باسکردن لە کایە ئەخلاقییەکان تولە ڕێى زۆرمان بۆ پێش دەهێنێت، کە دواجار هەموو ئەم ڕێگایانەش پێمان دەڵێن (ئەخلاق) هیندەى ئاو و هەوا گرنگە بۆ ژیان و بەتایبەت ئەم سەردمە کە خودى ئینسانییەت بۆتە شتێکى دەگمەن، نەخوازە بابەتێکى وەک (ئەخلاق). بۆیە کاتێ دەمانەوێت لە بارەیەوە شتێ بزانین، چەندین جۆر و قوتابخانە لە پشت ئەم کایە مەزنەوە خۆى قوت دەکاتەوە، لێرەدا باس لە یەکێک لە جۆرەکانى ئەخلاق دەکەین، ئەویش ئەخلاقى عیرفانییە کە زۆرجار وەک تەواوکارى ئەخلاقە دینییەکان و زۆر جاریش وەک پێشینەى ئەخلاقى پێغەمبەرانە خۆى نمایدە دەکا.

ئەخلاقى عیرفانى یەکێکە لە عیرفانە ناسک و نەرمەکان کە جیا دەکرێتەوە لە ئەخلاقى فەلسەفى و دینى، هەڵبەتە ئێمە مەبەستمان نییە فەزڵى ئەخلاقى عیرفانى بدەین بەسەر ئەخلاقە دینییەکاندا، چونکە ئەخلاقە دینییەکان زۆرتر بۆ هاوسەنگی ڕاگرتنى کۆمەڵگەن؛ بۆنمونە هەندێک جار گیانى تۆڵەسەندنەوە دەخاتە بەردەم مرۆڤەکان، بەڵام ئینسانیش سەرپشککراوە لە هەڵنەبژرادنى گیانى تۆڵەسەندنەوە، کە ئەمە دەبێتە ئەخلاقى عیرفانى، کە دواجار وەک دەرخەرى دیوە جوانەکەى و تەواوکارى ئەخلاقى دینى دەکرێت لێى بڕوانین.

ئەخلاقە عیرفانییەکان هەڵقوڵاوى ناخ و ویژدانى مرۆڤەکانە و مرۆڤە دیندارە بەویژدانەکان زیاتر دەتوانن هەڵگرى ئەم جۆرەى ئەخلاق بن، هەڵبەت کەسانى ئاسایی و غەیرە دینیش دەتوانن میراتگرى بن، بەڵام ئەوانەى تەواو پڕ بوون لە ئەخلاقە دینییەکان، ئەوکات بێخەم دەتوانن مامەڵەى ئەخلاقیان، مامەڵەیەکى عیرفانیانە بێت.

بۆ سەلماندى ئەم ڕاستەیەش دەکرێت خودى قوڕئان و ژیانى پێغەمبەرانى خودا بکەینە بەڵگە، پێغەمبەرى خودا پێش هاتنى (وەحى) بۆى، هەر سادق و ئەمین بوو و دواى هاتنى وەحیش هەر بەو چەشنە بوو، بۆیە توانى ناوەڕۆکى دین و خودى ئەخلاقى دینى باش بگەیەنێت، لە هەندێک مەوقیف و هەندیک جار کە ئازاریان دەدا، دەیتوانى بە ئەمرى ئیلاهى تۆڵە بسەنێت، بەڵام ئەو دەیویست جێى خۆى بکاتەوە و پەیامە مەزنەکەى بگەیەنێت، لەبەر ئەوە مامەڵە ئەخلاقییەکەى کردە پێوەر بۆ گەیاندى ئەوەى دەیویست، تەنانەت خودى ئاینیش مامەڵەى ئەخلاقى (ڕەسووڵى نازدار)ى کردۆتە دەلیل بۆ پێغەمبەربوونى و بۆ گەیاندنى پەیامى خودایی بە نەتەوەکەى، وەک دەفەرموێت: «انما بعثت لاتمم مکارم الاخلاق». کەواتە خودى ئەخلاق بوونى هەبووە لاى پێغەمبەر(دروودى خوداى لەسەر بێت). ئەو بەڕاستى هەڵگرى ئەم مەقامەى ئەخلاق بوو پێش پێغەمبەرایەتى و دوای پێغەمبەرایەتیش، ئەو لە ئاست ئەم وەسفە ئیلاهییە مەزنەدا بووە: «ۆإِنَکَ ڵعَڵى خُلُقٍ عَظِیمٍ».

