به‌رپرسیاره‌تی و ڕێگاكانی به‌هێزكردنی ئه‌گه‌ر داوا له‌ مناڵێك بكه‌ی كه ئاماژه‌ به‌ واتایه‌كی دروست له‌ به‌رپرسیاره‌تی بكات، پێتان ده‌ڵێ به‌رپرسیاره‌تی واته: «كردنی كارێكی دروست» یا «ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك كه دایك و باوك داوا بكه‌ن» یا «به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانم». به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ له‌ كه‌سێكی عاقڵ بكرێ، به‌ڕاتان چ وه‌ڵامێك ده‌داته‌وه‌؟ له‌ڕاستیدا به‌رپرسیاره‌تی و به‌رپرسبوون، باسێكی بانتر له‌ كار و ئه‌رك و ئیشه واجب و پێویسته‌كانی ژیانه. مرۆڤ به‌دوای واتادا ناگه‌ڕێ، به‌ڵكوو واتای ڕاسته‌قینه‌ی به‌رپرسیاره‌تی، به‌ڵێنیی جێبه‌جێكردنی كارێك یا چه‌ند كارێكه.ئه‌گه‌ر چاوێك له‌ ژیانی كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بكه‌ین، ده‌بینین كه به‌رپرس كه‌سێكه وشیارانه بڕیار ده‌دا. ئاكاری دروست، ژیربێژانه، هه‌ڵسه‌نگێندراو و په‌سه‌ندی هه‌یه‌. یارمه‌تی خۆی و كه‌سانی دی ده‌دا. جگه له‌وه‌، كه‌سی به‌رپرس ئاكامی كار و بڕیاره‌كانی خۆی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت و گرینگیان پێ ده‌دا.

به‌رپرسیاره‌تی چ سوودێكی هه‌یه‌؟

به‌رپرسیاره‌تی سوودی زۆری هه‌یه‌، به‌ واتایه‌كی تر، یارمه‌تیمان ده‌دا له‌ هه‌موو كات و سات و دۆخێك له‌ ژیاندا به‌ ئامانجه‌كانمان بگه‌ین. به‌رپرسیاره‌تی واته ئێمه خۆمان به‌رپرس بزانین له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانمان به‌ ته‌واوی. ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ كه‌سێكی به‌رپرس و ئه‌ركوه‌خۆگر بن، سه‌ره‌تا ئه‌ركه‌كانی خۆتان بزانن، پاشان ڕیزبه‌ندیان بكه‌ن و ئه‌وجار هه‌نگاویان بۆ هه‌ڵێننه‌وه‌.

كاتێك كه به‌رپرسین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حه‌زمان له‌ ئه‌ركه‌كانیشمان نه‌بێ، ئه‌و وه‌دوایان ناخه‌ین. چونكه تووشی شپڕزه‌یی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بین. كاتێك به‌ڵێنی ده‌ده‌ین، له‌سه‌ر به‌ڵێنییه‌كانمان ده‌مێنینه‌وه‌. له‌كۆتاییدا، به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه یارمه‌تی كه‌سانی دی بده‌ین و هه‌روه‌ها له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و كاره‌كانی خۆشمان به‌رپرسیار ده‌بین.

به‌رپرسیاره‌تی یارمه‌تیمان ده‌دا كه به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كاته‌كانمان بكه‌ین تاكوو به‌ ئامانجه‌كانمان بگه‌ین. هه‌ڵبه‌ت نابێ كاتێكی زۆرتر له‌ پێویستی بۆ ته‌رخان بكه‌ین. چونكه له‌ ئه‌ركه‌كه‌مان ماندوو و شه‌كه‌ت ده‌بین و له‌وانه‌یه‌ وازیان لێ بێنین. به‌رپرسیاره‌تی هه‌ستی به‌هێزبوونمان پێ ده‌به‌خشێت، چونكه جێبه‌جێكردنی كاره‌كان به‌ شێوازێكی دروست و شوێندانه‌ر كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك و زه‌ینمان داده‌نێ. بۆیه‌ بڕوابه‌خۆبوون و هێزمان زۆر ده‌بێ.

