ترمێزی و ئیبنی ماجه له ئه‌بوو هوڕه‌یڕه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای بێت) فه‌رموویه‌تی: «إِذَا أَوَّلُ لَیلَةٍ مِن شَهرِ رَمَضَانَ صُفِّدَت الشَّیَاطِینُ وَ مَرَدَةُ الجِنَّ، وَ غُلِّقَت أَبوَابُ الجَنَّةِ فَلَم یُغلَق مِنهَا بَابٌ، وَ فُتِّحَت أَبوَابُ الجَنَّةِ فَلَم یُغلَق مِنهَا بَابٌ، وَ یُنَادِی مُنَادٍ یَا بَاغِی الخَیرِ أَقبِل وَ یَا بَاغِی الشَّرِّ أَقصِر، وَ للهِ عُتُقآءُ مِن النَّارِ وَ ذَلِکَ کُلُّ لَیلَةٍ» (ترمێزی و ئیبنی ماجه) «كاتێك كه یه‌كه‌م شه‌وی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان هات شه‌یتانه‌كانی په‌ری و ئینس كۆت و زنجیر ده‌كرێن، ده‌رگاكانی دۆزه‌خ داده‌خرێن و هیچ ده‌رگایه‌ك به كراوه‌یی نامێنیته‌وه. ده‌رگاكانی به‌هه‌شت ده‌كرێنه‌وه و هیچ ده‌رگایه‌ك به داخراوی نامێنیته‌وه. ده‌نگێك ده‌بیسترێت: ئه‌ی خێرخواز؛ وه‌ره پێش و ئه‌ی خوازیاری شه‌ڕ و خراپه نزم به‌وه. خوای گه‌وره له ڕه‌مه‌زاندا، هه‌ر شه‌وه‌ی هێندێك له به‌نده‌كانی له دۆزه‌خ ڕزگار ده‌كات». پێشه‌وا ئه‌حمه‌د له كتێبی ئهلموسنهدی خۆیدا ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و جاڕلێدهره، یه‌كێك له فریشته‌كانی خوای گه‌وره‌یه و تا كۆتایی ڕه‌مه‌زان هه‌موو ڕۆژێ جاڕ لێ ده‌دات. پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێت: «وَ یُنَادِی فِیهِ مَلَکٌ یَا بَاغِیَ الخَیرِ أبشِر یَا بَاغِی الشَّرِّ أَقصِر حَتَّی یَنقَضِیَ رَمَضَانٌ» (پێشه‌وا ئه‌حمه‌د) «فریشته‌یه‌ك بانگ ده‌دات كه ئه‌ی خێرخواز وه‌ره پێش و ئه‌ی شه‌ڕخواز بڕۆ دواوه، تا ڕه‌مه‌زان كۆتایی پێ دێت». هه‌رچه‌ند بڕواداران ئه‌و قاو لێكردنه نابیستن به‌ڵام متمانه‌یان پێیه‌تی، چونكه ئه‌و هه‌واڵه له لایه‌ن پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای لێ بێت) پێیان گه‌یشتووه، پێغه‌مبه‌رێك كه هیچ كات له ڕووی هه‌وا و هه‌وه‌سه‌وه قسه ناكات و هه‌رچی ده‌یڵێت، وه‌حی خوایه. ده‌ی خوشكان و برایانی بڕوادار وه‌رن با له‌و مانگه پیرۆزه‌دا پڕ به دڵ ئه‌و قاو لێكردنه هه‌ست پێ بكه‌ین و له ژیانی خۆماندا به‌ڕێوه‌ی به‌رین؛ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌وشتی خۆماندا بكه‌ینه‌وه و بیر بكه‌ینه‌وه و چاو لێ كه‌ین داخوا ئێمه به چ نازناوێك بانگ ده‌كرێین؟ لێره‌دا دوو ده‌نگ ده‌بیسترێت و هه‌ر كامیان ڕووی له تاقمێكی تایبه‌ته: ئه‌ی چاكه‌خوازان و ئه‌ی شه‌ڕخوازان. به‌م چه‌شنه بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێت كه دڵی خه‌ڵك به دوو شێوازه: دڵێك كه به‌دوای خێر و چاكه و خوازیاری چاكه‌یه و دڵێك كه به‌دوای شه‌ڕ و خراپه و خوازیاری ئه‌وه. ئه‌و دوو دڵه هاوسانی یه‌ك نین؛ دڵێك كه پاك و چاكه‌خوازه، وه‌ك دڵێك نییه كه شه‌ڕانییه و هه‌ر له شه‌ڕ ده‌گه‌ڕێت. ئه‌و كه‌سه‌ی كه دڵێكی خێرخوازی هه‌یه، پێویسته كه له خێر و به‌ره‌كه‌تی ئه‌و مانگه پیرۆزه، ئه‌وپه‌ڕی به‌هره‌ی لێ وه‌رگریت؛ ڕوو بكاته خوای گه‌وره و زۆرتر عیباده‌تی خوای میهره‌بان بكات و له ئاست سوننه‌ته‌كان، كه‌مترخه‌م نه‌بێت و گرنگییان پێ بدات. خوای گه‌وره له فه‌رمووده‌یه‌كی قوودسیدا ده‌فه‌رموێت: «وَ مَا تَقَرَّبَ إِلَیَّ عَبدِی بِشَیءٍ أحَبَّ إِلَیَّ مِمَّا افتَرَضتُ عَلَیهِ وَمَا یَزَالُ عَبدِی یَتَقَرَّبُ إِلَیَّ بّالنَّوَافِلِ حَتَّی أُحِبَّهُ فَإِذَا أحبَبتُهُ کُنتُ سَمعَهُ الَّذِی یَسمَعُ بِهِ وَ بَصَرَهُ الَّذِی یُبصِرُ بِهِ وَیَدَهُ الَّتِی یَبطِشُ بِهَا وَ رِجلَةُ الَّتِی یَمشِی بِهَا وَ إِن سَأَلَنِی لَإُعطِیَنَّهُ وَ لَئِن استَعَاذَنِی لَأُعِیذَنَّهُ». (بوخاری) «خۆشه‌ویستترین شتێك لای من، كه به‌نده‌كه‌م پێی له من نزیك ده‌بێته‌وه، فهڕزهكانن. به‌نده‌كه‌م به‌رده‌وام به واجبه‌كانی له من نزیك ده‌بێته‌وه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه خۆشم ده‌وێت و هه‌ركات خۆشم ویست ده‌بمه گوێی و پێی ده‌بیستێت، ده‌بمه چاوی و پێی ده‌بینێت، ده‌بمه ده‌ستی و شتی پێ ده‌گریت، ده‌بمه لاقی و پێی ده‌ڕوات. ئه‌گه‌ر داوای شتێكم لێ بكات پێی ده‌ده‌م و ئه‌گه‌ر هانای بۆ هێنام، به هانایه‌وه دێم». به‌م چه‌شنه كه‌سێك كه خوازیاری چاكه بێت سه‌ره‌تا گرینگی ده‌دات به واجبه‌كانی و زۆرترین بیر و خه‌می بۆ واجبه‌كان ته‌رخان ده‌كات و هه‌موو حه‌ولی خۆی ده‌ده‌ات كه به جوانترین و شیاوتریان شێواز به‌ڕێوه‌یان به‌ریت و پاشان ڕووده‌كاته سوننه‌ته‌كان. بێگومان ئه‌و بانگه‌ی كه هه‌موو شه‌وانی ڕه‌مه‌زان دووپات ده‌بێته‌وه، هانده‌رێكی گرینگه بۆ كه‌سانی خاوه‌ن هیمه‌ت. هه‌رای چاكه‌كاران ده‌كات و بڕیار و ئیڕاده‌یان بۆ پێشكه‌وتن له چاكهكاریدا پته‌و ده‌كات، جا ئه‌و چاكه‌یه چ پێوه‌ندی به تاكی خۆیه‌وه بێت وه‌ك: نوێژ و ڕۆژوو و واجبهكانیتر كه به جوانترین شێواز به‌ڕێوه‌یان به‌ریت و هه‌روه‌ها سوننه‌ته‌كان و پارێز له قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان و ناپهسندهكان كه به‌م چه‌شنه وه‌پێش دیتران كه‌وێته‌وه، یا ئه‌وه‌یكه پێوه‌ندی به دیترانه‌وه بێت وه‌ك: به‌خشین و چاكه و ئامۆژگاری و چاكه له‌گه‌ڵ دایك و باب و به جێهێنانی پێوه‌ندی خزمایه‌تی و چاكه له‌گه‌ڵ دراوسێ و به‌خشین له پێناو خوادا و یارمه‌تیدانی هه‌ژاران و نه‌داران و... . ڕێنماییه‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان(دروودی خوای لێ بێت) له‌و بواره‌وه ته‌واوترین و شیاوترینن؛ ئیبنی قه‌ییم(خوا لێی ڕازی بێت) له شیكردنه‌وه‌ی ڕێنوێنییه‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا سه‌باره‌ت به به‌خشین و چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا ده‌فه‌رموێت: پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای لێ بێت) له هه‌موو كه‌س زۆرتری ده‌به‌خشی و هه‌رچی هه‌یبوو و له‌به‌ر ده‌ستی دا بوو ده‌یبه‌خشی و له‌و ڕێژه‌یه‌ی كه خوای گه‌وره پێی دابوو، زۆرتری نه‌ده‌ویست و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یبوو به كه‌م و بێنرخی نه‌ده‌زانی، له‌كه‌م و زۆری خۆی ده‌به‌خشی، به شێوازێك ده‌یبه‌خشی كه هیچ كات له نه‌داری و هه‌ژاری نه‌ده‌ترسا و به تامه‌زرۆیی و ویستی خۆی ده‌یبه‌خشی. زۆرتر حه‌زی له به‌خشین بوو تا وه‌رگرتن. ده‌ستی هه‌ر وه‌ك شنه‌بایه‌كی دڵاوا بوو كه هه‌ركات خاوهنپێداویستییهكی دیتبا، له خۆی زۆرتر بایه‌خی پێ ده‌دا و له‌سه‌رووی خۆی ده‌زانی، جا یا خواردنی ده‌به‌خشی یا جل و به‌رگ و... . به‌خشینه‌كانی پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت)جۆراوجۆر بوون؛ هێندێك جار ده‌یبه‌خشی و هێندێك جار خێری ده‌كرد یا جاری وابوو دیاری ده‌دا. هێندێك جار شتێكی ده‌كڕی و پاشان له‌گه‌ڵ پاره‌كه‌ی به خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌به‌خشییه‌وه هه‌ر وه‌ك حوشتره‌كه‌ی جابیر. جاری وابوو كه شتێكی قه‌رز ده‌كرد و پاشان باشتر و زۆرتری به خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌دایه‌وه. یا شتێكی ده‌كڕی و پاره‌یه‌كی زۆرتر له نرخه‌كه‌ی ده‌دا. دیاری وه‌رده‌گرت و به‌شتێكی باشتر له‌و یا چه‌ند قاتی ئه‌و بۆی قه‌ره‌بوو ده‌كرده‌وه. به‌م چه‌شنه ئه‌وه‌نده‌ی بۆی بگونجابا به‌خشین و خێراتی جۆراوجۆری ده‌كرد. یا له‌وه‌یكه هه‌یبوو ده‌یبه‌خشی یا كهسانیتری هان ده‌دا كه ببه‌خشن و خۆشی نزای بۆ ده‌كردن. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی چاوچنۆك پێغه‌مبه‌ری بدیتبا ئه‌وه هه‌ستی به‌خشین و خێركردنی تێدا دروست ده‌بوو. هه‌ركه‌س كه هاوڕێیه‌تی بكردایه ئه‌وه ده‌ست ئاوه‌ڵه‌یی و به‌خشه‌نده‌یی ئه‌وی ده‌دیت و ئه‌ویش به‌خشه‌نده و خێرخواز ده‌بوو. ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ به‌خشین و خێر و سهدهقهدان بانگه‌شه ده‌كات و هه‌ر بۆیه پێغه‌مبه‌ریش(دروودی خوای لێ بێت) دڵاواترین و به‌خشه‌نده‌ترین و پاكترین مرۆڤ بوو، چونكه خێر و سه‌ده‌قه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دڵاوایی ئه‌و دانابوو. بوخاری و موسلیم فهموودهیهك له كوڕی عه‌بباس ده‌گێڕنه‌وه، كه شایه‌ته له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كه ده‌فه‌رموێت: «کَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّ اللهُ عَلَیهِ وَ سَلَّم أَجوَدَ النَّاسِ وَکَانَ أَجوَدُ مَا یَکُونُ فِی رَمَضَانَ حِینَ یَلقآهُ جِبرِیلُ وَ کَانَ یَلقَاهُ فِی کُلِّ لَیلَةٍ مَن رَمَضَانَ فَیُدارِسُهُ القُرآنَ، فَلَرَسُولُ اللهِ صَلَّ اللهُ عَلَیهِ وَ سَلَّمَ أَجوَدُ بِالخَیرِ مِن الرِّیحِ المُرسَلَةِ» (بوخاری و موسلیم) «پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای لێ بێت) له هه‌موو كه‌س زۆرتری ده‌به‌خشی و به‌تایبه‌ت له مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان كه جبره‌ئیل ده‌هاته لای، زۆرتریشی ده‌به‌خشی. هه‌ر شه‌وه‌ی كه جبره‌ئیل ده‌هاته خزمه‌تی و قوڕئانی له‌گه‌ڵ ده‌خوێنده‌وه، ئه‌وه پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) له بای شه‌ماڵ به‌خشه‌نده‌تر ده‌بوو». نموونه‌ی ئه‌و خێر و چاكانه‌ی كه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(دروودی خوای لێ بێت) ڕاسپارده‌مان ده‌كات، خوانی به‌ربانگ دانه به ڕۆژووانان و ئاماده كردنی كه‌ل و په‌لی شه‌ڕ بۆ خه‌باتكارانی ڕێی ئیسلام و ده‌فه‌رموێت: «مَن فَطَّرَ صَائِمًا أَو جَهَّزَ غَازِیًا فَلَهُ مِثلُ أَجرِهِ» (سوننه‌نی بێیههقی) «هه‌ركه‌س خواردن بداته ڕۆژووانێك و بۆ خه‌باتكارێك كه‌ل و په‌لی شه‌ڕ دابین بكات، پاداشی وه‌ك ئه‌وانی قسمه‌ت ده‌بێت». پێغه‌مبه‌ری خوا(دروودی خوای لێ بێت) له ڕه‌مه‌زاندا موسوڵمانانی هان ده‌دا كه عومڕه به جێ بێنن، پێشه‌وا بوخاری له جابیر ده‌گێڕیته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا فه‌رموویه‌تی: «عُمرَةً فِی رَمَضَانَ تَقضِی حَجَّةً معی». واته: «عومڕه‌ی ڕه‌مه‌زان وه‌ك حه‌جێكی له‌گه‌ڵ من وایه«. ئیبنی ماجه‌ش له جابیر ده‌گێڕیته‌وه كه فه‌رموویه‌تی: «عومڕه‌ی ڕه‌مه‌زان یه‌كسانه له‌گه‌ڵ یه‌ك حه‌ج». ده‌رگاكانی خێر و پاداشی ئه‌و مانگه پیرۆزه، به‌ربڵاو و بێ‌سنوورن و هه‌ركه‌سه پێویسته كه له سه‌رچاوه‌ی نوور و ڕه‌حمه‌تی ئه‌و مانگه به پێی توانای لێی هه‌ڵێنجیت و له به‌شێك له‌و خێرانه‌دا به‌شدار بێت. