شادمان مهلا حهسهن - نوسهر و توێژهر، چاودێرى سیاسیى و ماستهر له میدیا و سیاسهت ـ دەمێکە ووتراوە ژینگەی بێ ئاوی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. لەم ژینگە بێ ئاويیە زۆرترین سەرچاوەی ئاوی شیرین دەکەوێتە چیا و دۆڵەکانی کوردستان. واتە سەرچاوەی ئاوی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا ئاوی چیاکانی کوردستان بووە. ـ لە کۆنەوە ووتراوە لە نەینەواوە تاکو دەگاتە بەسرا کاتێ خەڵکەکەی نوێژ دەکەن و لە خودا دەپاڕێنەوە کەوا باران و بەفریان بۆ ببارێنێ بۆ ئەوە نیيە لەسەر خاکی خۆیان ببارێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە لە چیاکانی کوردستان ببارێ تاکو ئاستی ئاوی دیجلە و فورات زیاد بکات و ئەوانیش بەروبووم و داھاتی باشیان ھەبێت تاکو ژیانیان خۆش بێت. ـ "شەڕ و ململانێی گەورەی داھاتووی مرۆڤایەتی لەسەر ئاو و کێشەی ئاو دەبێت"، پوتڕس پوتڕس غالی (١٩٢٢_٢٠١٦) سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان. ـ "یەک بۆشکە نەوت بەرامبەر بە یەک مەتر سێجا ئاو"، ئەوە وتەی سلێمان دێمریلی (١٩٢٤_٢٠١٥) سەرۆکی تورکیا بوو لە کاتی کردنەوەی بەنداوی ئەتاتورک ساڵی ١٩٩٣. ـ زۆرجار دەوترێ سوریا پارتی کرێکارانی کوردستانی ھاندا بۆ ئەوەی خەباتی چەکداريی دەست پێبکات مەسەلەکە زیاتر لەسەر ململانێی ئاو بوو تاکو تورکیا وا بەئاسانی نەپڕژێتە سەر دروستکردنی بەنداوەکانی لەسەر ھەردوو رووباری فوڕات و دیجلە. ئاوی کوردستان وەک نەوتەکەی سەودا و مامەڵەی پێوە دەکرێ لە داھاتەکەی کورديی پێ لەناو دەبرێ. بەدڵنیایەوە لە داھاتوودا کێشەی گەورەی کورد بوونی ئاوەکەی دەبێت، چونکە ئاوی کوردستان لەناو جەرگەی حەشیمەتێکی بێ ئاوە. نووسینی ئەم بابەتە: ھۆکارەکانی گرتنەوەی ئاوی ھەردوو رووباری زێی بچوک و سیروان لە لایەن ئێران و گرتنەوەی ئاوی خابوور و وێستگەی ھەناردەکردنی ئاو بۆ شاری حەسەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە. بەیان و لێدوانە پڕ مەترسیەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و ھەمیشە خوێندنەوە و بایەخی خۆم بۆ مەسەلەی قەیران و بایەخی ئاو بۆ مرۆڤایەتی ھۆکاری نووسینی ئەم بابەتە شیکاریيەن. ھەرچەند مرۆڤ پێشبکەوێ ئەوەندە پێویستی بە ئاو زیاتر دەبێت. ھەر مرۆڤێکی ئێستا بیگریت و بەراووردی بکەی لەگەڵ مرۆڤێکی (٤٠) ساڵ لەمەوبەر بەدڵنیایەوە پێویستی لە ئاو سێ جار بەرامبەر زیادی کردووە. رووباری فورات رووباری فورات یەکە لە دوو رووبارە بەناوبانگەکەی وڵاتی میۆپۆتامیا لە ئاین و ئەفسانە کۆنەکان بەچەندین شێوە ناوی ھاتووە .