كه‌سی به‌رپرس چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه‌؟

هێندێك له‌ ئێمه‌ به‌ گومانی خۆمان واده‌زانین كه‌سێكی به‌رپرسین، به‌ڵام له‌ كرده‌وه، عه‌مه‌لكرد و ڕه‌فتارماندا دژ به‌ پێوه‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌ركوه‌خۆگرین. له‌ درێژه‌دا له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سی ئه‌ركوه‌خۆگر ئاشنا ده‌بین.

١- كه‌سی به‌رپرس بیانوو ناهێنیته‌وه‌

كه‌سانی به‌رپرس تواناییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێكردی به‌رنامه‌كانیان. هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی‌ كه زۆربه‌ی خه‌ڵك بیانووی بۆ ده‌هێننه‌وه‌ و خۆی لێ ده‌دۆزنه‌وه‌. بۆ نموونه ئه‌و كه‌سانه ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ به‌یانی زوو هه‌ستن، هه‌ڵده‌ستن. ئه‌گه‌ر بیانهه‌وێ خه‌رجییه‌كانیان كه‌م كه‌نه‌وه‌، كه‌متر خه‌رج ده‌كه‌ن.

گرینگتر له‌وه‌ ئه‌وان ده‌توانن زۆر به‌ ئاسانی بڵێن: «نه». كه‌سی به‌رپرس متمانه‌به‌خۆیی زۆری هه‌یه‌. كه‌سانی ئه‌رك وه‌خۆگر زۆرتر كارانێك وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن كه توانایی ئه‌نجامدانیان هه‌بێ و بتوانن به‌ڵێنییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. كه‌واته جه‌خت ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه ده‌توانن بیكه‌ن، نه‌ك ئه‌و كارانه‌ی كه ناتوانن، ئه‌وان ئه‌رك و كاره‌كانی خۆیان زۆر به‌ باشی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و به‌رپرسیاره‌تی كاره‌كانیان وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن و بیانوو ناهێننه‌وه‌.

٢- كه‌سانی به‌رپرس ژیانێكی ته‌كووز و ڕێكوپێكیان هه‌یه‌

ژیانی كه‌سانی به‌رپرس به‌پێی پێڕستی كاره‌كانیان كه تۆماریان كردووه‌ ده‌چێته پێش. بۆیه‌ ئه‌وان خۆیان له‌ ئاست ته‌واوی ئه‌و كارانه‌ی كه به‌رنامه‌ڕێژیان بۆ كردووه‌، به‌رپرس ده‌زانن. ئه‌و كه‌سانه‌ ژیانێكی ڕێكخراویان هه‌یه‌، به‌ واتایه‌كی تر ئامانجه‌كانی خۆیان ده‌ناسن و له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئامانج و به‌پێی به‌رنامه هه‌نگاو ده‌نێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ كه‌سێكی به‌رپرس بن، سه‌ره‌تا ژیانی خۆتان سه‌روسامان بده‌ن و ڕێكی بخه‌ن تاكوو بتوانن ژیانتان ڕێكوپێك بكه‌ن.

٣- كه‌سی به‌رپرس وه‌ختناسه

ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ كه‌سێكی به‌رپرس بن، پێویسته وه‌ختناس بن. كه‌سی به‌رپرس كاته‌كانی به‌رنامه‌ڕێژی ده‌كا تاكوو له‌ ئامانجه‌كانی نزیكتر بێته‌وه‌. له‌ڕاستیدا یه‌كیك له‌ نیشانه‌كانی سه‌ره‌كی به‌رپرسبوون، وه‌ختناسیییه‌. كه‌واته‌ هه‌م ده‌بێ نرخ بۆ كاتی خۆتان دانێن و هه‌م كاتی كه‌سانی تر.

