بەختیار عارفی، مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی شاری سەردەشت کە پێشتر بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح 18 مانگی زیندانی بۆ بڕابۆوە، ڕۆژی سێ شەممە بەرەو گرتووخانەی مەهاباد ڕەوانە کرا.
بە پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، بەختیار عارفی مامۆستای قوتابخانەیە و خەڵکی شاری سەردەشت و باوکی 2 منداڵی 6 و 12 ساڵانەیە. عارفی پێشتر لە حوکمێکدا کە ڕێکەوتی7/12/1395، لە لقی دەیەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەرچووبوو، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ماوەی 3 ساڵی زیندانی بەسەردا سەپابوو. ئەو حوکمە لە لایەن تۆمەتبارەوە ڕووبەڕووی بەرهەڵست بۆوە، هەر بۆیە بە نێوبژیوانی لقی 40ی دادگای باڵای وڵات، پێداچوونەوەی بۆ کراو و بە مەبەستی گۆڕان، واژۆ کرا. لە کۆتاییدا لقی 13ی دادگای پێداچوونەوەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە ڕێکەوتی 8/8/1396، بە پێی مادەی 18ی یاسای سزای ئیسلامی، 3 ساڵ زیندانییەکەی بە ئەژماری ماوەی زیندانییە کاتییەکەیەوە، بە بڕاوەیی کرا بە 18 مانگ، کە لە لایەن پارێزەرەکەیەوە پێی ڕاگەیێندرا.
شایانی باسه کە ئەو مامۆستای قوتابخانەیە لە ڕێکەوتی 8ی ڕێبەندانی ساڵی 1393ی هەتاوی دەستبەسەر دەکرێ و لە ڕێکەوتی 5ی ڕەشەمە، پاش مانگێک بەندکردن، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایی ئازاد کرا.
پێشتر پارێزەری بەختیار عارفی، بەرهەڵستی حوکمەکەی کردبوو، هەر بۆیە پەروەندەکە بەرێ دادگای پێداچوونەوە کرا.
پێگەی هەواڵنێری ئیسلاح وێب هیوادارە ئەو مامۆستا دڵسۆزە کە لە چەندها ساڵ خزمەتی ڕاستگۆیانەی لە کارنامەی ژیانیدا تۆمار کردووە، بە زووترین کات لە گرتووخانە بێتە دەرێ و لە ڕێگای خزمەت بە خەڵک لەسەر بنەمای ئیسلامێکی مامناوەند و خوێندنەوەیەکی خودایی لە دین، لە پێناو ڕاهێنان و پەروەردەکرنی نەوەکانی ئەو خاک و ئاوە بەردەوام و پێداگر بێت.
وما ذلک علی الله بعزیز
بۆچوونهکان