قوڕئانی پیرۆز پەیامێکی بەردەوامی خوای گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، مرۆڤەکان دەدوێنێت بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویان پێکەوە گرێ دەدات، حیوار لەگەڵ مرۆڤ دەکا وەک بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر… ئایەتەکانی قوڕئان پڕاوپڕن لە ئاماژەی زانستی و مەنتیقی. یەکێک لەو بەڵگانەی کە گەورەیی خوای گەورە ڕوونتر دەکاتەوە، ئەو مانگەیە کە شەوانە بە بەرچاومانەوە هەڵدێت و ئاوا دەبێ.
مانگ، بریتییە لەو پەروانە گۆییە کە نزیکترین دراوسێ و دۆستی دێرینی دانیشتوانی زەوییە.
مانگ: هەمیشە جێگەی سەرنج و پێداهەڵگوتنی شاعیران و پەخشانی ڕازاوە و بێدارانی شەو و ئەویندارانە و بە درێژایی تەمەنی مرۆڤایەتی گڵۆپی سفرەی شەوان و دەژمێری گەورە و ساڵنامەی هەموانە.
لەڕاستێدا مانگ هەمیشە باڵاگەردانی زەوییە و بە دەوریدا خول و چەرخییەتی وەک ڕۆڵەیەکی بە وەفا… مانگ: بە زمانی حاڵ سروودی لایەلایەی خەو دەڵێ و باوەشێنی دڵان دەکات و ڕازی خەمەکانە، گەشی چاوەکان بەپێی نوێترین زانیاری کۆمەڵەی خۆر کە ژمارەیان{۱۲} پەروانەیە پابەندن بە هێزی کێشکردنی خۆرەوە بە هەموویان {۷۰ } مانگیان هەیە بە قەبارە و کێش و خێرایی و دووری جیاوازەوە، بەڵام مانگی زەوی کە نیزیکترین ماددەیە لە زەوی و کاریگەری بۆ ئاو و هەوا و ژیانی سەرزەوی هەیە کە جێگەی باس و کۆڵینەوە و تۆژینەوەی تایبەتی گەردوونناسەکانە…
لە قوڕئانی پیرۆزدا سووڕەتێک بە ناوی {القمر} هەیە واتە مانگ، کە{۵۵} ئایەتی لەخۆ گرتووە.
ئەگەر بەوردی سەیری ناوەڕۆکی قوڕئان بکەین دەبینین کە {۲۶} جار ناوی {القمر} واتە مانگ بەکار هاتووە، کەواتە زۆر گرنگە و جێگەی تێڕامان و سەرنجدانە.
مانگ، تەنێکی تەڵخنی تاریکە و ڕووناکی لە خۆرەوە وەردەگرێ و قوڕئانیش ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەکات و دەفەرموێ: {هُوَ الَّذِی جَعَلَ الشَّمْسَ ضِیَاءً وَالْقَمَرَ نُورًا… پەروەردگار ئەو زاتەیە کە خۆری کردووە بە چرا و مانگیشی کردووە بە ڕووناکی… سووڕەی یوونس، ئایەتی ۵}.
