کاتێک زوڵم و ستەم و غەدر پەڕەوئەسێنێت و تۆش دەسەڵاتت نیە، تەنها بیرێک لەوساحەی مەحشەر و دادگای خوا بکەرەوە.
کاتێک مافی ڕەوای خۆتت لێ زەوت ئەکەن و نازانی هانا و سکاڵا بۆ کێ بەریت، تەنها چاوێک لە ئاسمان بکە و بزانە بسیرێک جوان و ورد ورد چاوی لە تۆی مەزڵووم و لەوی دڕندەیە.
کە ئەبینی کرێگرتەکان و بەرماوەخۆرەکان زیاتر بەرگری لە دیکتاتۆر ئەکەن، بەگیرفانی خاڵیەوە، تۆش دەرچەیەک شک نابەی بۆ قوتاربوون، بیرێک لە سەرەنجامی هامان و جوندییەکانی بکەرەوە.
تۆ مەحکوزمی بە تێکۆشان و هەوڵدان بۆ لە گۆڕنانی ئەو فەساد و چەتەگەریەی ئەگوزەرێ لە دەورووبەرتا و ئەبێ پاساوی سەلمێنەرت هەبێ لەلای خوا، ئینجا شایستەی پاداشتی و گەرنا تۆش سزای تەمەڵی و دانیشتن و ڕازی بوونت بەو ستەمکارییەی کە هەنگاوێکت نەنا بۆ لەناوبردنی وەرئەگری (إِنَّ الَّذِينَ تَوَفَّاهُمُ الْمَلائِكَةُ ظَالِمِي أَنفُسِهِمْ قَالُواْ فِيمَ كُنتُمْ قَالُواْ كُنَّا مُسْتَضْعَفِينَ فِي الأَرْضِ قَالُواْ أَلَمْ تَكُنْ أَرْضُ اللَّهِ وَاسِعَةً فَتُهَاجِرُواْ فِيهَا فَأُولَئِكَ مَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ وَسَاءَتْ مَصِيرًا)النساء ۹۸.
دوای ئەنجامدانی ئەرکی سەرشانت و چارەسەرنەبوونی ستەمکارییەکان، دواتر دڵنیا بە مەحکەمەی خوایی دێتە مەیدان و سەرەنجامی زاڵمانت پێ نیشان ئەدات کە هیچی لە دادگا فشۆڵ و نۆکەر و چاوشۆڕەکانی ئەم دونیایە ناچێت، چونکە مەحکەمەی خوایی بە شێوەیەکە دڵت ئاو دەخواتەوە و ئاهێک بە دەروونتا دێتەوە. جا فەرموو تەماشای یاسای خوایی بکە:
ـــــ هیچ کەیسێک نهێنی و سڕڕی نیە کو گرێبەستە نهێنییەکانی ئێرە، بەڵکو وەک لەپی دەست ڕوون و ئاشکرایە (وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَاباً يَلْقَاهُ مَنْشُوراً) اسراء:۱۳
ـــــ لێپرسینەوەی ستەمکارە لوتبەرزەکان لەژێر چاودێری و وردی خوایی دایە (وَجَاءَتْ كُلُّ نَفْسٍ مَّعَهَا سَائِقٌ وَشَهِيدٌ) ق:۲۱
ــــ ستەم و نادادی مەحاڵە، نە کەس قوتاری ئەبێت لە سزا و نە کەسیش لە وەرگرتنەوەی مافی بێبەش ئەکرێ (وماربك بظلام للعبید).
ــــ موحامی بوونی نیە تا بەڕاستی یان بەساختەچیەتی بەرگریت لێ بکات، حاکم خواخۆیەتی نەک موفتەخۆرەکانی ئێرە (اقْرَأْ كِتَابَكَ كَفَىٰ بِنَفْسِكَ الْيَوْمَ عَلَيْكَ حَسِيبًا) اسراء:۱٤
ــــ بەرتیل و واسیتە و حیمایە و عەشیرەت فلسێک ناکەن تەنها دڵێکی ساغ فریات ئەکەوێ (یوم لاینفع مال ولابنون الا من اتی اللە بقلب سلیم).
ـــــ هیچ ناوێکی لێکچو ناهێنن و لەبری عومەرێکی تاوانبار چوار عومەر بەسەهو بکوژن (وماکان ربک نسیا).خوا کەسی لێ تێک ناچێت.
ـــ خواحوکمی غیابی بەسەر کەسدا نادات وەکو حوکمە قەرەقوشەکەی ئێرە و کێ زۆری هەبوو دەیان کەس بە غیابی خۆیان بخاتە بەر پەتی سێدارە (وَإِن كُلٌّ لَّمَّا جَمِيعٌ لَّدَيْنَا مُحْضَرُونَ) یس:٣٢
ــــ لەوێ شایەتی تەزویر و کرێگرتە نیە بۆ چنگێ پارە دەیان سوێندی ناحەقی پڕ لە درۆ و ستەم بخوات، شایەتەکان ئەو ئەندامانەی جەستەتن کە تاوانەکەیان پێ کراوە (يَوْمَ تَشْهَدُ عَلَيْهِمْ أَلْسِنَتُهُمْ وَأَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُم بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ) نوور:24
ـــــــ لەوێ مەلەفی کەس ون نابێت یان ون ناکرێت و بڵێن بەداخەوە نازانین ئەو مەلەفی تاوانە چی لێهاتووە، هەرهەموو مەلەفە ورد و درشتەکان ئەخرێنە ڕوو و تا کەس بیانوی نەمێنێت، ئەو مەلەفانەش ئەخرێنە ڕوو کە تاڵانچیەکان لەبیریان چوەتەوە یان زۆر جێگای ئیهتمامیان نەبووە (يَوْمَ يَبْعَثُهُمُ اللَّهُ جَمِيعًا فَيُنَبِّئُهُم بِمَا عَمِلُوا ۚ أَحْصَاهُ اللَّهُ وَنَسُوهُ).
ـــــ گەردیلەیەک لە میزانی خوادا ون نابێت و ناشاردرێتەوە (وَنَضَعُ الْمَوَازِينَ الْقِسْطَ لِيَوْمِ الْقِيَامَةِ فَلَا تُظْلَمُ نَفْسٌ شَيْئًا ۖ وَإِن كَانَ مِثْقَالَ حَبَّةٍ مِّنْ خَرْدَلٍ أَتَيْنَا بِهَا ۗ وَكَفَىٰ بِنَا حَاسِبِينَ) الانبیاء:47
سا خوایە گیان لە گوناهەکانمان خۆش ببیت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگای ماڵی ستەمکارمان نیشان نەدەیت، اللهم ئامین.
وێنەکەش لەخزمەت مامۆستای زانا و بیرمەند جنابی د عمر عبدالعزیز .
د عمر زەڵمی ٢٣-٧-٢٠٢٤