ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوت و ئیسلاحی ئێران لەگەڵ جێگری ئیش و کاری ئێران لە « مجمع تقریب مذاهب اسلامی» دیدار و چاوپێکەوتنی کرد. مامۆستا عەبدلرحمان پیران، ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەتی ئیسلاحی ئێران، بەھۆی نزیکبوونەوەی کۆنفڕانسی یەکیەتی، ڕۆژی دووشەممە، 24ی سەرماوەز، لە بنکەی ناوەندی جەماعەت لەگەڵ حوجەتولئیسلام «علم الھدی» جێگری ئیش و کاری ئێران لە دانیشتنی تەقریبی مەزھەبە ئیسلامییەکان دیدار و گفتوگۆی کرد. دکتۆر پیرانی لە سەرەتای ئەم دیدارە، وێڕای میوانداری لە حوجەتولئیسلام «علم الھدی» جەختی لە سەر پێکەوەبوونی نەتەوەکان و مەزھەبە جیاوازەکان کرد. ھەروەھا وتی : کلتووری ئاسانگیری و دیترپەزێری وێڕای چالاکی کۆ و ڕێک و پێک، دەتوانێ ببێتە ھۆی گەشەکردنی کۆمه‌ڵگا . حوجەتولئیسلام «علم الھدی» وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی به‌ھۆی ئاماده‌بوون لە بنکەی ناوه‌ندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە قسەکانیدا تێکۆشان بۆ ھێنانە جێی «امت واحدە»ی ئیسلامی بە پێویست زانی و جەختی کردە سەر وەلانانی جیاوازی و ئیختیلافەکان و ئەوەی کە دەبێ یەکیەتی ئوممەتی ئیسلامی لە سەرووی ھەموو شتێکەوە بێت. ھەر دوو لا ناڕەحەتی خۆیان به‌ھۆی بەرگریگرتن لە نوێژی جەژنی قوربان لە ھەندێ لە مزگەوتەکانی تاران دەربڕی و ھیوای ئەوەیان خواست کە ئەم گرفتە بنەبڕ ببێت و لەمپەرەکانیش لاچن. لەم دیدارەدا، ھەندێ لە ئەندامانی بنکەی ناوەندی جەماعەت بەشداریان بوو و دکتۆر «نەخی» لە «مجمع تقریب مذاهب» ئیسلامی ھاوڕێیەتی حوجەتولئیسلام «علم الھدی»ی دەکرد.