زانایانی گەردوونناسی دەڵێن: مانگ نزیکترین تەنی ئاسمانە لە زەوی، خڕ و ڕەق و تەڵخنە ڕووناکی لە خۆرەوە وەردەگرێ و (۱۰%) بڕی ئەو تیشکەی بەری دەکەوێ دەیداتەوە و ئەوی تری هەڵدەمژێ و بە {۲۹} ڕۆژ و {۱۲} کاتژمێر و {۴۳} خولەک یەک جار جوڵە و چەرخ دەکات و بە دەوری زەویدا بە ئاراستەی خۆراوا بۆ ڕۆژهەڵات و هەر لەو ماوەدا یەکجاریش بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە…!ئەگەر جوان سەیری مانگ بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە، مانگ لە خۆر بچوکترە، قوڕئانی پیرۆز ئاماژە بەو خاڵە دەکا و لە ئایەتی {۷٨} سووڕەتی ئەنعام باسی کردووە و دەفەرموێ: { فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَهً قَالَ هَٰذَا رَبِّی هَٰذَا أَکْبَرُ ۖ …ـــ واتە: کاتێ خۆرهەڵهات حەزرەتی ئیبڕاهیم وتی: گریمان ئەوە خوایە چونکە گەورەترە لە مانگ}. بۆ نموونە ئەگەر خۆر دەفرێک بێ جێگەی {۱۲۵۰۰۰۰} یەک میلیۆن و دوسەد و پەنجاهەزار قەبارەی وەک زەوی تێدا جیێ دەبێتەوە و زەویش {٨۴} هەشتاو چوار بەرابەر لە مانگ گەورەترە…خۆر و هەموو تەنە ئاسمانییەکان خول و دەوریان هەیە بە پێی ئایەتی (۲) سووڕەتی ڕەعد کە دەفەرمووێ: {…وَسَخَّرَ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ ۖ کُلٌّ یَجْرِی لِأَجَلٍ مُسَمًّى ۚ… واتە: خوا ئەو زاتەیە کە خۆر و مانگیش ڕامهێناوە و هەر یەکەیان لە چەرخ و جۆلەی خۆیاندا بێوچان تا ماوەیەکی دیاریکراو دەسووڕێنەوە} و لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێ: {وَهُوَ الَّذِی خَلَقَ اللَّیْلَ وَالنَّهَارَ وَالشَّمْسَ وَالْقَمَرَ ۖ کُلٌّ فِی فَلَکٍ یَسْبَحُونَ ـــــ واتە: هەر ئەو زاتەیە شەو و ڕۆژی بەدیهێناوە، خۆر و مانگیشی دروستکردووە، هەر یەکەیان لە خولەگەیکدا دەسووڕێنەوە و مەلە دەکەن. سووڕەی ئەنبیا ئایەی ۳۳}.
چەرخەی مانگ لە خۆر خێراترە بە ئاماژەی ئایەتی (۴۰) سووڕەی یاسین کە دەفەرموێ: لَا الشَّمْسُ یَنْبَغِی لَهَا أَنْ تُدْرِکَ الْقَمَرَ وَلَا اللَّیْلُ سَابِقُ النَّهَارِ ۚ وَکُلٌّ فِی فَلَکٍ یَسْبَحُونَ واتە: نە خۆر بە مانگ دەگات و نە شەویش پێش ڕۆژ دەکەوێ، بەڵکوو هەر یەکەیان لە ڕێڕەوی تایبەتی خۆیاندا مەلەدەکەن و دەسووڕێنەوە.
زانایان و پسپۆرانی بچاری گەردونناسی دەڵێن: خێرایی جوڵەی خۆر لە هەر چرکەیەکدا {۱۲ کیڵومەترە} و زەوی لە هەر چرکەیەکدا {۱۵ کیلۆمەترە} و مانگ لە هەر چرکەیەکدا {۱٨ کیڵومەترە}. ئەگەر سەرنجی خێرایی هەریەک لەوان بدەین، بە تەواوی لە ئیعجازی زانستی کەلامی خوا کە دەفەرموێ: لَا الشَّمْسُ یَنْبَغِی لَهَا أَنْ تُدْرِکَ الْقَمَرَ ـــ تێدەگەین.
دیارترین و سرنجڕاکێشترین دیاردەی مانگ، لەتبوونی مانگە!لەتبوونی مانگ بە یەکێک لە نایابترین موعجیزەکانی پێغەمبەر ٍﷺ هەژمار دەکرێ، بێباوەران هەوڵیان دا بەدرۆی بخەنەوە، بەڵام بەهۆی گەورەیی ڕووداوەکەوە بوێری ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی ئەو موعجیزەیان نەبوو، وتیان سەرەتا با چاوەڕوانی کاروانییەکان بکەین، موحەممەدﷺ سیحری لە چاومان کردووە، بەڵام هەواڵەکانی ئەوان ڕاستییەکە دەردەخات، دواجار هەواڵی کاروانچیان ڕاستێتی موعجیزەکەی سەلماند.