سەرچاوەی رووباری فورات دەکەوێتە چیا بەرزەکانی تۆرۆس لە باکوری کوردستان (باکوری رۆژھەڵاتی تورکیا) نزیک بە سنوری وڵاتی ئەرمینیا لە دوو لق پێک دێت و پاشان یەک دەگرێت دەیان لق و پۆپی تری دەڕژێتە ناویەوە. لە (٨٨%) بەرھەمەکەی لەناو خاکی تورکیایە، لە (١٢%) لە خاکی سوریاوە دەڕژێتە ناویەوە. کۆی بەرھەمی بەردەوامی ساڵانەی تەواوی لەناو خاکی سوریا پێوانە کراوە خۆی لە سەرووی (٣٢) ملیار مەتر سێجا ئاو دەدات. درێژی رووباری فورات لە سەرچاوەکەیەوە تاکو دەگاتە یەکاوی عەرەب (شط العرب)لە عێراق (٢٩٤٠) کیلۆمەتر دەبێت. (١١٧٦) کیلۆمەتری لە ناو خاکی تورکیایە. (٦١٠) کیلۆمەتری لەناو خاکی سوریایە. (١١٦٠) کیلۆمەتری لە ناو خاکی عێراقە. لە نزیک شاری جەڕابلسی پارێزگای حەلەب دەڕژێتە خاکی سوریا، لە نزیک شاری قائیمیش لە پارێزگای ئەنبار دەڕژێتە خاکی عێراق. لە ناو خاکی سوریا چەند لقێک دەڕژێتە ناو ئاوی فورات لەوانە ھەردوو رووباری خابور و بەلیخ. دەوڵەتی سوریا پێنج بەنداوی گەورە و بچوکی لەسەر رووباری فورات دروستکردوە بۆ گلدانەوەی ئاو بەرھەم ھێنانی کارەبا و ئاودێری کردنی زەوی کشتوکال بەنداوە گەورەکان (بەعس و تشرین و تەبەقە) لە ھەردوو پارێزگای حەلەب و رەقە توانای گلدانەوەی دەیان ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە.لەعێراق ھیچ لقێک نارژێتە ناو ئاوی رووباری فورات جگە لە ئاوی بارانی زستان نەبێت. دەوڵەتی عێراق حەوت بەنداوی لەسەر رووباری فورات دروستکردووە بۆ گلدانەوەی ئاو و بەرھەم ھێنانی کارەبا و ئاودێری کردن. لە بەنداوە دیارەکان (حەدیسە و ھەندیە و رومادی و فەلەوجە و حەبانیە). رووباری فورات بۆ عێراق واتە شادەماری نیوەی جەستەی مرۆڤێک، چونکە رووباری فورات لە عێراق ئاوی خواردنەوە و کشتوکال بۆ ھەشت پارێزگای ئەم وڵاتە دابین دەکات، کەوا سەرووی (١٢) ملیۆن کەس لەم ھەشت پارێزگایە دەژین. ھەردوو شاری نەجەف و کەربەلا کە شوێن نزرگەی پیرۆزی مەزھەبی شیعەن دەکەونە سەر رێڕەوی ئەم رووبارە. ساڵانە بەملیۆنان کەس روو لەم دوو شارە دەکات. بۆیە نەمانی رووباری فورات واتە مردنی نیوەی جەستەی عێراق. لە کۆنیشەوە فورات بنەما گرنگەکەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا بووە. لە ئێستادا رووباری فورات رۆژ بەرۆژ رێژەی ئاوەکەی لە کەمی دەدات. ساڵی ١٩٨٧ حکومەتی تورکیا و سوریا لەسەر ئەوە رێک کەوتن تورکیا لە یەک چرکەدا (٥٠٠) مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە بۆ سوریا، بەڵام حکومەتی سوریی ھەمیشە رەتی دەکردەوە کەوا دەوڵەتی تورکیا لەسەر بەڵێنەکەی خۆی بەردەوام نیيە کەمتر لەو رێژەیە بەردەداتەوە. ساڵی ١٩٨٩ عێراق و سوریا رێککەوتن کەوا ئەو رێژەی دەگاتە ناو خاکی سوریا لە (٥٨%) بۆ عێراق بێت. دوای تەواو بوونی بەنداوەکانی پڕۆژەی گاپ
بۆچوونهکان