نالیناسی بوارێکی ڕوو لەگەشەی توێژینەوەی ئەدەبی کوردییه که بناغەکەی له لایەن زانایانێکی وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد و مامۆستا مەلا کەریمی مودەریس دانراوە. نالیناسی نەک هەر دەروازەیەکە بۆ ناسینی شیعری نالی، بەڵکوو دەروویەکیشه بۆ ناسینی شیکارانەی هەرێمێکی هەراو له پانتای ئەدەبی کوردی کە بە درێژایی نزیکی دوو سەدە جوغرافیایەکی بەربڵاوی له بابان و سۆران و گەرمیان و ئەردەڵان و موکریان بۆخۆی تەرخان کردووە.
نالی له دەورانێکی هەستیار له ژیانی سیاسی و کەلتووری نەتەوەی کورددا سەری هەڵدا. نیوەی یەکەمی تەمەنی نالی له دەورانی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکاندا تێپەڕ بوو، بەڵام نیوەی دووەمی تەمەنی هاوکات بوو لەگەڵ ڕووخانی یەک لهدوای یەکی ئەم ئەمارەتە کوردییانە. ئەم دۆخە مرۆڤی تێگەیشتوو و خوێندەواری سەردەمی خۆی تووشی تێڕامانێکی قووڵ کرد. له لایەکی دیکەوە سەردەمی نالی سەردەمی ئاشنا بوونی ورده وردەی مرۆڤی کورد لەگەڵ دەرکەوتەکانی مۆدێرنیتە بوو. لەم دۆخەدا کەسێکی هەڵکەوتەی وەک نالی زۆر باش گرینگایەتی بەرهەم هێنانی ئەدەبێکی بەربڵاو و دەوڵەمەند و به پرێستیژی وەکوو یەکێک له هۆکاره سەرەکییەکانی نەتەوەسازی فام کردبوو. هەیمەنەی پەیڤی نالی هەتا سەد و پەنجا ساڵ دوای کۆچی دواییشی بەشێکی گەوره له کوردستانی گرتەوە.
نالیناسی هەرێمێکی توێژینەوەی ئەدەبییە کە لە لایەکەوە هاوسێی زانستە کلاسیکە ئایینییەکانە و لە لایەکی دیکەشەوە جیرانی بواری کوردناسییه و هەروەها پێوەندی پتەوی لەگەڵ لکە جۆراوجۆرەکانی زانستی کلاسیکی بەلاغه و تیۆرییه مۆدێڕنەکانی ڕەخنەی ئەدەبی هەیه.
کتێبی “ئافاقی شیعری نالی” له نووسینی دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزاده، تازەترین هەوڵی زانستی له بواری نالیناسیدایه. نووسەر له بەشێک له پێشەکییەکەیدا دەنووسێ:
“ئەو باسوخواسانەی له دووتوێی ئەم کتێبەدا ورووژاون ڕەنگە زیاتر له پازده ساڵ مێشکی نووسەریان بەخۆیانەوە خەریک کردبێ. هەر جارەی ویستوومه بیاننووسمەوە، دەنگێکی پەنامەکی بە گوێیدا چرپاندووم و گوتوویه دەبێ زیاتر لەگەڵ نالیدا بژی … لەو شوێنە مێژووییه کە نالی لێ ڕاوەستاوه هەم جیهانبینی نەریتی هێز و گوڕی تایبەت به خۆی هەبووه و هەم وردە وردە هەندێک بۆچوونی نوێ سەریان هەڵداوه. من له خوێندنەوەی خۆمدا هەوڵم داوه هەر دوو ئاڕاستە ڕەچاو بکەم”
کتێبی “ئافاقی شیعری نالی” له پێشەکییەک و ده بەش پێک هاتووه. بەشەکان ئەمانەن:
بەشی یەکەم: شکۆی زمان له شیعری نالیدا
بەشی دووەم: دابەزین له نەردیوانی وجوود ـ ئەوپەڕ شیعر له شیعری نالیدا
بەشی سێیەم: تێپەڕاندن له بووتیقای شیعریی باو ـ سیستمی ئیڕجاعی دووقات له شیعری نالیدا
بەشی چوارەم: خوێندنەوەی شیعری نالی به پێوەری چیرۆکی سیمبۆلیک
بەشی پێنجەم: واقیعی داستانی له شیعری نالیدا
بەشی شەشەم: ڕەگەزی مینیاتۆڕی له شێعری نالیدا
بەشی حەوتەم: “من”ه جیاوازەکانی شیعری نالی
بەشی هەشتەم: شیعری نالی، من ـ ی دوو کەرت و نەریتی ئەدەبی تاراوگە
بەشی نۆیەم: دوو چەقی ڕکەبەر و دوو ڕیتمی جیاواز له شیعری نالیدا
بەشی دەیەم: نالی سووژەیەکی ڕادیکاڵ له بەستێنی فۆڕم و زمان و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەوی دیدا
“ئافاقی شیعری نالی” یەکێک له تازەترین کارەکانی تیمی وەشانخانەی مادیاره کە له بەستێنی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی و خوێنەرانی هێژای کورد دەکرێ. بەو هیوایەی هەنگاوێکمان له پێناوی گەشەی باسخواسی زانستی و ئەدەبی له بواری ئەدەبی دەوڵەمەندی کوردی هەڵێنابێتەوە.
بۆچوونهکان