بەپێی ڕای زانایانی جوگرافیا، باشترین ناوچە بۆ بینینی لەتبوونی مانگ {بە دانانی ئەوە کە ڕوویداوە !!} لە دوای نیوەدورگەی عەڕەبی هیندستان بووە… لەدوای چواردە سەدە تێپەڕبوون بەسەر موعجیزەی لەتبوونی مانگ، لە {۴ی مایسی ساڵی ۱۹۶۷ ز} دا و لە بنکەی گەردوونی کوپە کەنەدیCope} Kennedy} یەکێک لە کەشتییە فەزاییەکان وێنەی ڕووی تاریکی مانگی گرت {کە لەلای ئێمەوە نابینرێ} لە دووری {۳۰۰۰ کیلۆمەتر}، لەبەر ئەوەی لە دوورییەکی کەمەوە وێنەکان گیراون، بەو وێنانە زۆر بەڕوونی ڕووی مانگیان پێشانداوە… لەو وێنانەدا قڵیشانێک لەسەر ڕووی مانگ هەیە وەک پشتێنەیەک بە درێژەی {۲۴۰ کیلۆمەتر} و فراوانی {٨ کیلۆمەتر}. هەرچەندی لە سەردەمی پێغەمبەر ٍﷺ دوورتر بکەوینەوە بەرەو سەردەمی ئێستامان، دەبینین هێڵەکە بە پلەبەندی کاڵ دەبیتەوە و دیارنامێنێت، چونکە ڕووی مانگ کاریگەر دەبێ و هۆکارگەلێک هەن کە وادەکەن ئەو هێڵەی ڕوون و ئاشکرا دیار بووە ئێستا و لە داهاتوودا نەمێنی.
لەڕستێدا مانگ و خۆر گرنگترین کاریگەریان بۆ ژیانی سەر زەوی هەیە خوای گەورە دەفەرمۆی: و سخر لکم الشمس والقمر. ڕاڤەکارانی قوڕئان دەڵێن: یەکێک لەو ڕێز و پایانەی کە خوای گەورە لە ئادەمیزادی ناوە، ژیربارکردنی دروست کراوەکانییەتی بۆی، یەکێ لەوانە مانگە. ئەگەر مانگ کەمێک گەورەتربوو یان نزیکتربووە بەهۆی هەڵکشانی دەریاوە نووقمی ئاو دەبین، یا ئەگەر کەمێک بچوک بێتەوە یا خود لە زەوی دوورتر بکەوێتەوە، دەریاکان نامێنن…تۆژینەوەی زانستی نوێ دەڵێن: خۆر و مانگ بە یەکەوە کاریگەریان لە سەر زەوی زۆرە بۆ نموونە کاتێک هێزی کێشکردنی مانگ و خۆر لەسەر یەک ڕاستەهیڵ کۆدەبنەوە، کاریگەری زۆرترە لە سەر فشار و هەڵکشان و داکشانی شلەمەنییەکان بە گشتی و ئاوی دەریاکان بە تایبەتی ئەوەش لە {۲۴} کاتژمێردا چوار جار ڕوودەدا واتە: هێزی ڕاکێشانی مانگ دەبێتە هۆی هەڵچوون و داچوونی ئاوی دەریاکان بە بەرزایی {۶۰ ـ ۷۰} مەتر.
دیاردەی خۆرگیران و مانگگیران
قوڕئانی پیرۆز لە دیاردەی خۆرگیران و مانگ گیران دواوە و دەفەرموێ: أَلَمْ تَرَ إِلَىٰ رَبِّکَ کَیْفَ مَدَّ الظِّلَّ وَلَوْ شَاءَ لَجَعَلَهُ سَاکِنًا ثُمَّ جَعَلْنَا الشَّمْسَ عَلَیْهِ دَلِیلًا / ثُمَّ قَبَضْنَاهُ إِلَیْنَا قَبْضًا یَسِیرً ــــ واتە: ئایا نابینیت چۆن پەروەردگار سێبەر درێژە دەکاتەوە، ئەگەر بیویستایە جێگری دەکرد، پاشان خۆریشمان کردووە بە بەڵگە و نیشانە لەسەر سێبەر، لەوەدوا بە شێنەیی ئەو سیبەرە بۆلای خۆمان دەگێڕینەوە و دەیگرینەوە ـــ سووڕەی الفرقان ئایەی ۵،۶}.رلەو ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەیەکی زانستی هەیە کە پەیوەندییەکی پتەوی کردووە لە نێوان دیاردەی سێبەر و خۆردا، بە جۆرێک کە خۆر بووەتە بەڵگە لە سەر سێبەر و سێبەریش بەڵگە لەسەر خۆر.
