لە کتێبەکانی سیرەدا لەباسی ئیسراو میعراجدا باسی کەیسێکی حەزرەتی ئەبووبەکر د.خ دەکرێت، دەڵێن کاتێک کافرەکان ڕۆشتن بۆلای بۆ ئەوەی پەشیمانی بکەنەوە، وتیان ئیبنوئەبی قەحافە گوێگرە هاوڕێکەت جاران درۆکانی بە عەرزا ئەسوڕانەوە، ئێستا چونەتە ئاسمان، ئەویش بەسادەیی وتی هەرچی بڵێت ڕاستەکات، ئەمە سادەترین پێناسەی ئیمانە، چونکە ئیمان زانین نیە بەتەنها، بەڵکو متمانە بوونە، خۆ لەوێدا ئەبوبەکر نەیەزانی چی ڕویداوە، هێشتا هەواڵەکەی نەبیستبوو، بەڵام متمانەی هەبوو.
مناڵێک لە بەرزاییەکەوە باوکی ئەڵێت ڕۆڵە خۆت هەڵبە ئەتگرمەوە، خۆی هەڵەدات، بۆ ئیمانی هەیە بەوەی باوکی ڕێنادات بکەوێتە خوارەوە، دەچیتە لای پزیشکێک پێتەڵێت ئەم نەشتەرە دەکەم بەچاوتا، یان مێشکتدا یان دڵتدا، تەسلیمەبی، ئەمە سادە نیە، ئەمە ئیمانە، جا هەڵەکە لەوێدایە، ڕەخنە لە ئیمان بگری بەحساب عەقڵانیت بەڵام ژیانت پڕبێ لە ئیمانی جیاواز جیاواز.
عەقیدە زانینە، مەعریفەیە، هەربۆیە بەشێکی گەورە لە زانایانی کەلامی ئیسلامی لە پێناسەی ئیماندا دوو چەمکیان داناوە ( ما وقر فی القلب + و صدقه العمل) واتە زانین و ڕەنگدانەوەی زانین لە ئیحساسی مرۆڤدا،  وەگەر نا هەر لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە (الَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَعْرِفُونَهُ كَمَا يَعْرِفُونَ أَبْنَاءَهُمْ وَإِنَّ فَرِيقًا مِنْهُمْ لَيَكْتُمُونَ الْحَقَّ وَهُمْ يَعْلَمُونَ) ئەهلی کیتاب وەک مناڵەکانی خۆیان محمد دەناسن، بەڵام بەشێکیان حەق دەشارنەوە، کە دەشیزانن. واتە ئەوان دیوە زانینەکەیان گرفتێکیان نەبووە، بەڵام دیوە ئیحساسی و ڕەفتاریەکەیان کێشەی هەبووە.
لە مێژووی کەلامی ئیسلامیدا بۆ لێکۆڵینەوە لە دیوە زانینیەکەی، زانستی کەلام دروست بووە، لەم نێوەندەدا زانستێک هاتوەتە ئاراوە ناوی زانستی عەقیدە بووە، خیلافات نێوان زانایانی ئەو بوارە و شەڕەگەڕەکی موتەعەسیبین لە شوێنکەوتوانیان، بەرژەوەندی و شوناسگەرایی ، هەستیاری پرسەکە، بەشێکی زۆر لە باوەڕدارانی بەرەو عەقیدە پەرستی بردوە، لەکاتێکدا زانستی عەقیدە خۆی نوێیە، ئەگەر لە پرسی فیقهیدا تا ڕادەیەک نەرمیەک بەرامبەر بەخیلافات هەبووبێت ئەوا لە پرسە عەقەدیەکانادا زۆر دەمارگیرانە جیاوازی سڕینەوە پەیڕەو کراوە، ئەمەش سەری کێشاوە بۆ عەقیدەپەرستیەکی قوح، لەکاتێکدا زانستی عەقیدەش ئیجتیهادە لە پرسە ئوسوڵیە گەورەکاندا و نەدەبوو سەربکێشێت بۆ ئەم دەمارگیریە مەترسیدارە.
