لە ڕۆژی 29 بەفرانباری 2717 کوردی دەوڵەتی زلهێز و داپڵۆسێنەری تورکیە هێرشی ئاسمانی و دواتریش زەمینی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردوستان دەستپێکرد، لەو ڕێکەوتەوە تا هەنووکە چەندین هەڵوێست و لێکدانەوەی جیاواز لەلایەن تاک و گرووپگەلی هاوزمانمان ـ بێ‌گوێدانە ناو و ئایدۆلۆژیا و ئینتیمایان ـ خراونەتەڕوو:

1ـ هێندێک ئەو شەڕە بە شەڕی کورد و ئیسلام وێنا دەکەن و دەیانهەوێ گەلی کوردی موسوڵمان لە گەڵ ئایینی لەمێژینە و سەدان ساڵەی کە لەگەڵ ناخ و خوێن و پێست و ئێسقانی ئاوێتە بووە، بەشەڕ بدەن و بیروباوەڕەکەی لەبەر چاوی ناشیرین و دزێو بکەن و ڕەگ و ڕیشاڵی کەلتوور و ژیار و مێژووی دەربێنن و ماڵ کاول و دەست بەتاڵ بیهێڵنەوە...

بۆ گەیشتن بەو مەبەستە چەپەڵ و ناجوامێرانەیش سەرۆککۆماری تورکیا ـ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ـ بە نوێنەری خوا و هەڵگری ئایدیای ئیسلامی و بە تایبەت بیر و هزری قوتابخانەی " برایانی موسوڵمان "، دەزانن و لە بەرامبەریشەوە هێزە شەڕکەرەکانی گۆڕەپانی شەڕی عەفرین بە نوێنەری پاک و پاڵفتەی کۆی گەلی کورد ناوزەد دەکەن و هەموو ئەو ڕەخنە و تێڕوانینانەی لە سەر ئەو گرووپانە بوون پشت گوێ دەخەن و به وێنەی فریشتە پاک و بێگەردیان دەخەنه بەرچاو...

2ـ کەسانێکی‌تریش هەن کە بە لەبەر چاوگرتنی ڕابردووی باش و خزمەتگوزارانەی سەرکۆماری تورکیا دەست دەکەن بە پاساو و بیانوو هێنانەوە بۆ ئەو هەڵوێست و کردارە نەشیاوەیه و نایانهەوێ پێی بڵێن پشتی چاوی برۆیە. لەم لاشەوە هیچ مافێک بۆ هێزە شەڕکەرەکانی گۆڕەپانەکە دانانێن و بە کەسانێکی بێگانە و نامۆ و نەبان وێنایان ئەکەن...

3ـ کۆمەڵێکی‌دیکەش هەن کە لەو نێوەندەدان، واتە نە ئەردووغان بە سپی سپی و نە هێزە چەکدارەکانی عەفرینیش بە ڕەشی ڕەش دەزانن، بەڵکوو پێیان وایە کە دەبێ هەر کەسێک لە چوارچێوەی هەوڵ و خەبات و ڕابردووی خۆیدا تاوتوێ بکرێ و بە خراپەکانی بگوترێ خراپ و چاکەکانیشی نادیدە نەگیرێ؛ بە واتایەکی‌تر: هەست و سۆزی نەتەوایەتی وایان لێناکات تەڕ و وشک بە یەکەوە بسووتێنن و هزری عەقڵانی لە دەست بدەن...

من لەبەر ئەوەی شرۆڤەکاری سیاسی نیم نامهەوێ لێکدانەوەی ڕامیاری بۆ بابەتەکە بکەم و خۆم بخەمە زەریای قووڵ و بێ‌بنی سیاسەتی دونیای ئەمڕۆ و لەو گێژاوەدا گێژ و سەر لێشواو بێمە دەر، بۆیە وەکوو تاکێکی کوردی موسوڵمان زۆر بە کورتی چەند تێبینی و سەرنجێکی برایانە دەخەمە بەردیدەی خوێنەرانی زێدە ئازیز:

