ئیسلام ئایینێکه ئاسمانی‌و له چارده سه‌ده‌ی رابردوو دا، توانیویه‌تی چاکی‌و پاکی خۆی به هه‌موو گه‌لانی جیهان بسه‌لمێنێ. ئه‌گه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی موسوڵمان شانازی به‌وه ده‌کا که چیی کردووه بۆ ئیسلام، ئه‌وا گه‌لی کوردیش ئه‌گه‌ر له هه‌موو نهتهوهکانیتر زیاتر خزمه‌تی به ئیسلام نه‌کردبێ که‌متری نه‌کردوه. چاو له هه‌ر کتێبخانه‌یه‌ک بکه‌ی ناوی زانا‌و بلیمه‌تی کورد به زه‌قیی دیاره؛ ته‌نانه‌ت زۆر جار نهتهوهکانیتر زانا و ده‌سه‌ڵاتدارانی دادگه‌ری کوردیان به هیخۆیان زانیوه. وه‌ک راسته‌قینه‌یه‌کی مێژوویی گه‌لی کورد له هه‌موو نهتهوهکانیتری جیهان باشتر باوه‌شی بۆ وه‌رگرتنی ئیسلام ئاوه‌ڵا کردووه‌و به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵکه‌وتووه که سوپای ئیسلام له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد تێکههڵبچن. ئه‌وه‌ش که ده‌ڵێن خالیدی کوری وه‌لید دوعای به‌شه‌ڕی له گه‌لی کورد کردووه یان خه‌ڵکی بانه‌و بێژوێ ئهسحابهکوژ بوونه، هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی‌و مێژویی له‌پشته‌وه نیه.
سوپای ئیسلام له ساڵی 18ی کۆچی به فه‌رمانده‌رێتی قه‌عقاع کوڕی عومەر وعهیاز کوڕی غه‌نه‌م هاته کوردستان. زۆربه‌ی نهتهوهکانیتر دژایهتیو به‌ربه‌ره‌کانیان له‌گه‌ڵ سوپای ئیسلام کرد ته‌نانه‌ت عه‌ره‌به‌کانیش، وێنه‌که‌شی شه‌ڕی خهندهقو ئۆحۆده، دیاره ئه‌م شه‌ڕانه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان ئاماژه به‌م خاڵه ده‌دا که ئیسلام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌هاتووه به‌ڵکو چرایه‌کی پڕشه‌نگداره بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی جیهان وه‌ک خوا خۆی ده‌فه‌رموێ:« وما أرسلناک إلا رحمة للعالمین»[واته تۆ مایه‌ی ره‌حمه‌ت‌و به‌زه‌یی بۆ ههموومرۆڤهکانی]. به‌ڵام گه‌لی کورد له ئه‌وپه‌ڕی چالاکی‌و زیره‌کی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه‌و هه‌ڵکه‌وتوو له که‌ژو کێوو بهندهنو ئاگادار بوون له شه‌ڕی پارتیزانی که ئه‌گه‌ر بییانویستبایه ده‌یانتوانی زۆر به ئاسانی ببنه ئاسته‌نگ له سه‌ر ڕێگه‌ی ئیسلام، به‌ڵام به چه‌ند هۆ ئه‌م کاره‌یان نه‌کرد: یه‌که‌م؛ کورد له‌مێژبوو ئاواتی هاتنی پێغه‌مبه‌ری ئاخیر زه‌مانیان ده‌کرد، چوونکه به‌ر له ئیسلام گه‌لی ئێران زه‌رده‌شتی بوون‌و مێژوونووسانێکی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ری کورد‌و هه‌ڵکه‌وتوو له باشوری ورمێ بووه‌و کتێبی زه‌رده‌شتی پێغه‌مبه‌ر ناوی ئاوێستا بووه.