٤- كه‌سی به‌رپرس دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆی داده‌نێ

قه‌بووڵكردنی هه‌ڵه‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ما گرینگه‌كانی به‌رپرسیاره‌تییه‌. واته ئێوه‌ له‌ ئاست كارێك كه ده‌یكه‌ن یا بڕیارێك كه ده‌یده‌ن، به‌رپرسن. كاتێك كه كه‌سی به‌رپرس به‌ هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌زانێ، قه‌بووڵی ده‌كا و هه‌وڵ ده‌دا كه قه‌ره‌بووی بكاته‌وه‌. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆتان دابنێن، ده‌ورووبه‌ریانتان كه‌متر لێتان تووڕه‌ و بێهیوا ده‌بن و له‌گه‌ڵ كێشه‌ و گرفتی كه‌متر ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

٥- كه‌سی به‌رپرس ئه‌ركی خۆی وه‌دوا ناخات

كه‌سێك كه به‌رپرسیاره‌تییه‌ك له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ، ئه‌ركه‌كانی بۆ كۆتا چركه وه‌دوا ناخا، به‌ڵكوو كاره‌كانی له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌دا. كه‌سه‌ به‌رپرسه‌كان ده‌زانن ئه‌گه‌ر له‌ كۆتا ساته‌كاندا گه‌ڵاڵه‌كانیان بنووسنه‌وه‌، ژووره‌كه‌یان خاوێن بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌ركه‌كانیان به‌جێ بێنن، ئه‌وه‌ به‌ ئاكامێكی باش ناگه‌ن.

ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ ئه‌ركه‌كانتان وه‌دوا نه‌كه‌وێ، سه‌ره‌تا دژوارترین كاری ڕۆژانه‌تان جێبه‌جێ بكه‌ن و له‌ كۆتاییدا ساده‌ترینه‌كه‌یان. چونكه كاتی ته‌واوتان له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ و كاره‌كانتان ناته‌واو نامێنیته‌وه‌.

ده‌ ڕێگاچاره‌ بۆ قه‌بووڵكردنی به‌رپرسیاره‌تی

بۆچی له‌ ژیانماندا به‌رپرسیاره‌تی هه‌ڵده‌گرینه‌وه‌؟ له‌ڕاستیدا ئێمه خۆمان هه‌ڵده‌بژێرین كه به‌جێی داماوی و دۆڕاوی، قاره‌مان و به‌ره‌نده‌ی ژیانمان بین. قه‌بووڵكردنی به‌رپرسیاره‌تی ڕێگای گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتن خۆش ده‌كا. هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنه‌كانتان بزانن، كامه‌یان به‌هۆی خۆدۆزینه‌وه‌ و دواخستنی ئه‌ركه‌كانتان ڕووی داوه‌؟ له‌ڕاستیدا به‌رپرسیاره‌تی یارمه‌تیتان ده‌دا كه به‌ جوانی و باشی ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ و گرفته‌كانی ژیانتان ببنه‌وه‌.

١- به‌رپرسی بیر، هه‌ست، سۆز، قسه‌ و ڕه‌فتاره‌كانی خۆتان بن

ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ كه‌سێكی به‌رپرس له‌ ته‌واوی ژیانتان بن، سه‌ره‌تا ده‌بێ به‌رپرسی بیر و فكر، هه‌ست و سۆز، قسه‌‌ و كرداره‌كانی خۆتان بن. چونكه ته‌واوی ئه‌و شتانه ده‌بن به‌ ئه‌زموون بۆ ژیانتان. له‌ڕاستدا ئێوه‌ ژیانتان به‌ بیر و هه‌ست و سۆز، قسه و كرداره‌كانتان پێك دێنن. كه‌واته ئێوه‌ كاتێك به‌رپرسیاره‌تییه‌ك قه‌بووڵ ده‌كه‌ن كه ئه‌و بیره‌ی كه له‌ زیهنتان هه‌ڵده‌قوڵێ قه‌بووڵ ده‌كه‌ن. سه‌رچاوه‌ی هه‌سته ده‌روونییه‌كان، بیر و فكره‌. پاشان وته‌ دێته سه‌ر زمان و ده‌نگتان ده‌ریده‌بڕێ. كارێكی كه ده‌یكه‌ن ڕه‌فتاری خۆتانه. هیچ كه‌س ناتوانێ ناچار به‌ وتنی قسه‌یه‌ك یا كردنی كارێكتان بكات. كه‌واته ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وی كه‌سێكی به‌رپرس بن، سه‌ره‌تا به‌رپرسیاره‌تی خۆتان (بیره‌كانتان، قسه‌ و كردارتان) قه‌بووڵ بكه‌ن.