زانایانی گەردوونناسی دەڵێن: کاتێک مانگ دەکەوێتە نێوان خۆر و زەوییەوە و هەرسێکیان لەسەر یەک هێڵی ڕاست دەبن، سێبەر لەپشت مانگەوە بۆ سەر زەوی بە شێوەی قوچەکێک درێژ دەبێتەوە تا کۆتایی بە ناوچەیەکی تاری "ڕەش" دێت لەسەر زەوی پانتایی نزیکی (۱۰۰ میل) دەبێ… ئەو دەمەی خۆرگیرانی تەواوەتی دەبێت ئەو ناوچە ڕەشە دەجۆڵێت و دوورییەک دەبڕێت لە دوور کەوتنیەوە بۆ دیارنەمانی لە چوار کاتژمێردا، زۆر بە دەگمەن خۆرگیران تەواو لە {۷,۵} خولەک زیاتر دەخایەنێت، ئەویش کاتێک کە مانگ لە زەوی زۆر دوور بێت… خۆرگیرانی تەواو تەنیا لە (۳۰۰) ساڵ جارێک ڕوو دەدا، بە جیاواز لەگەڵ کەلی ناتەواو کە زۆر جار ڕوودەدا.
ئەوەی کە جێ ئاماژەیە ئەوەیە کە خۆرگیران و مانگگیران هیچ پێوەندییەکی بە گوناهـ و تاوانی خەڵک نییە و لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ڕەنگە کۆمەڵێک شتی لەسەر وترابێ کە لەم نووسراوەی ئێمەدا جێی نابێتەوە، بەڵکوو زۆرتر مەبەست لێرە دیاردەیەکی سروشتییە تاکوو بابەتی تر، لەناو فیقهی ئیسلامیدا ئاماژە بەم خاڵە جەوهەرییە کراوە و دەفەرموێ: لە کاتی خۆرگیران و مانگگیران نوێژ ئەنجام دەرێت…
لەڕاستیدا دیاردەی مانگگیرانی تەواو بە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆری مانگ لە زەوی ڕوو ئەدا.
قۆناغەکانی دەرکەوتنی مانگ
خوای گەورە لە سووڕەتی یاسین ئایەی (۳۹) دەفەرموێ: الْقَمَرَ قَدَّرْنَاهُ مَنَازِلَ حَتَّىٰ عَادَ کَالْعُرْجُونِ الْقَدِیمِ ــ واتە: کات و شوێنی هەڵهاتنی مانگمان دیاریکردووە، هەتا سەرەنجام وەک چیلکەیەکی وشکی باریک دەنوێنێت.
ڕاڤەکارانی قوڕئانی پیرۆز دەڵێن: خوای گەورە کات و شوێنی هەڵهاتنی مانگی دیاری کردووە، لە شەوی یەکەمی مانگدا بە کزی و ڕووناکییەکی کەمەوە هەڵدێت، پاشان لە شەوی دووەمدا ڕووناکییەکەی زیاد دەکا و شوێنەکەشی بەرزتر دەبێتەوە، چەند بەرز بێتەوە هێندەش ڕووناکییەکەی زیاد دەکات تاکو لە شەوی چواردەدا دەگاتە ئەوپەڕی ڕووناکی خۆی. لە دوای ئەو حالەتەشەوە دەست دەکا بە کەمکردن تا کۆتاهەمین شەوی مانگ کە تیایدا وەک چیلکەیەکی وشکی باریکی لێدێت.