پێغهمبهرگهلێکی زۆر له نێو کورد هه‌ڵکه‌وتوون که ئاخرین پێغه‌مبه‌ریان ناوی زەڕدهشت بووه. له زۆر جێگه‌ی ئاوێستا ئاماژه و مزگێنی به هاتنی پێغه‌مبه‌رێک که ده‌بێته هۆی به‌دیهاتنی دادگه‌ری وله‌ناوچونی زوڵم و زۆری، دراوه. له کتێبی «کردستان چگونه آزاد شد» نووسراوه‌ی کاک سه‌لاحه‌ددین عه‌باسیدا نووسراوه که له ئاوێستا دا هاتووه، ده‌ڵێ: «پاشای ساسانیان له‌ناو ده‌چن، ڕێره‌وانی پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌بی له ناویان ده‌به‌ن. گوێ بده‌نه ئامۆژگاریه‌کانم چاوه‌ڕوانی په‌یدا بوونی خاوه‌ن وشترێکی سور بن له وڵاتی عه‌ره‌ب.» هه‌ر ئه‌م مزگێنیه که تهوراتو ئینجیل و... ئاماژه‌یان پێکردووه، جا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه کورده‌کان له‌مێژ بوو چاوه‌ڕوانی ئاوا پێغه‌مبه‌رێکیان ده‌کرد.[1] دووهه‌م؛ گه‌لی کورد دوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی ماد نێزیکه‌ی 1100 ساڵ هه‌ر له هه‌خامه‌نشیه‌کان تاکو ساسانیه‌کان ده‌چه‌وسێندرانه‌وه؛ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره‌کان هاوده‌نگ بوون که نابێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ناوی کورد هه‌بێ. هه‌ر بۆیه گه‌لی کورد چاوه‌ڕوانی هاتنه‌دی عهداڵهتو له‌ناوچونی سته‌می ده‌کرد؛ کاتێک بیستی که ئیسلام سه‌ری هه‌ڵداوه به‌گه‌رمی پێشوازی لێکرد. سێهه‌م؛ کورد هه‌ر له خۆوه موسڵمان نه‌بوون، به‌ڵکو چه‌ند جارێک نوێنه‌ریان ناردنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌رو موسوڵمانان(ته‌نیا کورد بووه ئاوا نوێنه‌ر بنێرێته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام-د.خ)تا له‌م ئایینه نۆیه تێبگهنو باوه‌ڕی پێ بێنن. ئه‌و کات مه‌ککه‌و مه‌دینه شوێنی هاتووچۆی بازرگانان بووه، هه‌ر بۆیه دوو تاقم له کورده‌کان له قاڵبی بازرگاناندا ده‌چنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌رو باوه‌ڕی پێدێنن؛ بۆ وێنه هه‌ر له‌و سه‌رچاوه‌ی که له‌پێشدا ئاماژه‌مان پێدا، نووسراوه: «دوو تاقم له ناوچه‌ی شاره‌زوری کوردستان که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران بووه‌و له ناوچه‌ی بوتانی کوردستان که له هۆزی باژه‌ن یا باجه‌ن ده‌بێ که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕۆمدا بووه ده‌چنه مه‌دینه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام‌و باوه‌ڕی پێدێننو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ئه‌م ئایینه له ناوچه‌ی کوردستان بڵاو ده‌که‌نه‌وه.» [2] دیاره کوردستان له پێشدا ئاماده بوون بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م ئایینه.
گه‌لی کورد به‌وه شانازیی ده‌کاو خۆی به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانێ بۆ خزمه‌ت کردن به ئیسلام؛ بۆیه هه‌ر له ئه‌سحابه، پیاوانێکی «جابان» و«ئه‌بوبه‌سیر» و ده‌سه‌ڵاتدارانێکی دادگه‌ری وه‌ک سوڵتان سه‌لاحه‌ددین ئه‌ییووبی، که به‌یتولمه‌قدیس که به‌درێژایی مێژووی ئیسلام دوو جار له ده‌ستی جووله‌که‌و فه‌لان، ره‌زگار بووه یه‌که‌م جار به ده‌ستی حه‌زره‌تی «عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب» و دووهه‌م که‌ڕه‌ت به ده‌ستی « سه‌لاحه‌ددین ئه‌ییووبی»وه. راڤه‌کاری ناوداری قورئان