لەناو گەردوون و ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی ئەمڕۆ کە: نرخ و پێوانەی مرۆڤایەتی لەژێر پێی وێنەی ڕیکلامی شوشیال میدیا و تۆڕەکۆمەلایەتییەکان دەرووخێن، باڵاپۆشی وەک: یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی ڕووناکی باوەڕ، هێشتا بەهێز و زیندوو ماوەتەوە.
باڵاپۆشی، تەنیا لەچک و ڕووکەش نییە، بەڵکوو لە حەیا، باوەڕ، ژیرایەتی، شکۆ و ڕێزگرتن لە کەسایەتی پێکهاتووە.
ئافرەتێکی باڵاپۆش، پێش ئەوەی ڕواڵەتی خۆی بپۆشێت، ڕوح و کەسایەتی خۆی لەناو قەڵغانی جوامێری ئەپارێزێ. بێگومان باڵاپۆشی لە سەرەتادا پەیامێکی ڕوونی بۆ کۆمەڵگە پێ بووە، واتە: جێگە و پێگەی ئافرەت لە دەرکەوتنی جوانی ڕواڵەتی ئەودا نییە و کەسایەتی ئافرەت بە دڵڕفێنی و سەرنجڕاکێشی ڕواڵەتی پێوانە ناکرێت. ئافرەت، لەلای خولقێنەری شکۆ و ڕێزی تایبەتی هەیە، جوامێری و دڵڕفێنی ئەو لە: پاکی، ژیرایەتی، خواناسی و هێزی مەعنەوی داناوە، نەک لە چاوی مرۆڤی چاوچنۆک.
نووسەرێک لەسەر وشەی باڵاپۆشی دەڵێ: " بەفر و سەرما، لە داپۆشین و دەمامەکدارکردنی هێندێک ژن سەرکەوتووتر بوون لە زۆرێک لە باوک و هاوسەرەکان".
ئەم وتەیە، پەردە لەسەر ڕاستییەک ڕادەماڵێ کە بە درێژایی مێژوو لەنێو کۆمەڵگەدا کپ و بێدەنگ کراوە؛ ئەویش ئەوەیە کە: زۆرێک لە پیاوانی موسوڵمان، ئەرک و بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و ئایینی خۆیان لەئاست باڵاپۆشی و پەروەردەی کچ و خێزان بەگشتی لەبیر کردووە. ئەو پەیوەندییەی کە لە کاتی خۆی، دەرخەری خۆشەویستی و بوێری و پاراستن بوو، ئەمڕۆ تووشی ساردی و لێکترازان و داڕمان بووە. وەک ئەوەی تەنیا سروشتی کۆمەڵگە هێندێک جار ئافرەت تووشی باڵاپۆشی بکات، نەک ژینگەی خێزان و پەروەردەی ڕەسەنی ئیمانی.!
حاشا لەوە ناکرێ کە، سەردەمی ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی لەئاست بەرپرسیارەتی کۆمەڵگە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. مەخابن! ڕیکلامی کەسایەتییە ناودارەکانی بەرژەوەندیخوازی ئابووری، لەناو تۆڕەکۆمەلایەتییەکان بەگشتی بۆ تێکدانی بیر و هرزی ئافرەت لە ئاست باڵاپۆشی، ناخهەژێنتر لە ژەهر خێزانی کردووە بە ئامانج، بە جۆرێک کە: لە ڕێگەی زیرەکی دەستکرد زۆرێک لە ئافرەتی گەنج و ژنی موسوڵمانیان کردووە بە ئامانج.
لەناو ژیانی پڕ مەترسی ئەمڕۆ، ئافرەت بە زۆری وا بووە دەکەوێتە داوی کێبەرکێی وێنەی بەژن و باڵای سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لەبەر ئەوە پێیوایە ئەمە دەرخەری ئاستی کەسایەتی ئەوە کەچی پێچەوانەی ئەمە دەبێت بە هۆکاری تووشبوون بە کێشە و گرفتی دەروونی لەسەر کەسایەتی خۆی و خێزانی. پێگەی ئافرەتی باوەڕدار لە ڕوانینی خولقێنەر دایە، نەک دەرخستنی وێنەی بۆ کێبەرکێ لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
لەم ساتە هەستیارەدا، باڵاپۆشی تەنیا ئەرک نییە، جۆرێک بەرگری و پاڵپشتی لە کلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگەیە، بەڵکوو لاڤاوی بەهێزی هەندەران کە ژن وەک کالایەکی بێنرخ دەخەنە بەرچاو، وەک ئاڵایەکی پڕشنگدارە لەسەر بەرزایی باوەڕ، بە هیچ ڕەشەبایەک تووشی لەڕین نەبێ.
بێگومان باڵاپۆشی لە ئیسلامدا ئامرازی سنووردارکردنی ئافرەت نییە، بەڵکوو پارێزەری کەرامەت و ئارامی دەروون و شکۆی خێزانە.
باڵاپۆشی، تەنیا جلوبەرگ نییە، بەڵکوو، باوەڕە، جوامێری، کەڕامەت و ناسنامەیە کە دەبێ لە ژیانی پیاو و ژن زیندوو بمێنێتەوە.

بۆچوونهکان