خوایەگیان! باش دەزانم كە هیچكەسێكی دیكە ناتوانێت ـ بەو چەشنەی كە خودی دەردەدارەكە دەیزانێ ـ دەردی دڵی دەردەارێك بۆ حەكیم و چارەسازێك باس بكات، هەركەس خۆی باشتر دەزانێ كە سكاڵا و نیاز و پێویستییەكانی چین و چۆن و بۆ كێ باسیان بكات، فارس گوتەنی: (كس نخارد پشت من***چون ناخن انگشت من) واتە: هیچ كەسێك ناتوانێت پشتم بەو چەشنە بخورێنێ كە پەنجەی دەستی خۆم دەیخورێنێ.
ڕەمەزان! ئەی مانگی نور! ئەی وەرزی گەشانەوەی ڕۆح و بووژانەوەی دەروون! خێرهاتیەوە ئەی مێوانە خۆشەویستو ئازیزەكە، خێرهاتیەوە ئەی مێوانە ئارامبەخشو پڕ خێرو فەڕو بەرەكەتەكە، خێرهاتیەوەو خێرت هانی ئەی مانگی ڕەونەقبەخشی نێو مانگەكان، بەخێرهاتیو عەیامێكە چاوەڕوانی هاتنەوەی ڕووی گەشو دەستی پڕو خەرمانی پڕ تفاقت دەكەین، بەخێرهاتیو لە پێشوازی قدومی خێرتدا بەرزەپێ ڕاوەستاوین، چاومان بڕیوەتە ئاسمانو بە دوای (هەڵاڵەی هیلال)تدا لە ئاستانەی هاتندا هەڵكورماوینو دەمو زارمان پڕ كردووە لە (هەلهەلەی) شادیو خۆشی بەخێرهاتنەوەت.
مانگی ڕەمەزان یەكێكە لە گرنگترینو باشترین ساتەكانی تەمەنو دەرفەتێكی زێڕینو ئێجگار گرانبەهای مرۆڤە باوەڕدارەكانە بەگشتیو ڕۆژووەوانەكان بەتایبەتی بۆ كۆكردنەوەی دەغڵو خەرمانی خێرو چاكەو هەوڵو هەنگاوەكانی خوا لەخۆڕازیكردن، كە دەكرێت زۆرترین سودو بەهرەی لێ وەربگیرێو بكرێتە وەرزی بەرەكەتداركردنی تەمەنو باڵاكردنی ڕۆحو بووژانەوەی دڵ.
کۆپی ڕایت 1401 پهیامی ئیسلاح. ھەموو مافێکی ئەم ماڵپەڕە، پارێزراوە. ئامادەکردن و پهرهپێدان لەلایەن شەریکەی بەرنامەنووسی رووپەل