سەلاح قاسمیانی، ئەندامی شۆڕای ناوەندی جەماعەت، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی – لقی کوڕدستان کە ڕۆژی چوارشەممە 29ی بەفرانبار لە شاری سنە بەڕێوەچوو، جەختی کردە سه‌ر پێکھاتن و دەرکەوتنی حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

به پێی ڕاپۆرتی ئیسلاح وێب، سەلاح قاسمیانی، ئەندامی شۆڕای ناوەندی جەماعەت ھاوڕێ لەگەڵ لێژنەی بەڕێوبەرایەتی پارێزگای کوردستان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کوتلەیەک لە حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی ـ لقی کوردستان، وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندیی خۆی لەم دیدارە، ڕایگەیاند: لە پارێزگای کوردستان کە بە داخەوە بێکاری و لاوازی ئابووری گەمارۆی داوه‌، پێکھاتن و سەرھەڵدانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئەمرێکی پێویستە و ئەگەر حیزبەکان لەم بوارەدا ئامادە بن، دەستەبەرکردنی چینەکان باشتر بەڕێوە دەچێ.

ھەروەھا بە ئاماژەکردن بە وەی کە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح پاشخانێکی ئایینی ھەیە، وتی: جەماعەت خوازیاری گەشەیێکی ھەمه‌لایەنەی ولات، بە تایبەت پارێزگای کوردستانە و لەم ڕێگایەشدا، بوونی حیزب و ڕێکخراوەگەلی مەدەنی پێویست و حاشا ھەڵنەگرە. لەم ڕێگاوە، پرسیار لەلایەن خەڵکی و وڵامدانەوەیی خاوەن دەسەڵاتان، جێگیر دەکا. لە کۆتایی قسەکانیدا، زیادی کرد: لەم بارودۆخه‌ نائاساییە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەدا، ڕێکخستنی ڕێکخراوەیەک وەک حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی، بۆ چالاکانی سیاسی و حیزبە سیاسییەکانی ئێستای کوردستان، جێگای خۆشحاڵییە و ھیوادارین بتوانیین لەو بوارانەی کە خاڵی ھاوبەشمان ھەیە، ھاوکاری یەک بکەین.

فەرھاد محەممەدی، سەرۆکی حیزبی یەکییەتی نەتەوەییی ـ لقی کوردستان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە ئامادەبوونی لە کۆڕی بەرپرسانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی شاری سنە، وتی: حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی، بە پێی ئامانج و ڕوانگەکانی، دەیھەوێ، پێوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنە ئایینیەکانی کوردستاندا ببێ و لەم نێوەشدا، ئێمە جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح کە ڕوانگەیێکی نوێ‌خوازانەی لە کێشە ئایینی و کۆمه‌ڵایەتییەکاندا ھەیە، بۆ ئەم مەبەستە بە باش زانی. ھەروەھا وتی: لە حێزبەکەی ئێمەدا، ئەخلاق و ئاکار جێگایەکی تایبەت و دیاری ھەیە، چونکوو پێمان وایە بنەڕەتی ھەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بێ‌ئەخلاقییەی کە ئێستا لە ناو خەڵکیدا پەرەی سەندووە و دەبێتە ھۆی لێکبڕانی تاک لە کۆمەڵگا و ئەنجامی ئەمەش، لە بەرژەوەندی ھیچ کەس دا نییە. ناوبراو ھەروەھا وتی: بەو ڕوانگە ئەخلاقمەدارانە کە ئێمە ھەمانە، دەتوانین بەستێنێکی باش بۆ نزیک بوونە لە گەڵ بزاڤە ئایینیەکانی کوردستان پێک بێنین و پێمان وایە لە داھاتوودا دەتواین لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی، کارانێکی ھاوبەش پێکەوە ئەنجام بدەین.

جێگای ئاماژەیە، لەم چاوپێکەوتنەدا، زانیار زەمیران جێگری سکرتێری گشتیی، فواد ساعید لە ئەندامانی شۆڕای ناوەندی، و سکرتێری حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی بەشداریان بوو.