یەكێك لە هۆكارە گشتییەكانی بەدبەختبوونی كوردەكان، تۆڵەی دەوڵەتە خاچدروشمە دۆڕاوەكان لە شەڕی دژ بە سەلاحەددینی ئەیبوبی بوو كە دواتر و پاش هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و یەكێتی سۆڤییەت، ئامادە نەبوون بستێك خاك بە كورد بدەن بۆ ئەوەی وڵاتێكی سەربەخۆیان هەبێت. گەورەترین هەڵەی سەلاحەددین ئەوە بوو كە گرنگی بە كوردبوونی نەدا و ئایین بۆ ئەو گرنگی یەكەم و كۆتایی هەبوو، ئەگینا دەیتوانی لە كەمترین حاڵەتدا، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بە كوردستان ناوی بنێت وەك سوڵتانەكانی تر، بەڵام بەدبەختی ئێمە ئەوەیە كە هەموو كاتێك "لە دایە مێهربانتر" بووین.  هیچ كەسێك گومانی لەوەدا نییە كە سەلاحەددین هاوشێوەی فەرمانڕەواكانی تری مێژوو هەڵەی نەبووبێت؛ بەڵام وڵامی ئەم پرسیارە لەبەر دوو هۆكار نەخێرە؛ یەكەم، گەورەترین شكستی ڕۆژاوا لە موسوڵمانەكان، نەك لە شەڕی خاچ دروشمەكان، بەڵكوو لە شەڕی مەلازگرد ڕووی دا، كاتێك ئەمپڕاتۆری ڕۆمیی ڕۆژهەڵات (بێزەنتییەكان) لە لایەن ئاڵپ ئەرسەلان، فەرمانڕەوای توركانی سەلجوقی، بە بارمتە گیرا و دواتر لەناوچوونی ئەم ئەمپڕاتۆرییەتە و كەوتنی قەستەنتەنییە (ئیستەمبول) بە دەست سوڵتان محەممەدی فاتیح ڕووی دا. سوڵتان محەممەد كۆتایی بە چەندین سەدە دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵات هێنا و زەمینەی بۆ پێشڕەوی موسوڵمانەكان لەناو دڵی ئەورووپا كردەوە. لە پاش ئەوە توركەكان، نەك تەنیا ڕۆژاواییەكانیان لە جیهانی ئیسلام كردە دەرەوە، بەڵكوو خۆیان تا نەمسا و هەنگاریا چوونەپێشەوە و ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیان لە دڵی ئەورووپا هەڵدا و ئیسلامیان تا ئەو شوێنە بڵاو كردەوە. بێگومان، هیچ قەومێك بەدرێژایی مێژوو هێندەی توركانی موسوڵمان زیانیان بە عیززەت و دەسەڵاتی ئەورووپا نەگەیاندووە، سووكایەتی بە ڕۆژاواییەكان نەكردووە و ئەفسانەی ئەورووپای بەهێزیان نەخستووەتەوە ئاڵنگارییەوە. ئەوەی كە سەلاحەددین لە شەڕی خاچدروشمەكان ئەنجامی دا، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژاوا و ئەمپڕاتۆری بێزەنتییان بە بارمتەگرتنی ئەمپڕاتۆر و دەستبەسەراگرتنی گەورەترین شوێنگەی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵات بە شێوازی توركەكان نەبوو، بەڵكوو ڕووبەڕووبوونەوەی فەڕمانڕەوا بە وەكالەتەكانی بێزەنتی و لایەنگرە خاچدروشمەكانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. سەرباری ئەمە لە شەڕی خاچدروشمەكانیش بۆ یەكەمین جار توركان لەگەڵ خاچدروشمەكان جەنگان و لە بنەڕەتدا ئەم شەڕانە، كاردانەوەی ڕۆژاوا بوو بە شكستی بێزەنتی لە سەلجوقییەكان و تۆڵەسەندنەوەیان. سەلاحەددین لە گۆڕەپانی شەڕی توركان لەگەڵ خاچدروشمەكان بە فەرماندەیی عەمادەددین زەنگی گەشەی كرد و لە پڕۆسەیەكی ئاسایی بووە جێنشینی لە قەڵەمڕەوە سنوورییەكان لەگەڵ ڕۆمدا.  هۆكاری دووەم كە لەم بابەتەدا لەبەرچاو نەگیراوە، ئاوەژووكردنی مێژوو و خستنەملی هەموو كەموكوڕییەكانە لەسەر ڕۆژاوا. وەك ئەوەی بڵێی بەهیچ شێوەیەك ڕۆژهەڵاتێك و ڕووسیایەك لە ئارادا نەبووە. ئەم وتەیە بە مانای بێبەریكردنی ڕۆژاوا و بەتایبەت بریتانیا و فەڕەنسا نییە، بەڵام نابێ ڕۆڵی ڕووسەكان فەرامۆش بكرێ. لە ئێستادا بە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامە نوێیەكان دەركەوتوو كە گەورەترین دوژمن و بەربەستی سەربەخۆیی كوردستانی عوسمانی، ڕووسیا بووە نەك ڕۆژاوا. ڕۆژاوا بەپێچەوانەی ڕووسیا هیچ سنوورێكی هاوبەشی لەگەڵ كوردستان نەبووە. چەند بەشێكی ئیستای ڕووسیاش شوێنگەی كۆنترین دەوڵەتی كورد، واتا دەوڵەتی ڕەوادی و تەنانەت بنەماڵەی سەلاحەددین بووە. سەرباری ئەمەش بە سەدان ساڵ پێشینەی شەڕی نێوان كورد و ڕووس بەتایبەتی لە دوایین ساڵی هەزارەی یەكەمی كۆچی بەدواوە بوونی هەبووە. ڕووسیا بە واژۆكردنی پەیماننامەكان لەگەڵ ئەڵمانیا و ڕووسیا، ڕۆژاوای پەلكێشی كوردستان كرد. ئەوەی چ كەسانێك ڕووسیا بێبەری دەكا لە ڕۆڵی لە بێبەشكردنی كورد بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كورد لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و ڕۆڵی نەرێنی ڕۆژاوا بەرجەستە دەكەن و دواتر بە مەشروعییەتدان بە ڕۆژاوا، سەلاحەددین بە تۆمەتباری سەرەكی دادەنێن، بابەتێكی ترە كە پێویستە لەسەری بدوێین.  د. ئیسماعیل شەمس