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: «فَستَبِقُوا الخَیرَاتِ» (بقره/148). واته: «پێشبهڕكێ بكه‌ن له چاكه‌كاندا». به‌ڵام پێویسته ئه‌و كه‌سه مه‌به‌ستی بۆ خوای گه‌وره یه‌كلا بكاته‌وه و ته‌نیا چاوه‌ڕوانی پاداش له‌و بكات و تا ئه‌وه‌نده‌ی كه بتوانێت له سه‌ر ئه‌و ڕێبازه ڕاوه‌ستاو بێت. بۆ په‌یڕه‌ویكردن له پێغه‌مبه‌ری ئیسلام تێبكۆشێت و له هه‌ر كارێكدا به پێی ڕێنوێنییه‌كانی ئه‌و بجوڵێته‌وه و له چاكه‌كاری و پێشی گرتن له عیبادهت و فه‌رمانبه‌رداری و چاكهكاریدا، ته‌نیا له خوای گه‌وره یارمه‌تی بخوازیت. له دوعا گرینگ و به‌نرخه‌كانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان كه فێری هاوه‌ڵانی كردووه ئه‌و دوعایه‌یه كه ئیبنی ماجه له دایه عایشه‌ی ده‌گێڕیته‌وه: «أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّ اللهُ عَلَیهِ وَ سَلَّمَ عَلَّمَهَا هَذَا الدُّعَاءَ: اللهُمَّ إِنِّی أَسأَلُکَ مِنَ الخَیرِ کُلِّهِ؛ عَاجِلِهِ وَ آجِلِهِ، مَا عَلِمتُ مِنهُ وَ مَا لَم أَعلَم، وَ أَعُوذُ بِکَ مِن الشَّرِّ کُلِّهِ، عَاجِلِهِ وَ آجِلِهِ مَا عَلِمتُ مِنهُ وَ مَا لَم أَعلَمُ، اللهُمَّ إِنِّی أَسأَلُکَ مِن خَیرِ مَا سَأَلَکَ عَبدُکَ وَ نَبِیُّکَ وَ أَعُوذُ بِکَ مِن شَرِّ مَا عَاذَ بِهِ عَبدُکَ وَ نَبِیُّکَ، اللهُمَّ إِنِّی أَسأَلُکَ الجَنَّةَ وَ مَا قَرَّبَ إِلَیهَا مِن قَولٍ أَو عَمَلٍ وَ أَعُوذُ بِکَ مِن النَّارِ وَمَا قَرَّبَ إِلیهَا مِن قَولٍ أَو عَمَلٍ وَ أَسأَلُکَ أَن تَجعَلَ کُلَّ قَضَآءٍ قَضَیتَهُ لِی خَیراً» (سوونه‌نی ئیبنی ماجه) پێغه‌مبه‌ر(دروودی خوای لێ بێت) ئه‌و دوعایه‌ی فێری دایه عایشه كردبوو: خوایه من خێری ته‌واوم له تۆ ده‌وێت، خێری ئێستا و داهاتوو؛ خێرێك كه ئاگادارم و خێرێك كه نایزانم. له هه‌موو شه‌ڕێك په‌نا بۆ تۆ دێنم، له شه‌ڕی ئێستا و داهاتوو، له شه‌ڕ و خراپه‌یه‌ك كه ده‌یزانم و ئه‌وه‌ی كه نایزانم. خودایه ئه‌و خێره‌م ده‌وێت كه به‌نده‌كه‌ت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت لێیان ویستووی و له‌و شه‌ڕ و خراپه‌یه په‌نات پێ ده‌گرم كه به‌نده‌كه‌ت و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ت په‌نایان پێ گرتووی. خوایه داوای به‌هه‌شتت لێ ده‌كه‌م و هه‌ر قسه و كرده‌وه‌یه‌ك كه له به‌هه‌شتمان نزیك بكاته‌وه و له ئاوری دۆزه‌خ په‌نات پێ ده‌گرم و له هه‌ر قسه و كرده‌وه‌یه‌ك كه منی لێ نزیك بكاته‌وه. خوایه داوات لێ ده‌كه‌م كه هه‌رچی له چاره‌نووسی منت نووسیوه خێر بێت. خوایه هه‌موومان له چاكه‌خوازی و چاكهكاریدا یارمه‌تی بده و له به‌هره‌مه‌ند بوون له چاكه و به‌رز بوونه‌وه له‌و بواره‌دا یارمه‌تیمان بده. ئامین
بۆچوونه‌کان