٢- لۆمه مه‌كه‌ن

خۆتان، خێزانتان، بنه‌ماڵه‌، هاوڕێ، حكوومه‌ت، خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگا، دۆخی ئابووری و هیچ كه‌س و هیچ شتێك سه‌ركۆنه مه‌كه‌ن. سه‌رزه‌نشتكردن ته‌نیا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه خۆتان به‌ داماو بزانن و ئه‌ركی خۆتان به‌باشی جێبه‌جێ نه‌كه‌ن. كاتێك كه واز له‌ سه‌ركۆنه‌كردن بێنن و به‌رپرسیاره‌تی خۆتان قه‌بووڵ بكه‌ن، له‌ كه‌سێكی سته‌ملێكراو به‌ كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌گۆڕێن. كه‌واته سه‌رنج بده‌نه‌ دۆخه‌كه‌ و له‌ خۆتان بپرسن: «ڕۆڵی من چییه‌؟»

٣- گله‌یی و شكایه‌ت مه‌كه‌ن

گله‌یی و شكایه‌ت هه‌ر وه‌ك سه‌ركۆنه‌كردنه. چونكه خۆتان به‌ مه‌زڵووم ده‌زانن و فكر ده‌كه‌ن هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كتان له‌پێش نییه. له‌ڕاستیدا گله‌یی و شكایه‌ت له‌ ژیانتان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌یكه جه‌خت بكه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه نیتانه، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی كه هه‌تانه، نایبینن. ئێوه‌ بیر له‌و شتانه ده‌كه‌نه‌وه‌ كه له‌ ژیانتاندا نیتانه و له‌ زه‌ینی خۆتاندا گه‌وره‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام بزانن كه شتێكی كه ده‌تانویست و پێی نه‌گه‌یشتن، بێگومان حیكمه‌تێكی تێدایه‌. له‌ خۆتان بپرسن: «حیكمه‌تی ئه‌و ڕووداوه‌ چی بوو؟ من فێری چی بووم؟»

٤- هه‌موو شتێك به‌خۆتانه‌وه‌ پێوه‌ندی مه‌ده‌نه‌وه‌

ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ ئه‌ركه‌كه‌تان بێ په‌راوێز و به‌دروستی جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌موو شتێك به‌خۆتانه‌وه‌ مه‌به‌ستنه‌وه‌. له‌بیرتان بێ ئێوه‌ به‌رپرسی كاره‌كانی خۆتانن. كه‌واته‌ بیر و قسه‌ و كرداری كه‌سانی دی پێوه‌ندییه‌كی به‌ ئێوه‌وه‌ نییه و ئێوه‌ به‌رپرسی ئه‌وان نین. ئێوه‌ ته‌نیا ده‌توانن یارمه‌تیان بده‌ن و كه‌مێك له‌ باری به‌رپرسیاره‌تی ئه‌وان كه‌م بكه‌نه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وش پێوه‌ندی به‌ بڕیاری خۆتانه‌وه‌ هه‌یه‌.

