د. جه‌عفه‌ر گوانی ئێستا كه په‌تایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك كۆڕۆنا به‌رۆكی به‌دونیا گرتووه‌ و چۆكی پێداوه‌، قسه‌ و باسی زۆر ده‌رباره‌ی قۆناغی دوای كۆڕۆنا ده‌كرێ. ئه‌مه‌ش له‌ هه‌مو بوارێكه‌وه‌، له‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر قسه‌ له‌ بواری ئایین له‌ دوای كۆڕۆنا ده‌كه‌ن. گومان له‌وه‌دا نییه هه‌موو شتێك گۆڕانێكی به‌سه‌ر دێت، به‌ڵام قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ چه‌نده‌ له‌ جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه ده‌گێڕنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ ئایین، ئیسلام بێ، پێم وایه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌شی دووهه‌م، چونكه له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌و په‌تایه‌ -جگه له‌ كه‌مه‌ بانگخوازێك كه كه‌وتبوونه ژێر كاریگه‌ری گوتاری ئایینی به‌شێكی عه‌ڕه‌بی ئه‌و په‌تایه‌یان به‌ سه‌رباز و تۆڵه‌ی خودا دژی چین دانا- ئه‌وانه‌ی دیكه چ له‌سه‌ر ئاستی تاك و چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌زگا هه‌موویان له‌ یه‌كه‌م ساته‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌یان بۆ گۆڕه‌پانی زانستی پزیشكی هێشته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پابه‌ندبونی ته‌واو به‌ ڕێنمایی و ڕێكاره‌ پزیشكییه‌كان، بۆیه‌ ئه‌م په‌تایه‌ هیچ كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر ئیسلام وه‌كوو خۆی نابێت، له‌كاتێكدا به‌ وردی دۆخی چاره‌سه‌ری دایه‌ ده‌ست مه‌یدانی زانست، هه‌روه‌ها شوێنكه‌وتوانیشی له‌ ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ هاندا هاوكاری خه‌ڵك بن، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی به‌ ژماره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ به‌شداربوون له‌ هاوكاری هه‌ژاران و دروستكردنی نه‌خۆشانه‌وه‌ ته‌واوی پێداویستییه‌كان. به‌كورتی پێویستی ڕۆحی و ئه‌خلاقی مرۆڤایه‌تی بۆ ئایین وه‌كوو خۆی بگره‌ به‌هێزتر ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام دایده‌ماڵێت له‌و فیكره‌ و بۆچوونه‌ خۆڕافیانه‌ی نه‌خۆشی و ڕووداوه‌كانیان به‌ چاوێكی بچووك و ته‌سك ته‌فسیر ده‌كردنه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پرسیار له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌م و كۆمه‌ڵگایانه دروست ده‌بێ كه كه‌وتنه‌ داوی دزینی ماسكه‌كان و دابه‌شكردنی مرۆڤه‌كان به‌ گه‌نج و پیر، پیره‌كانیان فڕێ دان و ده‌رگایان به‌ڕووی گه‌نجان كرده‌وه‌، ڕوحی ئه‌نانییه‌ت و خۆبه‌گه‌وره‌زانین ێگای گیانی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی گرته‌وه‌، كه ئه‌مه‌ له دینه‌وه‌ به‌هێچ شێوه‌یه‌ك جێگای نابێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش مانای وایه‌ پرسیاری (ئه‌خلاق) له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مانه‌ دروست ده‌بێ نه‌ك له‌سه‌ر ئایین.