بەهەمان شێوە مامەڵە ئەخلاق ئامێزەکەى موسا(سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێ)، دەرخەرى کەسێتى بوو، چونکە ناوەڕۆکى مامەڵەکە گێڕانەوەى ماف بوو بۆ ماف خوراوان، بۆیە ئەو پێش ئەوەى ببێتە پێغەمبەرى خودا، خوداى گەورە ئەخلاقى کردە دەلیل بەسەر پێغەمبەربوونیانەوە بۆ ئوممەتەکانیان و ستایشى ئەخلاقى پێش پێغەمبەربوونیان دەکات.

پێغەمبەران مامەڵەى ئینسانى و خۆسەلماندیان دەکرد تا لە کۆمەڵگەدا پلە و پایەیان بە مامەڵەى ئەخلاقیان دەربکەوێت، ئەوان تەنها مامەڵەى دینییان نەدەکرد، تەنها سەرمەشقى ئەم جۆرەى ئەخلاق نەبوون، بەڵکوو سەرمەشقى خودى ئەخلاقە ویژدانى و عیرفانییەکانیش بوون.

زۆر جار ئەخلاقە دینییەکانمان لە دینى تەقلیدییەوە بۆ دەمێنێتەوە کە هەم خودى دینەکەمان بە ناڕێکى وەرگرتووە هەم خودى ئەخلاقەکە، چونکە لە پێچوپەناوە پێمان گەیشتووە، بۆیە لە ئێستا دەبینین بەدەیان و سەدان بێڕێزى دەکرێت بە ئینسان بەناوى دینەوە، ئاخر کەى دین پێچەوانەى بەها و قییەمە مرۆیی و ئەخلاقییەکانە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەخلاقمان لەخودى سەرچاوە بنەڕەتییەکەى دین و بە ڕێگە دروستەکەى خۆى و لە خودى ویژدانى بەفیترەت پاکەوە وەرمان گرت، ئەوکاتەش مامەڵە ئەخلاقییەکانمان مامەڵەى ئەخلاقى دروست دەبێت و ئیلهامەکەى لە ڕۆحەوە دەبێت.

ئەگەر بمانەوێت چاکەیەک بکەین، هەرکات زانیمان کەسێک موحتاجە پێمان بە ئەخلاقێکى فەلسەفییانەى وشک بیر ناکەینەوە، یان بیر لە خێر و پاداشتەکەى ناکەینەوە، بەڵکوو دەسبەجێ بە فریاى موحتاجەکەوە دەچین، ئەو کات دەبینی ئەخلاقە دینییه‌کەشمان بەرجەستە کرد و ئەخلاقە عیرفانییەکەش.

مامەڵەى ئەخلاقى عیرفانى بەوە جیادەکرێتەوە لە جۆرەکانى تر، هیچ پاڵنەرێکى دیکە پاڵت پێوەنانێت بۆ کردنى، بەڵکوو خودى ویژدان و ناخى مرۆڤەکان و ئەو ئیلهامە خوداییەیە کە دەگات بە ڕۆحمان، هیچ کات بیر لە چەندێتى دەستکەوتنى خێرەکەى ناکەیتەوە، بەمانایەکى دیکە مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ خودا ناکەى که چەنده‌ بکەیت و چەنده‌ وەربگریت، بەپێچەوانەوە گرنگ ئەوەیە چاکە بڵاو بێتەوە، ئیدى دەزانى کە لەدەفتەرى حیساب و کتابت لاى خالق نووسراوە.

نووسه‌ر: شادان تالب