مامۆستا ئالووسی و حهدیسناس و زانستی حهدیسناسی «ئیبنوسهلاحی شاره‌زوری» و مێژوونووسی ناودارو خاوه‌نی تاریخی ئهلکامیل، ئیبنو خهلهکانو ئیبنولحاجب و... مامۆستاعهبدولکهریمی مودهرریسو عارف‌و خواناسی وه‌ک شێخی حیسامه‌دین شێخی سیراجهددینو دوو قورئانخوێنی ناودار «عه‌بدولباسیت محه‌ممه‌د عهبدوسسهمهدو مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دی ره‌بیعی. که ده‌نگی قورئان خوێندنیان، هه‌موو ڕۆژێ له رادیۆ‌و تهلهویزیۆنو که‌ناڵه ئاسمانیهکانو بڵیندگۆی مزگه‌وتی ئاوایی و شاره‌کانی هه‌موو وڵاتانی ئیسلامی بڵاو ده‌بێته‌وه. جارێک له وڵاتی رۆژئاوایی به ده‌نگی « عه‌بدولباسیت»100 که‌س موسوڵمان ده‌بن. مامۆستا هه‌ژار له پێشه‌کی کتێبی «دیوانی مه‌لای جه‌زیری»دا ده‌ڵێ: «ئیمام محه‌ممه‌دی غه‌زالی» فه‌رمویه‌تی: دینی ئیسلام له سه‌ر سێ کۆڵه‌که وێستاوه، ئه‌گه‌ر خودا ئه‌م سێ کۆڵه‌که‌ی نه‌دابا؛ له‌وانه بوو تێکبتهپێ، ئه‌م سێ نیرگه ئهستورانش «دینه‌وه‌ری» و «ئامێدی» و «شاره‌زوری»[3] که هه‌ر سێ کورد بون هه‌روه‌ها مامۆستا هه‌ژار دوای ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌مه ده‌ڵێ: "کام موسوڵمانی خوێنده‌وار هه‌یه هه‌ر کوێره سه‌وادێکی بێ، ناوی پیاوی به‌ناو بانگی وه‌کو ئیبنوخهلکان، ئه‌بولفیدا، ئیبنوحاجیب، ئیبنوسهلاح، هه‌رسێک ئیبنو ئه‌سیره‌کانی بلیمه‌ت‌و سه‌تان ئیبینوئهبوی دیکه‌ی نه‌بیستبێ؟
کام دهشتهکیو شوانه‌وێڵه‌ی نه‌خوێنده‌وار، له هه‌موو دنیای ئیسلامدا ده‌سده‌که‌وێ که ناوی ئیبنوسیرینی نه‌بیستبێ، ئه‌و کابرایه داهێنه‌ری خه‌ونامه‌یه و له خه‌ون لێکدانه‌وه‌دا هه‌تا ئێستا هاوتای نه‌بووه، کوڕه کوردێک بووه و خه‌ڵکی مه‌ڵبه‌ندی باڵه‌که له کوردستانی عێراق‌و بگره سه‌دان زانا‌و بلیمه‌ت‌و ناوداری دیکه‌ی کورد که خزمه‌تیان به ئیسلام کردووه وه‌ک عه‌بباس مهحمودعهققاد، شێخ شه‌هابه‌دین سۆهره‌وه‌ردی، مه‌لای بێتوشی، ئه‌بوبه‌کری موسه‌ننیف،مه‌لا جامی، مامۆستا موفتی زههاویو... ".[4] بۆ زۆرتر ئاگادار بوون به خزمه‌تی زانایانی کورد به ئیسلام، چاو له کتێبی «علماءنا فی خدمة ا‌لدین»[5] نووسراوه‌ی مه‌لا عەبدولکه‌ریم موده‌رریس و کتێبی «کرد و کردستان» نووسراوه‌ی ئایه‌توڵڵا مه‌ردۆخ بکه‌ن.
هیوادارم زیاتر زانایان هه‌وڵ بده‌ن بۆ خزمه‌ت به‌م دینه‌و موسوڵمانانی جیهان ئه‌م هه‌موو خزمه‌ته‌ی گه‌لی کورد به ئیسلام وه‌ک راسته‌قینه‌یه‌ک بسهلمێننو ئه‌م مافه ره‌وایانه‌ی که خوا‌و دین داویه به مرۆڤ دانی پێدابنێنو هه‌ژار گوته‌نی" تا خوا پێداوبین و ناوێکمان له دونیا هه‌بێ. " و پێویسته هه‌مووئه‌و کهسو لایه‌نانه‌ی ده‌خوازن کورد‌و ئیسلامیش تووشی لێک‌دابڕان بکهنو گه‌لی کورد به نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێباوه‌ڕو بنه‌ما به جیهان پیشان بده‌ن، ئه‌و راستییه بزانن که له‌م تهراتێنهدا، ره‌نج به‌خه‌سارو نامرادن.
په‌راوێزه‌کان:
[1]- کتێبی «کردستان چگونه آزاد شد» نووسراوه‌ی کاک سه‌لاحه‌دین عه‌باسی. نه‌شری ئیحسان، تاران.
[2]- هه‌مان سه‌رچاوه.
[3]- دیوانی مه‌لای جه‌زیری هه‌ژار شه‌رحی له سه‌ر کردووه ل5
[4]- هه‌مان سه‌رچاوه.
[5]- ئه‌م کتێبه له ژێر سه‌ردێڕی«علمای کرد در خدمت علم و دین» وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی فارسیش.
بۆچوونه‌کان