٥- خۆتان دڵخۆش بكه‌ن

كاتێك به‌رپرسیاره‌تی قه‌بووڵ ده‌كه‌ن، ده‌بێ ئێوه‌ دڵخۆش بكات. هاوكار، هاوسه‌ر، هاوڕێ و بنه‌ماڵه‌ی ئێوه‌ به‌رپرسی دڵخۆشكردنی ئێوه‌ نین، به‌ڵكوو دڵخۆشی له‌ ناخی ئێوه‌ هه‌ڵده‌قولێت. ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ به‌ڵێنده‌ری كارێك بن، سه‌ره‌تا بیر بكه‌نه‌وه‌ كه ئایا ئه‌و كاره‌تان پێ خۆشه‌؟ ئایا ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی دڵخۆشیتان؟ ئایا ڕۆڵێكی ئه‌رێنی له‌ ژیانتاندا هه‌یه‌؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ گرینگییه‌كی زۆری هه‌یه‌. چونكه ئه‌گه‌ر به‌رپرسیاره‌تی كارێك قه‌بووڵ بكه‌ن كه پێتان خۆش نییه، ئه‌وه‌ وه‌دوای ده‌خه‌ن و كه‌مته‌رخه‌می لێ ده‌كه‌ن و به‌ ڕێكوپێكی جێبه‌جێی ناكه‌ن.

٦- ڕێكوپێك بن

ئه‌گه‌ر ژووره‌كه‌تان ناڕێك و هاڵۆز و پیسه‌، خاوێنی كه‌نه‌و. خاوێنكردنه‌وه‌ی ژووره‌كه‌تان به‌ كه‌سێكی دی مه‌سپێرن. ئه‌وه‌ ئێوه‌ن كه ژووره‌كه‌تان پیس كردووه‌، كه‌واته‌ ئه‌ركی خاوێنكردنه‌وه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی خۆتانه. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و پرسیاره‌تان بۆ بێته‌ پێش كه چۆن ده‌توانن ته‌كووزی له‌ژیانی خۆتاندا به‌دی بێنن؟ واباشه‌ به‌دوای ئه‌و پرسیاره‌دا بن. ته‌كووزی كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر قه‌بووڵكردنی به‌رپرسیاره‌تی هه‌یه‌، چونكه ئێمه فێر ده‌بین كاره‌كانمان خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین، هه‌روه‌ها به‌رپرسیاره‌تی كاره‌كانی خۆمان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرین و له‌سه‌ری سوور ده‌بین.

٧- له‌سه‌ر كاره‌كانتان به‌رده‌وام بن

به‌رپرسیاره‌تی واته هه‌ر كارێك به‌ ته‌واوی و جوانی ئه‌نجام بده‌ن، كه‌واته ئه‌گه‌ر ده‌تانهه‌وێ كه‌سێكی به‌رپرس بن، ده‌بێ له‌سه‌ر كاره‌كانتان به‌رده‌وام بن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به‌رپرسی ئه‌نجامی ئه‌ركه‌كانتانن، وانه‌بێ ڕۆژێك ماوه‌ی ١٠ كاتژمێر ده‌رس بخوێنن و پاشان سێ هه‌فته‌ وازی لێ بێنن. به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانتان ڕۆژێ یه‌ك كاتژمێر ده‌رس بخوێنن و له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ به‌رده‌وام بن، چونكه كلیلی به‌رپرسیاره‌تی له‌ به‌رده‌وامبوون دایه‌.

هێندێك كه‌س له‌ هێچ كارێكدا ده‌وامیان نییه، ته‌نانه‌ت له‌ فێربوونیشدا ده‌وامیان نییه، ئه‌گه‌ر له‌ فێربوونیشدا ده‌وامتان نییه و واز له‌ كاره‌كانتان دێنن، ده‌توانن به‌دووی ڕێگا چاره‌یه‌كی كاریگه‌ردا بگه‌ڕێن و پێویسته گرینگی پێ بده‌ن.

٨- له‌خۆتان پرسیار بكه‌ن

له‌خۆتان بپرسن كه ئامانجی ئێوه‌ له‌ قه‌بووڵكردنی به‌رپرسیاره‌تی چییه‌؟ ئایا دوای قه‌بووڵكردنی به‌رپرسیاره‌تی بیانوو ناهێنییه‌وه‌؟ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌ چ به‌هایه‌ك به‌ ژیانی ئێوه‌ ده‌به‌خشێت؟ ئێوه‌ ده‌بێ هۆكاری هه‌ركام له‌ ڕه‌فتاره‌كانتان بزانن و وشیار بن. چونكه به‌رپرسیاره‌تییه‌كان له‌ڕووی ئامانجه‌كان پێك دێن. بۆیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێ سه‌ره‌تا بزانێ كه چ ئه‌ركێك له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و ئامانج و كاریگه‌ری به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌ی چییه‌؟