1ـ لەسەر هەر مرۆڤێکی باوەڕدار ـ شوێنکەوتەی هەر ئایدیا و باوەڕێک بێت بە تایبەتی شوێنکەوتوووی ئایینە ئاسمانی و خواییەکان ـ پێویستە ڕێز و حورمەتی تەواو و بێ‌ خەوش‌ و خالیس بۆ باوەڕەکانی هەبێت و بە هیچ نرخێک هەرزان فرۆشی نەکات و تەنانەت ئامادە بێت سەر و ماڵی پێشکەشی قەد و باڵای ئایینەکەی بکات، بە شێوەیەک کە هەموو دونیا لە لایەک و لە تای تەرازویەک و ئایینەکەیشی لە تاکەی تردا بێت؛ گەر وانەکات خۆشی و ئایینەکەیشی سووک ئەکات و نە تەنیا نابێتە هۆی سەربەرزی دینەکەی بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە جموجووڵی دەخا و لە ئاکامدا جگه لاشەیێکی مردوو و ناوێکی بێ ناوەرۆک نەبێت هیچی لێنامێتەوە و زیان لێکەوتووی دونیا و دواڕۆژ ئەبێت؛ هەڵبەت کۆتا ئایین جیاوازە و لەم ڕێسایە بەدەرە، واتە گەر شوێنکەوتوانێکی باش و خەمخۆر و ماندوو نەناسیشی نەبێت خوای گەورە ناهێڵێ لە جووڵە و بزاوت بکەوێت، بەڵکوو کۆمەڵێکی‌تر دێنێتە ئاراوە کە گیان و ماڵیانی بۆ فیدا دەکەن.

2ـ بەڵام بێگومان ئایین پەروەری و ڕێز گرتن لە یاسا و ڕێسا ئاسمانیەکان هەر نوێژ و ڕۆژو و حەج و... نیە بەڵکوو دڵ سووتاندن بۆ خەڵک و کۆمەڵگە بە گشتی و گەل و نەتەوە ژێردەست و چەوساوەکان بە تایبەتی بەشێکی گرینگی دینە و تەنانەت بڕبڕەی پشتی دینداریە، واتە مرۆی دیندار هەر ئەوە نییە سەری بچێ و نوێژی نەچێ و بەرە پێی بسوێ لە ڕێی حەجدا، بەڵکوو دەبێ بەشێک لە ژیان و خەو و خەم و خولیای، تێکۆشانی کردەیی یان لانیکەم خەم و پەژارەی دەروونی بێت لە پێناو ڕزگاری تاک و کۆمەڵگە ژێر دەستەکان لە ژێر نیری زوڵم و ستەمی دینی، مەزهەبی، نەتەوەیی، چینایەتی و...

بەم پێودانگە، ئەبێ تاک تاکی ئێمە وەکوو کورد بە ڕەگەز و هەڵگری بیروڕای ئیسلامی لە هەمبەر دەست‌ درێژی خوێناوی و نامرۆڤانە بۆ سەر شار و دەڤەری عەفرین هەڵوێستی پێویستمان ببێت و بە توندی شەرمەزاری بکەین و ئەوەیش بە ئەرکی ئایینی و مێژویی خۆمان بزانین.

بەڵام کورد گوتەنی: " نابێ نە شیش بسووتێ و نە کەباب " واتە نابێ خەم و ئێش و ژانمان بۆ زێد و ئاو و خاک، شیرینی ئایینی خودامان لە دەمدا تفت و تاڵ بکات و وەکوو کەسانێکی سادە و ساویلکە یان بە مەبەست و بە ئەنقەست ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە سەرچاوەی کۆژان و ناسۆرەکانی گەلی کورد بزانین و جووڵە و بزاوتمان نەمێنێ و ببینە هۆی سارد و سووکی و مراندنی خۆمان و ئایینەکەشمان، گەرچی کۆتا ئایین لەم چوارچێوە و یاسا و ڕێسایە چونکە خوای باڵادەست و کاربەجێ خۆی پارێزەرییەتی، واتە گەر شوێنکەوتوانێکی ڕاستەقینە و خەمخۆر و لێبڕاوی نەما کۆمەڵێک دڵسۆز و گیان فیدا ئەکاتە جێنشینیان کە سەر و ماڵیان پێشکەشی دەکەن و ناهێڵن باری خوار بێ و کۆستی بکەوێ، کەواتە ئەبێ ئێمە هەوڵ بدەین خۆمان لە گەڵ پڕەنسیپ و هێڵە گشتییەکانی ڕێک بخەین و ئەو شانازیە بۆ خۆمان دەستەبەر بکەین و ئەو کاڵایە بە باڵامان ببڕدرێت...