ئەمە تاکە مەترسی ئەم بوارە نەبووە، بەڵکو مەترسیەکەی لەوێشدایە ناسکی و لەتافەت ئیمانی و متمانەی قوڵ بەخوا و تەوەکول  و قورب و سلوک و سەیر الی الله و مەحەبەت و ئیشتیاق و ئیستغنا لە غەیری خالق، تەوبە و ئینابە، کەم ڕەنگ بوونەتەوە، مرۆڤ لە ئیماندا مەشغوڵی خۆیەتی، دەیان ئەسەری گومان بەخۆبردنی هاوەڵان و حەزرەتی نازداریش بەردەستن، مرۆڤ لە ئیماندا خەریکی موحاسەبەی نەفسە، بەڵام لە عەقیدەدا خەریکی ئەو دەرکردن و جیاکردنەوەو دوور خستنەوەیە،
سەیری ئەو چرکەیەی حەزرەتی ئەبوبەکر بکە، کاتێک هاوڕێکانی مەشغوڵی هەندێک قسەن و ئەویش نایەوێ تێکەڵیان بێت چونکە بەڕەوای نازانێ، دوو بەرد دەخاتە دەمیەوە، کەی لێیەپرسن ئەڵێ وتومە نەبا بیرم بچێتەوە و قسەیەک بکەم، بەراوردی بکە بەهەنێکی تر لە کۆن و نوێدا بەحساب بەهۆی جیاوازی عەقەدیەوە نەک دوو بەرد ناخەنە دەمیان بەڵکو زمانیان زمانی مارێکی ژەهراویە، بۆ چونکە عەقیدە پەرستی بەهەڵەیدا بردوون،  تەماشای هەنێک بکە لەسەر ئیمامی ئەعزەم چی دەڵێن، بەراوردیش بکە بە بەردەکانی حەزرەتی ئەبوبەکر.
تەماشای الله الله کەی مەولەوی تاوگۆزی بکەن، کەی لێی دەپرسن بۆ ناڵێیت لا اله الا الله، بۆ دەڵێی الله الله، دەڵێت دەترسم لە لا اله کەدا بمرم، فریای الا الله نەکەوم، ئەو قورب و هەست بە نزیکیە، ئەو احساس و دڵڕاگتنە، ئەو خۆشویستنە دەیەوێت دوا وشەی ناوی ئەو بێ، ئەمەش ئیمانە، ئەبو عەبدوڵای ئەنساری، لەگەڵ ئەوەی حەنبەلیە و ئەهلی ئەسەرە، هەنێک مەواقیفی هەن، ئیمانیان لێدەبارێت، واتە نابێت عەقیدە پەرستانە ئێمەش پۆلێن بکەین، بۆیە کاتێک دین دەبێتە ئیمان مرۆڤ ئەو پەڕەکەی دەبێت دوعات وەک تەوەجوهە خوێنەوارانە قوڵەکەی مەڕحوم هوزەیبی، نەک ببێتە قوزات وەک هەنێک جارێک لەخۆیان ناپرسن تۆ بڵێی گوناهمان بگات، تەنانەت تا کوشتنیش دەڕۆن.
بە کورتی گەڕانەوە بۆ ئیمان سەنتەری ، هەم داخوازی مەعریفی هەیە و هەمیش کردەکی، لەڕابردوودا تەزکیە ئەمە بووە، لە مەرجەکانی گێڕەرەوەی فەرموودەش الظبط و العدل بوون، عەدل ڕێک هەمان تەزکیەیە کە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤێکی ئیماندار، خەوفی خوا خەوفی تری لا ناهێڵێت، بەداخەوە عەقیدەپەرستی وایکردوە ئەم دیوە گرنگە فەرامۆش بکرێت، تەنانەت لەناو گروپی عەقەدیەوە بانگەشە بۆ ئەوە بکرێت کوڕێکی عەقیدە پاک لەسەر شتی تافیهـ ئینسانێکی بێتاوانی کوشتوە، مادەم عەقیدەی پاکە با زەکاتی بۆ کۆبکرێتەوە خوێنباییەکەی بۆ بدرێت، جا ئیتر لەو وێنەوە دەبینین ئیمانێک
کە مرۆڤ دەگەیەنێتە مەقامی كوڕەباشەکەی ئادەم لَئِن بَسَطتَ إِلَيَّ يَدَكَ لِتَقْتُلَنِي مَا أَنَا بِبَاسِطٍ يَدِيَ إِلَيْكَ لِأَقْتُلَكَ ۖ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ، عەقیدە پەرستیش ڕوونە
ـ تێبینی ئەم پۆستە دژی خوێندن و شارەزایی کەلام و عەقیدە نیە، بەڵکو دژی تەعەسوبی عەقیدەییە.