مامۆستا ئەحمەدی قازی لەو کەسایەتییە فرەڕەهەند و و فرەدەنگ و فرەتوێژانەی گۆڕەپانی ئەدەب و کەلتووری کوردەوارییە کە لە لایەک وێژەر و وێژاوەر و وتاردەرەێکی کەمهاوتایە و لە لایەکی ترەوە چالاکوانێکی هەڵسووڕاو و پێشەنگی گۆڕەپانی ڕۆژنامەوانیی کوردییە و لە لایەکی ترەوە چالاکوانێکی چاکخوازی کۆمەڵایەتی و ڕامیارییە و هەروەها لە لایەکی تریشەوە بەرگریکار و داکۆکیکەرێکی بێهاوتای مافی ڕەوای فێرکاری بە زمانی زگماکییە و جیا لە هەمووی ئەوانە زمانزان و زمانناسێکی پەیجۆر و مشوورخۆری نۆژەنکردنەوە و داڕشتنەوە و بیناکردنەوەی سەردەمیانەی"خانوولەی زمان "وەک هیم و دارەڕا و هێما و هەوێنی شوناسی کەلتووری و نەتەوەییە و سەرەڕای تەواوی ئەوانەش چیرۆکنووس و تەنزنووس و شاعیر و مێژوونووسە و لە هەمووانیش بەرچاوتر و دیارتر و بەرهەستتر، وەرگێڕێکی خاوەنشێواز و پەنجەڕەنگین و بلیمەت و پێشڕەو و پێشەنگ و داهێنەرە.
هەر بە پێی ئەو فرەرەهەندبوونەیەوە، سروشتییه که مامۆستا ئەحمەدی قازی سەرەڕای سەرجەم ئەو ناسناوانە بەڕاستی هەڵگر و شیاوی ناسناوی "ڕووناکبیر"ـیش بێ چون بە پێی پێناسەی "بابەک ئەحمەدی" لە پەڕتووکی"کار روشنفکری"دا سەرەکیترین ئیشی ڕووناکبیر بریتییە لە "بەرفروانکردنەوەی پانتایی و جەغزی ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی و هەروەها شتەکدان و پێکەوەلکاندنی ئاسۆی گوتارەکان و دیسکۆڕسەکانی تر بە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی"؛ دەی گەر لەو کڵاوڕۆژنەوە سەیری ئیش و چالاکی و بەرهەم و ئاسەواری بەپێزی مامۆستا ئەحمەدی قازی بکەین دەبینین کە ئەو کەسایەتییە پایەبەرزە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی سەرەکیی خۆی کە گوتار و دیسکۆرسی " زمانەوانی_ڕیتۆریک" ـە، زۆر وەستایانە و مامۆستایانە، بەرفراوان و بەربڵاوی کردووەتەوە و شەتەکی داوە و لکاندوویەتی بە ئاسۆی گوتار و دیسکۆڕسی "مێژوویی" و گوتار و دیسکۆڕسی "مافخوازی" و گوتار و دیسکۆڕسی "چاکخوازیی ڕامیاری_کۆمەڵایەتی" و تەنانەت گوتار و دیسکۆڕسی"ڕۆژنامەوانی پێشڕەو و پێشەنگ" . هێما و ڕەمزی هەرمانی و نەمری ئەو کەسایەتییە فرەدەنگ و فرەڕەهەندانەش هەر لەو ڕاستەقینە دایە و بەس؛ ڕووناکبیرانی فرەڕەهەندی گەلویست و شوناسخواز و پێشڕەو و پێشەنگ نامرن و زیندوون و ناو و یاد و بیرەوەرییان لە زەین و بیر و بیرگە و بیرۆکەی بەرەکانی داهاتوو و جەمبوورەی جەماەردا بە درێژایی مێژوو زیندوو ڕادەگیرێ.
جێی خۆیەتی ئالێرەدا باس لە بیرەوەرییەکی سەرەنجڕاکێش بکەم: لە قۆناغی دوکتۆڕای زمانەوانی دا مامۆستایەکی زانا و وردبینم هەبوو بە ناوی" پڕۆفسۆر محەممەد فەڕروخپێی" کە قوتابی چامسکی بوو و لە پەنجاکاندا لە ئامریکا دوکتۆرای زمانەوانی وەرگرتبوو و لە بواری "ئیتیمۆلۆژی" دا مامۆستایەکی کەموێنە بوو ؛ من کە قوتابی ئەو بووم و دیارە بە پرسۆکییەوە ساڵی لەدایکبوون و ساڵی وەرگرتنی لیسانسی زمانی ئینگلیسییەکەیم پرسی و لە وڵامدا گوتی لە دایکبووی 1315 ـی هەتاویم و ساڵی 1338 لیسانسی زمانی ئینگلیسیم لە "دانشسرای عالی " لە تاران وەرگرتووە. ئەوجار وەبیرم هاتەوە کە ڕێک ڕێک ساڵی لەدایکبوون و ساڵی وەرگرتنی لیسانسی مامۆستا ئەحمەدی قازی ـش هەر ئاوا بووە بۆیە لێم پرسی کە بڵێی جەنابت هاوپۆل و هاوڕێی خوێندکاریی مامۆستایەکی هاوشاری من نەبووبی بە ناوی مامۆستا ئەحمەد قازی. دیتم بە سەرسوڕمان و گەشە و نەشەیەکی چاوەڕواننەکراوەوە گوتی: بەرێوەڵڵا ئەحمەدی قازی هاوپۆل و هاوکلاسیم بووە و لە هەمووی هاوڕشتەیی و هاوپۆلییەکانی ئەوکاتی ئێمە وریاتر و وشیارتر و زیرەکتر بوو و خوێندکاری پلە هەوەڵ و "شاگرد اول"ـی پۆلەکەمان بوو، بەڵام ئێمە ترسەنۆک بووین و ئەو چاونەترس بوو و چالاکی خوێندکاری و ڕامیاری بوو و گیرا و کەوتە بەندیخانە و دوای وەدەرنانی لە ئیشی فەرمانبەری لە "کانون ملی زبان ایران" لە تاران سەرقاڵی وانەوتنەوە بوو و چەندین بەرهەمی بەپێز و بەهێزیشی لە ئەدەبیاتی ئینگلیسییەوە لە کۆتایی سییەکان و چلەکان و پەنجاکان وەرگێرا و لە لایەن پەخشانگە ناودارەکانی ئێران بڵاوبووە و دوایەش ئیدی ئاگاداری هەواڵی نەبووم تا ئێستا کە تۆ باسی ئەوت هێنایە گۆڕێ. ڕاستی چۆنە؟ چ دەکا؟ منیش کە بە تەواوی هەستەوە گوێبیستی ئەو باس و بیرەوەرییانە بووم و لە ناکاو ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەی مامۆستاکەی ئێستای خۆم و هاوڕێ و هاوکلاسی دێرینی مامۆستا ئەحمەدی قازی بووم گوتم : بەداخەوە جۆزەدانی ئەوساڵ[1394] دڵە گەورەکەی مامۆستا ئەحمەدی قازی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان و نیشتمان کرد؛ خوێندکارە هاوپۆلەکانم کە بە منەوە 8 کەس بووین، دوابەدوای هاتنەخواری ئەسرینی بەکوڵ لە گۆنای مامۆستاکەمان بە هۆی ئەو هەواڵەوە، ئێمەش بەکۆمەڵ وەگریان کەوتین!
بۆچوونهکان