ئایەتوڵڵا ئەکبەر ھاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی لێژنەی لێکدانەوەی بەرژەوەندییەکانی حکوومەت، لە نەخۆشخانەی «تەجریش»ی تاران بە ھۆی وەستانی دڵ، ڕۆژی یەکشەممە 19ی بەفرانبار 1395ی ھەتاوی، لە تەمەنی 82 ساڵی، کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو دەیان ساڵ بەرەنگاری لەگەڵ ڕژێمی شا ، چالاکیی کاریگەر لە کاتی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ئەندامی شۆڕای شۆڕش، دامەزرێنەری کۆمەڵگای مامۆستایانی بەرەنگار، سەرۆکی شۆڕای باڵای بەرەنگاری شەڕ و فەرماندەی دیاریکراو لەلایەنی ئیمام خومەینی بۆ گشت ھێزەکانی کاتی شەڕ، سەرۆکی سێ خولی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و چوارەمین سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ماوەی ھەشت ساڵ، سەرۆکی لێژنەی زانایانی ڕێبەرایەتی، لە ساڵانی 86 تا 90 و سەرۆکی لێژنەی لێکدانەوەی بەرژەوەندییەکانی حکومەت، بەشێک لە چالاکییەکانی ئەم کەسایەتییەیە. ئایەتوڵڵا ڕەفسەنجانی یەکێک لە بەھێزترین کەسایەتییەکان لە بواری ڕامیاریی لە نیزامی سیاسی ئێران دا بوو.

لێژنەی دەوڵەت، بە دەرکردنی برووسکەیەک، سێ ڕۆژ ماتەمیینی گشتی ڕاگەیاند. لەم برووسکەدا ھاتووە: «بۆ ڕێزگرتن لە یاری دێرینەی ئیمام و ڕێبەرایەتی، سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی و ڕۆژی سێ شەممە 21ی بەفرانبار وەک پشوو ڕادەگەیێنین».

پێگەی ھەواڵنێری ئیسلاح لە خوای گەورە داوا دەکات تا ئیشەباشەکانی لێ وەر بگرێ و لێخۆشبوونی پەروەردگار بەشی بێت.

انا للە و إنّا إليه راجعون