زانایان و پسپۆرانی گەردوونناسی دەڵێن: مانگ لە سەرەتای بەدیهێنانی گەردووندا وەک خۆر ڕووناکیدەر بووە و لەبەر ئەوەی کە بەرگەی هەوای زەوی بەمشێوەیەی ئێستای نەبووە، بۆیە زۆر بە ئاسانی ڕێیداوە بە گەیشتنی ڕووناکی خۆر و ڕووناکی مانگ و ئەستێرەکان بۆ سەر زەوی بە شەو بە ڕۆژ…لە "ئیبن و عەباس"د.خ ـ وەرگیراوە کە فەرموویەتی: مانگ کڵپەسەندوو بووە و خوا ڕووناکییەکەی کوژاندووتەوە. ئەم وتەیەی ئیبن و عەباس(د.خ) لە ڕاڤەی ئایەتی (۱۲) سووڕەتی ئیسرادا وتووە، کە دەقەکەی بەمشێوەیە: {وَجَعَلْنَا اللَّیْلَ وَالنَّهَارَ آیَتَیْنِ ۖ فَمَحَوْنَا آیَهَ اللَّیْلِ وَجَعَلْنَا آیَهَ النَّهَارِ مُبْصِرَهً لِتَبْتَغُوا فَضْلًا مِنْ رَبِّکُمْ وَلِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِینَ وَالْحِسَابَ ۚ وَکُلَّ شَیْءٍ فَصَّلْنَاهُ تَفْصِیلًا ـــ واتە: ئێمە دیاردەی شەو و ڕۆژمان کردووە بە دوو بەڵگە و نیشانە، ئێمە تاریکیمان بە سەر دیاردەی شەودا هێناوە و دیاردەی ڕۆژیشمان بە ئاشکرا و دیار و بینراو سازاندووە، تا لە ناز و نێعمەتی پەروەردگارتان بەهرەمەند بن، تا ژمارەی ساڵەکان بزانن و حساب ڕابگرن، بەڕاستی ئێمە هەموو شتێکمان بە فراوانی و بەر بڵاوی ڕوونکرووەتەوە…}لەڕاستێدا مانگ نووربەخشە هەر وەک لە ئایەتی {۱۶} سووڕی نووح و ئایەتی {۶۱} سووڕەی فورقان و لە ئایەتی {۵} سووڕەی یونس ئاماژە بەو دەقانە دەکات کە: خوای گەورە مانگی کردۆتە هۆی ڕووناکی و نووربەخشە و خۆریشی داگیرساندووە، بە ڵام خۆر ڕووناکیدەرە...
کۆتایی مانگ لە ڕۆژی دواییدا
زانایانی فەلەک دەڵێن: مانگ کە {۳٨۵} هەزار کیلۆمەتر لە زەوی دوورە، هەموو ساڵێک {۳} سانتیمەتر بە بەردەوامی لە زەوی دوورتر دەکەوێتەوە تا لە ئەنجامدا لە داهاتوویەکی دووردا دەبێتە هۆی تەقینەوەی مانگ لەسەر ڕووی خۆر. سووڕەی (القیامە).
چەند زانیارییەک لەسەر مانگ
زانایانی فەلەک دەڵێن: مانگ {۳٨۵ هەزار کیلۆمەتر} لە زەوییەوە دوورە. تیرەی مانگ {۳۴۷۷/۵ هەزار کیلۆمەترونیوە}تیرەکەی مانگ {۴۳۶ جار} لە تیرەی خۆر بچووکترە و {۳۳۳ هەزار جار} لە هەسارەی زەوی بچووکترە. تەمەنی مانگ {۳/۵} میلیۆن ساڵە لەسەر ڕووی مانگ دوو حەفتە ڕۆژە و دوو حەفتە شەوە. مانگ هەمیشە یەک ڕووی لە زەوییە و ناتوانرێ دیوەکەی تری ببینرێ!
ئەوەندەی ڕووی مانگمان لێوەدیارە کە خۆر لە بەرامبەرییەوە لێی دیارە و ئەوەی دی لە ئێمەوە دیارە نییە. ڕووە تاریکەکەی مانگ پلەی گەرمای دەگاتە {۵۵} پلەی ژێر سفر! ڕووی مانگ تەخت نییە بەڵکوو چاڵ و چۆڵی و دۆڵ و شاخە.
تریڤەی مانگ بریتییە: لە پێچەوانەی تێشکی خۆر لە سەری. بۆ یەکەم جار {ئارمیسترۆنگ} بە سواری {ئەپۆلۆ ۱۱} لە ساڵی ۱۹۶۹ بۆ یەکەم جار بوو بە میوانی مانگ. کێشی مانگ یەک لە سەر چواری کێشی زەویە. مانگ بۆ ژیان دەست نادات، چونکە نە ئاو و نە هەوای تیدا نییە. تیشکە وێڵ و سەرما و گەرمای زۆرە.
سەرچاوەکان :قصص الایمان ـ مع اللە فی السما ٔ ـ اسرارالنجوم ـ کۆزارا ـ گەردوونناسی.
تۆژینەوە و پێداچوونەوە بە دەستکارییەوە: عەبدوڵڵاعەلیپوور
تێبینی: بۆ توێژنەوە و نووسینی ئەو نامێڵکەیە سوودم لە نووسراوەکانی زەنجیرەی ئیسلام و زانست ـ قوڕئان و گەردوونناسی ـ سەروەر حەسەن ـ وەرگرتووە

بۆچوونهکان