌کان له‌ حسێبی نه‌خۆشخانه‌ی موحب کراوه‌.