3ـ زۆر بەداخەوە کەسانێکی هەلپەرەست دەیانهەوێ لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ ناشیرین کردن و هێرش بردن و ناوزڕاندنی کەسایەتی و گرووپە میانەڕەوەکان و لە ناو ئەوانیشدا بزاوتی هزری و ئایینی " برایانی موسوڵمان " و ئەو گرووپ و کۆمەڵانەی نزیک لەوانن و تۆمەتبار کردنیان بەوەی کە لە پشتی ئەو شەڕەوەن و ئەردووغانیش دەرچوی ئەو قوتابخانەیە! بێخەبەر لەوەی کە زۆر لە مێژە و هەرجارە و بە ناوێکەوە هەوڵی چڵکن کردنی ڕوی گەش و خاوێنی ئەو بزاوتەیان داوە بەڵام هەرگیز نەگەیشتوونە ئامانج، هەڵبەت نە لەبەر ئەوەی کە ئێمە پێمانوایە ئەو قوتابخانە هزرییە بێ هەڵە و پەڵەیە و بە نوێنەری خوای بزانین لەسەر زەوی بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە زۆرینەی ئەم قسە و قسەڵۆکانە ناڕەوا و هەڵبەستراون و مێژوو ڕوی ڕاستیەکانی هەڵماڵیوە، گەر هەڵە و کەم و کووڕیشیان ببێت ـ کە بێگومان هەیانە و زۆریش ئاساییە ـ زوو بە خۆیاندا هاتوونەوە و گوێیان بۆ دڵسۆزان و خەمخۆران شل کردوە و تەپ و تۆزیان لەسەر ڕوومەتیان تەکاندوە...

4ـ مەخابن لە جیاتی ئەوەی ئەم هەلومەرجە تایبەتیانە پەیوەند و نێوانی برایەتیمانی توند و تۆڵ‌تر کردبا، شیرازەکەی زیاتر پچڕاندووە و پارچەپارچەی کردووە چونکە لە باتی پاساوی ڕەوا و بەجێ هێنناوە و نزای خێر بۆ یەکتر کردن بۆ لێبوردنی هەڵەکان لە لای خوای لێبوردە و بە بەزەیی، کەوتووینەتە داوی تۆمەت بەخیشنەوە و ناو و ناتۆرە لەیەکتر نان. وەرن مەرد و مەردانە با دەستی خۆشەویستی و برایەتی ڕاستەقینە بۆ لای یەک درێژ بکەین و لەوە زیاتر دوژمنان بە خۆمان خۆش نەکەین و ڕیزەکانمان لەت و پەت نەکەین...

5ـ ماوەتەوە بڵێین با هیچ کەس و لایەنێک قیافەمان بە سەرەوە نەگرێ و لاف و گەزافی کوردایەتی لێنەدا، چونکە ئێمە خۆشەویستی و هاوسۆزی بۆ گەل و نیشتیمان لە سەروەر و پێشەنگی مرۆڤایەتی ـ دخ ـ فێر بوین کە بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە زێد و نیشتیمانەکەی بە جێهێشت و بۆ پڕکردنەوەی ئەو خەم و ناسۆرەش ڕووی لە شاری مەدینەی دڵ و ڕۆح کرد و فەرمووی: " خوایە مەدینەمان لا خۆشەویست بکەیت وەکوو مەککەت لە لا خۆشەویست کردین و بەڵکوو زیاتریش ".

ئەو هەستە پاک و خواییە لەگەڵ خوێن و باوەڕمان ئاوێتە بووە کە بە ئامان و زامان لێمان جیا نابێتەوە و کەس ناتوانێ لێمان بڕفێنێ. لە لایەکی‌تریشەوە ئەبێ ئەوە بڵێین و بزانین کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەس و گرووپانەی قیافە دەگرن و خۆ دەنوێنن هیچ لە هەگبە و هەمانەیاندا نییە و تەنیا شانازی بەو ڕابردوویانه دەکەن و ئەوش هیچ هونەر و ئازایەتییەکی تێدا نییە، چونکە بە گوتەی شاعیر:

" ٳنّ الفتی من یقول ها ٲنا ذا

لیس الفتی من یقول کان ٲبی ":

کوڕ ئەو کوڕەیە بێتە پێشەوە

نەک خۆی بنوێنێ بەوی پێشەوە

یان وەکوو خواناس و شاعیری گەورەی گەلەکەمان مامۆستا مەحوی-قەبر پڕ لە نوور بێ - ئەفەرموێ:

فەزیلەی ئەسڵ و فەسڵ ئینسانی پێ نابێ بە ساحیب فەزڵ

کە تۆ کۆسەیت بە تۆچی مامە ڕیشی باب و باپیرت

هیواخوازین تەم و مژی ئەم ناسۆرەش لە ئاسمانی کوردەواری بڕەوێتەوە و درز و کەلێنی زیاتر نەکەوێتە ڕیزەکانمان.

 

   بانە-22 ڕێبەندانی 2717 کوردی