٩- ڕاستییه‌كان ببینن

ئه‌گه‌ر ئه‌ركی زۆر له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن و خۆتان ماندوو ده‌كه‌ن، له‌ڕاستیدا له‌وانه‌یه‌ ئه‌ركه‌كانتان به‌جوانی به‌ڕێوه‌ نه‌به‌ن. ئێمه ناڵێین ئێوه ناتوانن چه‌ند كار پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، به‌ڵام بیر بكه‌نه‌وه‌ كه هه‌ر كاره‌ی چه‌نده‌ له‌ كات و هێزی ئێوه‌ ده‌گرێت؟ بۆیه‌ هه‌وڵ بده‌ن گرینگی به‌ پێداویستییه‌كانتان بده‌ن و هه‌رچی پێویسته ئه‌نجامی بده‌ن.

ئێوه‌ ده‌بێ ڕاستبین بن و چاوه‌ڕوانییه‌كانتان به‌گوێره‌ی پێویست بێ، چونكه ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌ركێكتان به‌ دروستی ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وه‌ وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه كه‌سێكی لاوازن، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ ڕاست نییه. ئێوه‌ ده‌توانن هه‌ر ئه‌ركێك له‌ ئه‌ستۆ بگرن و به‌جوانی جێبه‌جێی بكه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌تا كات و خواسته‌كانتان ڕه‌چاو بكه‌ن. كه‌واته ڕاستبینانه ئه‌ركێك هه‌ڵگرن و هه‌وڵی بۆ بده‌ن.

١٠- ئامانجه‌كانتان دیاری بكه‌ن

ئێمه‌ پێویسته بزانین كه بۆچی به‌رپرسیاره‌تییه‌ك قه‌بووڵ ده‌كه‌ین و هێندێك ئه‌رك وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرین. له‌ڕاستیدا دیاریكردنی ئامانج یارمه‌تیمان ده‌دا كه ڕێچكه‌ی شیاو بۆ ژیانمان هه‌ڵبژێرین. جگه له‌وه‌ بوونی ئامانج له‌ ژیاندا یارمه‌تیمان ده‌دا تاكوو له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كه‌مان به‌رده‌وام بین و هه‌روه‌ها به‌جوانی جێبه‌جێیان بكه‌ین. به‌كورتی هه‌میشه تینووی سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتن بین.

ئه‌گه‌ر واده‌زانن كه گه‌یشتن به‌ ئامانج كارێكی دژواره‌، ئه‌وه‌ ئامانجی كورت دیاری بكه‌ن. به‌وشێوازه‌ به‌ساكاری ده‌توانن به‌ ئامانجه درێژخایه‌نه‌كان و سه‌ره‌‌كییه‌كانتان بگه‌ن. پێشنیار ده‌كه‌ین كه ئامانجه‌كانتان له‌ په‌رتووكێكدا بنووسن تاكوو له‌بیریان نه‌كه‌ن و پاشان ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تییه‌كانتان به‌پێی ئامانجه‌كانتان ئه‌نجام بده‌ن.

بۆچی ده‌بێ ئه‌ركهه‌ڵگر بین؟

بۆچی له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌وڕۆدا هه‌موو كه‌س ده‌یهه‌وێ ئه‌ركهه‌ڵگر بێ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چه‌ند جار وازتان له‌ ئه‌ركه‌كانتان هێناوه‌ و گوتوتانه خه‌تای من نییه! بۆنموونه هیوا هه‌شتی به‌یانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرینگی كاری هه‌یه كه به‌ڕێوبه‌ری كۆمپانیاش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شداره‌. هیوا شه‌وه‌كه‌ی ده‌چێته‌ میوانی و به‌یانی له‌كاتی خۆیدا وه‌خه‌به‌ر نایه‌ت و كاتژمێر حه‌وت له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت.

هیوا به‌یانی له‌ ماشێنی ئیداره‌ به‌جی ده‌مێنیت و نیوكاتژمێر چاوه‌ڕێ ده‌مێنیته‌وه‌ تاكوو تاكسی وه‌ده‌ست ده‌كه‌وێ. به‌و حاڵه‌ هیوا كاتژمێر نۆ و چاره‌گ ده‌گاته كۆمپانیا. له‌وكاته‌دا كۆبوونه‌وه‌ به‌ره‌و ته‌واوبوونه و به‌ڕێوبه‌ر زۆر تووڕه‌یه‌. دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه، به‌ڕێوبه‌ر به‌ هیوا ده‌ڵێ: ئایا چاوێكت له‌ ساعه‌ت كردووه‌؟ مه‌گه‌ر نه‌موت كه كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر گرینگه؟! هیوا به‌جێی ئه‌وه‌یكه دان به‌ ئه‌ركی خۆیدا بنێت، ده‌ڵێ: خه‌تای من نه‌بوو، تاكسی نه‌ده‌ڕۆیشت و تڕافیك بوو.

كه‌واته كێشه‌ له‌چی دایه‌؟ له‌وانه‌یه‌ قسه‌كانی هیوا زۆریش ئارام و هێمن بووبن و هۆكاری زۆریش بوبنه‌ هۆی ئه‌وه‌یكه ئه‌و دره‌نگ به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بگات. به‌وحاڵه‌ش ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی ئه‌و چی بوو؟ ئه‌وه‌یكه كاتژمێر هه‌شتی به‌یانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌ بێت.

له‌ڕاستیدا شاردنه‌وه‌ی ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانمانه و بیانوو هێنانه‌وه‌، یارمه‌تییه‌كمان نادا؛ چونكه له‌وانه‌یه‌:

ئه‌وانیتر تووڕه‌تر بكه‌ین

قسه‌كه‌مان جۆرێك سوكایه‌تی هه‌ژمار بكرێ

خۆمان وه‌ك قوربانییه‌ك نیشان بده‌ین

كارنه‌زانی خۆمان ده‌رخه‌ین

بێبه‌رنامه‌یی خۆمان بسه‌لمێنین

و له‌كۆتاییدا ده‌بینه‌ كه‌سێكی بێ هه‌ڵوێست ده‌رچین.

ڕێگاچاره‌ی دروست چییه‌؟ به‌پێی نموونه‌ی سه‌ره‌وه‌ هیوا كارمه‌ندێكی كۆمپانیایه‌. ئه‌و كاتێك كه له‌و شوێنه‌ ده‌ستی به‌كار كرد، هێندێك به‌رپرسیاره‌تیشی قه‌بووڵ كردن. كاتێك كه كه‌سێك له‌ قه‌بووڵكردنی به‌رپرسیاره‌تی تووشی كێشه‌ بێ و هه‌ڵه‌ بكات،

ڕێگاچاره‌ی چییه‌؟

هه‌ست به‌تاوان مه‌كه‌ن، چونكه به‌س تووشی هه‌ڵه‌یه‌ك بوون كه قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ خۆتان و ده‌ورووبه‌ریان ڕاستگۆ بن.

به‌بیری قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌كانتان بن.

له‌گه‌ڵ كه‌سانی دی به‌ ئارامی و به‌ڕێزه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن.

بیانوو مه‌هێننه‌وه‌

ئه‌گه‌ر پێویست بوو، كێشه‌كه‌تان شی بكه‌نه‌وه‌.

له‌هه‌ڵه‌كانتان ده‌رس وه‌رگرن.

بزانن هۆكاری هه‌ڵه‌كانتان چ بووه‌؟

جارێكی تر هه‌ڵچنینه‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌كانتان بكه‌ن.

ته‌كووزی به‌ ژیانتان ببه‌خشن.

داوای لێبوردن بكه‌ن.

گرینگتر له‌هه‌مووی ئه‌وه‌یكه هه‌ڵه‌ی خۆتان قه‌بووڵ بكه‌ن و به‌رپرسیاره‌تی كاری خۆتان وه‌ئه‌ستۆ بگرن.